"بە هەڵە و کەمتەرخەرمی و نەزانی دکتۆرەکان، چرایەکی گەورەی ئومێدی ژیانمانیان کوژاندەوە"، قوربانییەکی دەستی هەڵەی پزیشکی وا دەڵێت کاتێك کەمتەرخەمی چەند پزیشکێک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوسەرەکەی.
قوربانییەکە، کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باس لەوە دەکات بەهۆی لێدانی دەرزییەک لە نەخۆشخانە هاوسەرەکەی گیانی لەدەستداوە لەکاتێکدا پزیشکەکان ویستوویانە چارەسەری پێ بدەن لەبەر هەبوونی بەردی گورچیلە.
هەڵەکە بووە هۆی تێکدانی مانگی هەنگوینی لە قوربانییەکە کە تەنها سێ رۆژ بوو هاوسەرگیرییان کردبوو.
"لە سلێمانی چووینە لای پزیشکێکی پسپۆری گورچیلە، وتی هیچ نییە... دوو بەردی گورچیلەی هەیە... هەروا بە پێکەنینەوە دوو دەرزی بۆ نوسیم وتی لە لاکۆڵان لێی بدە"، قوربانییەکە وا دەڵێت.
ساڵانە لەهەرێمی کوردستان، سەدان کەس دەبنە قوربانی هەڵەی پزیشکەکان، کە زۆربەی جار کەیسەکان ناچنە دادگاکان و نەخۆش ناچارە دەستبەرداری مافی خۆی بێت.
هەڵەى پزیشکى واتا کەمتەرخەمى پزیشک لە کاتى چارەسەر کردنى نەخۆشدا، وەک نەشتەرگەرى هەڵە، پێدانى دەرمان بە هەڵە، دەستنیشان کردنى جۆرى نەخۆشیەکە بە هەڵە، جێهێشتنى کەلوپەلى پزیشکى پاش نەشتەرگەرى لە جەستەى نەخۆشدا،شێواندنى جوانکارى و بێباکى لە چارەسەرى کوتوپڕ.
نەشمیل یاسین قوربانییەکی تری هەڵەی پزیشکییە کە لە زگماکەوە ناڕێکی لە دەموچاویدا هەیە و پزیشکەکان چەندین نەشتەرگەری جوانکارییان بە هەڵە بۆ کردووە.
"پزیشکەکە لەکاتێکدا تیشک (ئەشیعە)کانی پێشتری منی لابوو، دەیزانی کە شەویلگەی من ئێسك وەرناگرێت و دەتوێتەوە بەڵام بە هەمان ئازار و هەنگاو دووبارە ئێسکی بۆ دانامەوە و دووبارە ئەمیش توایەوە"، نەشمیل وا دەڵێت.
هەڵەى پزیشکى پرسێکى جیهانیە، بەڵام لەزۆربەی ووڵاتاندا، بەیاسا رێکخراوە، بە نمونە لە ووڵاتێکى وەکو ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ساڵانە 250هەزار کەس بە هەڵەى پزیشکى گیانلەدەست دەدەن.
هەرێمى کوردستانیش بە دەر نیە لە هەڵەى پزیشکى و بەپێی ئاماری سەندیکاى پزیشکان بەراورد بە زیاد بوونى جۆرى نەخۆشیەکان و بەرزبونەوەى ڕێژەى دانیشتوان هەڵە پزیشکیەکانیش زیادى کردووە.
لە دادگاکاندا بە پێى ماددەى 411 بڕگەى 1،2 لە یاساى سزادانى عێراقى مامەڵە لەگەڵ کەیسى هەڵەى پزیشکى دەکرێت. سزاى کەسى کەمتەرخەم بریتیە لە زیندانى کردن و پێبژاردن یان یەکێک لەو سزایە کە بەپێى جۆرى هەڵەکە سزاکە دیارى دەکرێت.
ئەگەرچى هەڵە پزیشکیەکان لە هەرێمى کوردستاندا زۆرن بەڵام کەمترین سکاڵا دەبرێتە دادگاکان هۆکارەکەشى بۆ دەستنەکەوتنى بەڵگەى پێویست لەلایەن نەخۆشەوە یان کاریگەرى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و ئاشتەواى کردن لە دەرەوەى دادگا یاخود پرسى سەروەر نەبوونى یاسایە.
ئەشواق نەجیب، پارێزەری راوێژکار، لەو بارەیەوە دەڵێت: هۆکاری ئەوەیە کە یاساکە هاوکار نییە.. قوربانییەکان هۆشیارییان نییە و نازانن کە دەبێ سکالا تۆمار بکەن لە حاڵەتێکی وەهادا.
دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری
بە قەزابوونی ناحەی قەرەتەپەی دەرکرد، لایەنە کوردییەکان بە توندی دژی بڕیارەکە
وەستاونەتەوە، جەختدەکەنەوە، بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکە و
هەروەها، بڕیارەکە پێچەوانەی مادەی 140ـى دەستورە.
ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەکۆی دەنگ، بڕیاری
بە قەزابوونی ناحیەی قەرەتەپەی پەسەندکرد، کە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو،
بەپێی بڕیارەکە، جگەلەوەی قەرەتەپە لە خانەقین دادەبڕێت، ناحیەکانی کۆکس و جەبارە
لە کفری دادەبڕێت و دەخرێنە سەر قەزا تازەکە.
بڕیارەکە نیگەرانی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتووەتەوە
و و پێیانوایە، بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکە و پێچەوانەی
مادەی 140ـى دەستورە.
بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکە، ئەمڕۆ سەرجەم لایەنە
کوردییەکان لە خانەقین کۆدەبنەوە، بە وتەی شێرکۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی
لە خانەقین لە کۆبونەوەکەدا، بڕیارێکی بەکۆمەڵ دەدەن بۆ رەتکردنەوەی ئەو ستەمەی لە
کورد دەکرێت .
لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین وتیشی: پێشێلکارییەکە
مەترسییە لەسەر هەموو کوردستان و ئایندەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی
هەرێمی کوردستان.
ئەوس مەهداوی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای
دیالە رایگەیاند، ناحیەی قەرەتەپە هێشتا تایبەتمەندیی بەقەزابوونی تێدانییە، ژمارەی
دانیشتووانەکەشی لە 400 هەزار تێپەڕ ناکات، تاوەکو بێتە قەزا، بەڵام وەزیری
پلاندانان، وەک کارێکی سیاسی ئەوەی کردووە، چونکە ئەوەی ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەکەیە
لە رووی سیاسییەوە سەر بە ئەوە، ئەو کارەش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت.