بیروباوەڕە جیاوازەکەیان و هەڵکەوتەی جوگرافییای شوێنی نیشتەجێبونیان، وایکردوە کە بە درێژایی 600 ساڵ، بکەونە بەردەم پەلاماری گرووپ و ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی دیکەوە.
رەنگە کەس وەک ئێزدییەکان، لەکوردستانی عێراقدا چەوسێنراو نەبن، بەجۆرێک کە لەیەک کاتدا لەڕووی مەزهەبی، نەتەوەییوە رووبەڕووی چەوساندنەوە و پەلاماردان دەبنەوە.
حاڵی حازر ئێزدییەکان لەشنگال، لەدۆخێکدان کە کەس خۆزگەیان پێنەخوازێت، لەسەر زەمین خاوەنی شارێکی وێران و لە ئاسمانیشەوە لەژێر رەحمەتی بۆردوومانی سوپای تورکیان.
ڕۆژى 16/8/2021 لە شەقامی بازاڕی کۆنی شەنگال، ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیاوە کرایە ئامانج، لەو هێرشەدا فەرماندەیەکى یەبەشە و شەڕڤانێک کوژران، هەروەها سێ هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون، ڕۆژێک دواتر سوپاى تورکیا بە فڕۆکە سێ جار بۆردوومانی نەخۆشخانەیەکیان لە گوندی سکێن-ی شەنگالی کرد، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لە دەستداوەو 10 کەسی تریش برینداربوون کە ژمارەیەک مەدەنییان لە نێودایە.
ڕۆژانە گوێبیستى ئەم هەواڵانە دەبین لەسەر شنگال، بەڵکو زیاتر لە 600 ساڵە ئەم شارە ڕووبەڕووى هێرش دەبێتەوە، تائێستاش کەس نەیتوانیوە ئەو هێرشانە ڕابگرێت، ڕەنگە ئەمە چارەنوسى ئێزدیەکان بێت کە هەموو هێزەکان دەستیان بە ئازاردانى ئەو شارە ڕاهاتبێت.
بەوتەى مەحما خەلیل قایمقامى شنگال، چەندین هێز لەناو ئەو شارەدا هەن، هەرئەمەش وایکردووە نائارامى لەو شارەدا بەردەوام بێت، جگە لەوەى دۆخێکى وا نەهاتووەتە ئاراوە کە ئاوارەکان بۆ شارەکەى خۆیان بگەڕێنەوە.
ئەو هێزانەى لە شنگالن هەموویان یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئارامى شارەکە تێکدەدەن، بەڵام لە واقیعدا هەموو هێزەکان لەلایەن خەڵکى ئێزدى و شارەکەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ڕەچاوى ئازارى ئێزدیەکان ناکەن و وەک پێویست خزمەتى شارەکە ناکەن، تا ئەو ئازارانەى هەیانە سارێژى بکەن.
بیۆگرافیاى شنگال
شنگال یان شەنگال یان شەنگار یان شنگار (بە عەرەبی: سنجار) شارێکە لە پارێزگای مووسڵ، لەعێراق و کورد بەبەشێک لە باشوورى کوردستان لەقەڵەمى دەدەن، شەنگال دەکەوێتە ئەوپەڕی خۆرئاوای باشوورى کوردستان، 120 کلم لە شاری مووسڵەوە دوورە و دەکەوێتە خۆرئاوایەوە.
مێژووی شەنگال
مێژووی شەنگال دوور و درێژە و بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی 1075 زاینیدا ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 30 هەزار کەس بوونە و هەروەها لە ساڵی 1394 زاینیدا ژمارەی خانووەکانی زیاتر لە 35 هەزار خانوو بووەو کاتێک تەیموری لەنگ داگیری کردووە هەر 35 هەزار خانووەکەی رووخاندووە.
پاش ئەوەی لە ساڵی 1516 لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیرکراوە و وەک شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، شنگال بووەتە مەیدانی ململانێی نێوان عوسمانیەکان و سەفەویەکان، بۆیە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بەتایبەت لە ساڵی 1947 دا 600 ماڵ بووە کە بەسەر شەش گەڕەکە سەرەکیەکەیدا دابەشبووە کە بریتی بوون لە سەرا و بورج و کەلاهی و بەرسەهی و بەربەروش، لەو ماوەیەدا، بازاڕێکی گشتی و دوو خان و مزگەوتێکی گەورە و دوو کەنیسە و فەرمانگەیەکی حکومی و شارەوانیەکی تێدا بووە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 2513 کەس بووە.
لە نێوان ساڵانی 1947 تا 1980دا، چەند گۆڕانێکی بنەڕەتی بە سەر بونیادی شنگال دا هاتووە و تەعریب کراوە. یەکەمین هەنگاویش لەو چوارچێوەیەدا نراوە بریتی بووە لە تەملیککردنی23 هەزار و 355 دۆنم زەوی لە ڕۆژهەڵاتی شنگال بۆ ئەو هۆزە عەرەبانەی کە لە دەرەوەی قەزاکە و پارێزگای نەینەواوە هێنرابوون .
