نەبوونی دەرفەتی کار و دامەزراندن یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەهەرێمی كوردستان، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار بە هیوای دامەزراندن و دەستکەوتنی کارەوە خوێندن تەواو دەکەن.
بە گشتی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە سێ ڕێگەوە ڕوو لە بازاڕی کاردەکەن:
ڕێگای یەکەم: دامەزراندن لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە
دەرچووان لە ڕێگەی ناردنی سیڤی و بەکارهێنانی پەیوەندییە کەسییەکانیان دەتوانن دەرفەتی کار بدۆزنەوە و لە کەرتی تایبەت کار بکەن، بەشێک لەم دەرچووانە کارێک ئەنجامدەدەن کە پەیوەندی بە پسپۆڕی و بڕوانامەکانیانەوە نیە.
ڕێگای دووەم: کاری ئازارد
بەشێکی تر لە دەرچووان بە سوود بینین لە پسپۆڕی و شارەزایی خۆیان کاری ئازاد ئەنجام دەدەن و کەمتر بیر لە دامەزراندن لە کەرتی تایبەت یان گشتی دەکەنەوە.
ڕێگای سێیەم: دامەزراندن لە ڕێگای کەرتی گشتییەوە
ئەم بەشەی دەرچووان ،کە دەتوانرێت بوترێت زۆرینەی ژمارەی دەرچووان پێکدێنن، دەیانەوێت لە کەرتی گشتیدا و بە پێی پسپۆڕی و لێهاتووییان لە دام و دەزگاکانی حوکمەتدا خزمەت بکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا، هیچ کام لەم ڕێگایانەی سەرەوە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی باش پێویستی دەرچووان بۆ دەستکەوتنی دەرفەتی کار پڕ بکاتەوە.
کەرتی تایبەت لە ئاستی پێویستدا نیە و زۆرینەی هەلی کارەکان لەسەر بنەمای پەیوەندییە کەسییەکان پڕدەکرێنەوە نەوەک پسپۆڕی، هەروەها هاوسەنگی لە نێوان ئەرک و مافەکانی کارمەندا نیە.
زانکۆ و پەیمانگاکانیش نەیانتوانیوە وەک پێویست ببنە ژینگەیەکی لەبار بۆ پێگەیاندنی کادرێک کە بتوانێت ببێتە خاوەن کار و پیشەی ئازاد.
هەر بۆیە زۆرینەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان چاوییان لە کەرتی گشتییە و چاوەڕوانی دامەزراندن دەکەن.
نزیکەی ٨ ساڵە بە بیانووی خراپی دۆخی ئابوری، پرۆسەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستاندا ڕاگیراوە و ساڵانە ژمارەی دەرچووە دانەمەزراوەکانیش ڕوو لە زیادبوونە.
بۆ دەستکەوتنی ئاماری فەرمی ژمارەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، مایک پەیوەندیکرد بە هەر یەک لە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی کوردستان و چەند ئەندامێکی ئەو لیژنەیە.
بەڵام سەرجەمیان بێ ئاگایی خۆیان لەو ئامارە ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە وەزارەتەکان هەماهەنگی پەرلەمانتاران ناکەن لە پێدانی داتا و ژمارەکان.
بە پێی ئامار و داتا نافەرمییەکان لە 15 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (420,000) خویندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەرچوون و لەو ڕێژەیەش تەنها نزیکەی (60,000) لە کەرتی گشتیدا دامەزراون.
لە ئێستادا ژمارەی دەرچووانی دانەمەزراو نزیکەی (360,000) دەرچووە. ساڵانەش نزیکەی (40,000) خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان خوێندن تەواو دەکەن و چاوەڕێی دامەزراندن و دەرفەتی کارکردن دەکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا خوێندکارە یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پرۆسەیەکی تایبەتی دامەزراندندا جیاواز لە دەرچووانی تر دادەمەزرێنراون، ماوەی چوار ساڵە ئەو جۆرە دامەزراندنەش ڕاگیراوە و لە ئێستادا زیاتر لە 1500 دەرچووی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان چاوەڕوانی دامەزراندنن، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر بۆشایی لە دامودەزگاکاندا، حوکمەتی هەرێم ماوەی هەشت ساڵە دەرگای دامەزراندنی داخستووە و لە ئێستادا هیچ پلانێک نیە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.
وەستانی پرۆسەی دامەزراندن، بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری گەنجان و دروستبوونی بۆشایی میلاکات لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.
بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و دامەزراندنەوە، بەشێک لە دەرچووان وەک خۆبەخش یان وەک وانەبێژ لە خوێندنگە و دامودەزگاکاندا کاردەکەن و بەهیوای ئەوەن لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دامەزراندندا هەلی دامەزراندنیان هەبێت.
زیاتر لە 17 هەزار دەرچووی دانەمەزراو وەک وانەبێژ لە کەرتی پەروەردەدا کاردەکەن و خۆبەخشانی کەرتی تەندروستیش ژمارەیان نزیکەی4 هەزار کەسە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی میلاکاتی پێویست لەو دوو کەرتەدا.
لە ڕابردوودا، دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حوکمەتی عێراقەوە ئەو پاساوانەبوون کە حوکمەتی هەرێم دەیکردنە هۆکاری ڕاگرتنی پرۆسەی دامەزراندن، بەڵام لە دوای دوبارە ڕێکەوتنەوەی هەولێر و بەغداد و باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم، دەرچووانی دانەمەزراو چاوەڕێدەکەن پرۆسەی دامەزراندن دەستپێبکاتەوە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.