تەندروستی

چۆن بزانین دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیمان هەیە؟

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2021-06-22

ئاساییە مرۆڤ لە هەندێک بارودۆخدا هەست بە دڵەڕاوکێ بکات. بۆ نموونە پێش چوونە ژوان یان پێشکەشکردنی سیمینارێک بۆ یەکەم جار ڕەنگە تووشی دۆخێکی سەیرت بکات و هەست بکەیت گەدەت دێشێ دەکات. بەڵام ناڕێکی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی حاڵەتێکی جیاوازە و کەسی تووشبوو تەنانەت بە بەرکەوتن و مامەڵەی ئاسایی رۆژانەش تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت.

ئەو کەسانەی ناڕێکی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە، زیاتر لە خەڵکانیتر ترس، قەلەقی و شەرمی بەردەوام کاریگەری دەکاتە سەر ، پەیوەندییەکانیان، ئاستییان لە قوتابخانە، کار و ڕۆتینەکانی ڕۆژانەیان. بۆیە ئەم کەسانە هەوڵدەدەن خۆیان لەو بارودۆخانە بە دوور بگرن کە تێیدا بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسانی تردا هەیە. واتا دۆخەکە قورسترە لە شەرم و قەلەقییەکی ئاسایی کە ڕەنگە لە هەندێک دۆخدا لە زۆرینەماندا هەبێت. دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و تێکەڵنەبوون لەگەڵ ئەوانی تردا، یەکێکە لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی.

نیشانەکانی ئەم ناڕێکییە بریتین لە:
. ترس لەو بارودۆخانەی کە ڕەنگە تێیدا ئەوانی تر بە چاوێکی نێگەتیڤ سەیرت بکەن.
. هەستکردن بە قەلەقییەکی زۆر، چونکە کەسەکە پێی وایە ڕەنگە کارێک بکات خۆی شەرمەزار بکات.
. ترسێکی زۆر لە تێکەڵاو بوون و قسەکردن لەگەڵ بێگانەدا.
. ترسی ئەوەی کەسانی تر هەستت پێبکەن کە لە دڵەڕاوکێدایت.
. ترس لە دەرکەوتنی نیشانە جەستەییەکان، وەک ئارەق کردنەوە، سووربوونەوە یان لەرزینی دەنگ.
. دوورکەوتنەوە لەو بارودۆخانەی کە کەسەکە تێیدا لە سەنتەردایە و چاوی هەمووانی لەسەرە.
. بوونی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا.
. پاش کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانیش، کەسەکە بیر لە ڕەفتارەکانی خۆی دەکاتەوە و بە وردی شییان دەکاتەوە.

هاوکات کۆمەڵێک نیشانەی جەستەییش هەن کە دەکرێت لەو کەسانەدا دەربکەوێت کە ناڕێکی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە:

. سووربوونەوە
. خێرا لێدانی دڵ
. ئارەق کردنەوە
. دڵ تێکهەڵاتن و ناڕەحەتی گەدە
. هەناسە سواربوون
. گرژبوونی ماسوولکەکان

نیشانەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی بەسەردا بێت. گەر کەسەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگاری و سترێسی زۆر ببێتەوە لە ژیانیدا، ڕەنگە نیشانەکانی بگۆڕێت. هاوکات دوورەپەرێزی و خۆپارێزی لە تێکەڵاوبوونی ئەوانی تر لە کورت مەودادا یارمەتی کەسەکە دەدات و نیشانەکانی تێدا دەرناکەوێت، بەڵام یار مەتی نادات بۆ باشتر بوونی دۆخی بە شێوەیەکی گشتی و لە دوور مەودادا نیشانەکانی دەمێنن.

ئەم حاڵەتە دەکرێت درێژخایەن بێت، بەڵام گرنگە ئەو کەسانەی ئەم نیشانانەیان هەیە سەردانی پزیشکی دەروونی یان چارەسەرکاری  دەروونی بکەن. چونکە چارەسەر بە قسەکردن و فێربوونی کۆمەڵێک ڕەفتار و شێوازی مامەڵەکردن یارمەتی کەسەکە دەدات باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخانەدا بکات و باشتر ببێت. 

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.