هەروەها لە ڕۆژئاواشەوە دەسەڵاتدارانی سیاسی دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە ٦٠ هەزار دۆنم زەویی کوردە ئێزدیەکانی هۆزەکانی قەیران و فەقرادا،لە باکوری شارەکەشەوە کە ناحیەی (سنونێ)ی لێیە لە لایەن هۆزە عەرەبەکانەوە دەست گیراوە بەسەر دەیان هەزار دۆنم زەویدا.
بەگوێرەی ئاماری ساڵی 1957، ژمارەی دانیشتوانی شنگال بووەتە سێ هەزار و 204 کەس و ژمارەی خانووەکانیشی 765 خانوو بووە، بەڵام دوای شۆِرشی 1958 و ئەو گۆڕانکاریانەى کە بەسەر سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا هاتن و گوندنشینەکان روویان لە شارەکان کرد ئەنجامەکەى لە ئاماری ساڵی 1965ەوە دەرکەوت کە ژمارەی دانیشتوانەکەی بۆ چوار هەزار و 402 کەس زیادیکردووە، لە ساڵی 1970 پڕۆسەی عەرەباندن (تعریب) لە ناوەندی شاری شنگال سەرەتا بەنهێنی دەستی پێکردووە، دواتر بە تایبەتی دوای نسکۆکەی 1975 ئەو پڕۆسەیە زەقتر ئەنجام دەدرا و زۆربەی زۆری گەڕەکەکانی کاول کرا و خەڵکەکەی ناچار کران لە ئۆردوگای زۆرەملێدا نیشتەجێ ببن، لە ساڵی 1977دا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی روویان کردە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و ئەوەشی مایەوە ناچار کران ناسنامەی نەژادی (نەتەوەیی)ی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەرنەکرێن و موڵک و ماڵیان لێ زەوت نەکرێت.
جگە لەمەش زیاتر لە 150 گوندی دەوروبەری شارەکە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوە سوتێنران و وێران کران، لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2002 گەڕەکە کۆنەکانی شارەکەش سووتێندران و وێران کران و چەند ناوچە و گەڕەکێکی نوێیان دروستکرد بۆ عەرەبەکان و ناسنامەی شارەکەیان گۆڕی، بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی عەرەباندان هاتنە دی، ژمارەی دانیشتوانەکەی روو لە زیادبوون کرد، بۆ نمونە بە گوێرەی ئاماری ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانی ئەو قەزایە گەیشتە هەشت هەزار و 260 خێزان و لە ساڵی 1997 گەیشتۆتە 14 هەزار و 608 خێزان و ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2002شدا گەیشتووەتە 113 هەزار و 159 کەس، ساڵ بەساڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی شنگال ئەوە دەردەخات کە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بەئارەزووی خۆیان دەستکاریی دیمۆگرافیای ئەو شارەیان کردووە و چۆنیان ویستووە گۆڕانکارییان تێدا کردووە.
شاخی شنگال گرنگیەکی زۆری بۆ شارەکە هەیە ئەم شاخە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی شارەکە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی سوریا و بەتایبەت دەکەوێتە نیوان شاری حەسەکە لە سوریاو پارێزگای نەینەوا لە عێراق، بەرزی ئەم شاخە بەنزیکەی 1400 مەترە .
ناوی شنگال لە چیەوە هاتووە؟
بەشێک لە سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوە دەکەن ناوی شنگال لە دوو بەش پێک هاتووە (شەنگ) واتە جوان، (ال) واتە بەش، کۆی ناوی شارەکە (شەنگال) واتە بەش یاخود ناوچەیەکی جوان ، وەک ئاماژەیەک بۆ سروشت و جوانی شاری شەنگال و چیای شەنگال.
3 ی ئاب کۆمەڵکوژیی گەورە
لەو ڕۆژەدا چارەنووسی هەزاران خانەوادەی ئێزدی درایە دەست قەدەرێکی نادیار و وەک نێچیرێک خرایە بەردەم دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستیی.
ئێزدییەکان لە دوو ناوچەی سەرەکیی لە عێراق نیشتەجێن ئەوانیش شارۆچکەی شێخان لە باکووری موسڵ و شارۆچکەی شەنگال لە سنووری عێراق و سوریا و ژمارەیان لە نێوان 500 تا 700 هەزار کەسدایە.
ئێزدییەکان بە بەردەوامیی ڕووبەڕووی ستەم و کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان 73 جار ڕوبەڕووی هەڵمەتی پاکتاوکردن و لەناوبردن بوونەتەوە، کە خۆیان بە فەرمان ناوی دەبەن.
