هەواڵ

دادوەرە سەرسەختەكەی ئێران، خۆی بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی ئامادە دەكات

Mic
2021-06-27

 هەڵبژاردنەکانی 2021ی ئێران لە بارودۆخێکی دارایی و کۆمەڵایەتیی خراپدا ئەنجامدرا، هۆکاری سەرەکی ئەمەش سزاکانی ئەمریکا بوو بۆسەر وڵاتەکە، لەلایەکی ترەوە  ڤایرۆسی کۆرۆنا کەشی هەڵبژاردنەکانی خراپترکرد.

ئێران ئەمجارە کورسی سەرۆکایەتی ڕادەستی ئیبراهیم رەئیسی دەکات، ئەو پیاوە ئاینییەی لە شاری مەشهەدەوە هاتووە و وەک دادوەرێك تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە، لەو پێناوەشدا پشتگیری تەواوی لیدەکرێت لەلایەن ڕابەر و سەرکردەکانی وڵاتەوە، ئەم ڕێچکەیەی رەئیسی گرتوویەتییەبەر کەوتووەتەبەر لێشاوی تووڕەبوونی واشنتۆن وچەندین سزای بەسەردا سەپاندووە.

کەواتە ئیبراهیم رەئیسی کێیە؟ پۆست و پلەکانی لە کاروباری ئێراندا چی بوون؟ چی وایکرد ئەمریکا سزای بەسەردا بسەپینێت و پۆستە نوێیەکەی ئامادەکارییە بۆ چ پۆستێکی باڵای تر؟

رەئیسی لەدایکبووی ساڵی 1960ی شاری مەشهەدە، بڕوانامەی دکتۆرای لە فیقهی ئیسلامی و یاسادا بەدەست ‌هێناوە، بەمەش لە کاروبارەکانی  دادگادا ڕۆچووە.

بازدانە گەورەكەی ڕەئیسی
هەروەها وەک جێگری گشتی شاری کەرەجی ڕۆژئاوای تاران دەستنیشان کراوە لە ساڵی 1980 دا، دواتر بوو بە داواکاریی گشتی ئەو شارە.، بازدانە گەورەکەی پێنج ساڵ پاش ئەوە بوو کاتێک پۆستی جێگری داواکاریی گشتی گرتە ئەستۆ لە تارانی پایتەخت، بەمەش توانی متمانەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵا خومەینی بەدەست بێنێت؛ هەربۆیە کێشە دادگاییەکانی لوڕستان، کرماشان، و سەمنانی ڕادەست کرد، لەگەڵ چەندین دۆسییەی دادگایی گرنگی دەوڵەتدا.  

رەئیسی پاش ئەوەی متمانەی زیاتر بەدەست ‌دێنێت لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتەوە، پۆستی داواکاریی گشتی تارانی پێ ڕادەسپێردرێت لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 1994، پاشانیش وەک داواکاریی گشتیی تەواوی ئێران دەستنیشان دەکرێت لە ساڵی 2014 دا.

لە ئەندامی لیژنەی مردنەوە بۆ سەرۆكی ئێران


 رەئیسی یەکێک بووە لەو چوار دادوەرەی لە ساڵی 1988 دا ئەندام بوون لەو دەستەیەی بە "لیژنەی مردن" ناودەبرا، کە چارەنووسی هەزاران بەندکراویان دیاری دەکرد و بە بڕیاری ئەوان لەسێدارە دەدران لە پاش کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکردنیان. تا ئێستاش پرۆسەی ئەو لەسێدارەدانانە لە پڕ نهێنیترین ڕووداوەکان هەژمار دەکرێت لە مێژووی ئێراندا پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هەرگیز لێکۆڵێنەوەی فەرمییان لەسەر نەکراوە.

هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئێران پێیان وایە رەئیسی کە بەم دواییانە پێی نایە 61 ساڵی تەمەنی، ئامادە دەکرێت بۆ جیگرتنەوەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، کە 83 ساڵ تەمەنیەتی و لە ساڵی 1989وە ئەو پۆستەی هەیە.

ئەو سیاسەتمەدارانە پێیانوایە پۆستی سەرۆکایەتی یەکەم هەنگاوە بۆ ئەو جۆرە ئامادەکارییە، وەک ئاشکرایە رەئیسی لە بازنەی متمانەی خامنەییدایە و یەکێک بووە لە خوێندکارەکانی، هەروەک بیرۆکە و بۆچوونەکانیان زۆر لە یەک نزیکن.

ئەگەرچی کارکردنی رەئیسی لە کاروبارە دادگاییەکانی ئێراندا جێی رەزامەندی بووە لەلایەن دامەزراوەی ئاینیی وڵاتەوە، بەڵام ئەمە لە بازنەی تۆمەتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا  دایناوە، بەو پێیەی خامنەیی لە ساڵی 2019وە وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادگایی دەستنیشانی کردووە ، بەو هۆیەشەوە ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەردا سەپاندووە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجامی داون، کە لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵانی هەشتاکاندا و کپکردنی ناڕەزایەتیەکان و پێکدادانەکانی ساڵی 2009 لەخۆدەگرێت.  بە پێی وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ئەمانە چەند ڕووداوێکن رەئیسی رۆڵی گەورەی تیایاندا هەبووە.

زۆرێک لە رەخنەگران دەڵێن رەئیسی دەبێتە هۆی وروژاندنی دڵەڕاوکێی واشنتۆن و ئێرانییەکان لە هەمان کاتدا، بەو پێیەی یەکێکە لە "سەرسەخترین دادوەرەکانی وڵات" و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندین سەرپێچی لەو بوارەدا.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.