دواهەمین فەرمان، ئەو هێرشەبوو، کە داعش ساڵی 2014 کردیە سەر شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، هەزاران ژنی ئێیدی کران بە کەنیزەک و بەرەو موسڵ و سوریا بران و دانیشتوانەکەی ئاوارەی پارێزگاکانی هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان بوون.
هێرشەکەی داعش هێندە لەناکاوبوو، ئێزدییەکان نەیانتوانی هەموویان بچنە دەرەوەی شارۆچکەکە و بەشێکی کەمیان کە چەکیان پێبوو بەرگرییان کردوو بەشێکیشان بە دیل گیران و نزیکەی 400 هەزار کەسیان بەرەو چیای شنگال ڕۆشتن.
لەو ڕۆژەدا ئەگەر بەرگری بەشێک لە هێزەکانى پەکەکە و شەڕڤانانى ڕۆژئاوا و هێزەکانى پێشمەرگە نەبوایە، دوور نەبوو ئەو 400 هەزار ئێزدییەی ڕوویان لە چیای شەنگال کردبوو کۆمەڵکوژ بکرانایە و چیاکە بە خوێنی ئێزدییەکان سور بکرایە.
دواى هەشت ڕۆژ شەڕکردن توانرا ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی ئێزدییەکان لە چیای شەنگالەوە تا ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکەن.
لەو شەڕانەشدا بۆ بەرگریکردن لە ئێزدیەکان 363 گەریلا و شەڕڤان کوژران، بەپێی ئامارى ڕێکخراوە پەیوەندیدارە عێراقییەکانیش لە 80 شوێندا خەڵک کۆمەڵکوژ کران و تەنیا لە چەند ڕۆژێکدا دوو هەزار 293 کەس کۆمەڵکوژ کراون.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، شەش هەزار و 373 کەس ڕفێندراون، کە سێ هەزار و 504 ژن و دوو هەزار و 869 پیاو بوون و 220 کەس بێسەرو شوێنن.
تا ئێستا چارەنووسی دوو هەزار 880 کەس، کەهەزار و 304 کەسیان ڕەگەزی مێ و هەزار 576 کەسی ڕەگەزی نێر لە ڕفێندراوەکان نادیارە.
ئەو منداڵانەی بێ باوک بوون هەزار و 759 کەسن و ئەوانەی بێ دایک بوون 407 کەسن، ئەوانەی بێ دایک و باوک بوون دوو هەزار و 745 منداڵن، هەروەها 310 هەزار ئێزدی لە شوێن و زێدی خۆیان ئاوارە بوون و 100 هەزار کەسیان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە، هاوکات دوو هەزار و 745 منداڵیش بوونە بە قوربانیی ئەو تاوانە دڕندانەیە.
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2020 هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی «ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال» رێککەوتنێکیان واژۆکرد، ئامانج لەڕێککەوتنەکە کشانەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بوو لەشنگال و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گێڕانەوەی ئاوارەکان بوو بۆ قەزاکە، بەڵام تائێستا نە دۆخى شنگال ئاسایى کراوەتەوە نە زۆرینەى ئاوارەکانیش گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان و ڕێککەوتنەکەش جێبەجێ نەکراوە.
هۆکارى جێبەجێ نەکردنى ڕێککەوتنى شنگال بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەم لەناوخۆى عێراق ململانێى توند لەسەر پێگە و ناوچەى شنگال هەیە، بەهۆى گرنگییە ستراتیژییەکەى، بەتایبەت هێزە کوردیەکان بەتایبەت تریش پارتى و پەکەکە، پەکەکە پارتى بە جێهێشتنى شنگال بۆ داعش تۆمەتبار دەکات، پارتیش پەکەکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە بیانوو دەداتە دەست تورکیا تا هێرش بکاتە سەر ئەو شارە، ئەوەش لەکاتێکدایە تورکیا چەند جارێک بە ئاشکرا هەڕەشەى هێرشى زەمینى جگە لە هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکان بۆسەر ئەو شارە کردووە.
ئەنجامى ململانێکان هەرچییەک بێت، خەڵکى شنگال ئێستا لە دۆخێکدان متمانەیان بە زۆربەى هێزەکان نەماوە، ئەوان بەدواى مەرهەمێکدا وێڵن کە سارێژى برینەکانیان بکات، لایەنە سیاسیەکانیش بەدواى دەنگ و ئینتیماى خەڵکى شارەکەدا وێڵن و زۆرجار لەکاتى بانگەشەدا ئەو شارەیان بیردەکەوێتەوە.
لە
قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی
- MIC
ژیلان
محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی
دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان
لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی
پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام
پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری
ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت،
بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی
بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی
روویداوە.
هێشتا
بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە
ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی
زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد
هەبوون.
تائێستا
نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا
بووە.
ساڵانە
لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن،
ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە
لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی
وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران
بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی
خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.