هەواڵ

بەڵێنە گەورەکە… قوباد تاڵەبانی دەتوانێت جێبەجێی بکات؟

Mic
2021-10-23

هيشتا قوباد تاڵەبانی کۆتایی بە وتارەکەی نەهێنابوو کە وەک بەشێک لە بانگەشەی حزبەکەی لەبارەی ئازادی رادەربڕین لەسلێمانی پيشکەشی دەکرد، بە چەند سەد مەترێک لە دووری شوێنی وتارەکە، گروپيک چەکدار بە ئاشکرا هەڵیانکوتایە سەر ئەفسەرێکی پێشمەرگە و دوای لێدان و بریندارکردنی، فڕاندیان.


رووداوەکە و هاوشێوەکانی رۆژانی دوایی، بەتەواوی پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە کە قوباد تاڵەبانی، بۆ دوو هەڵبژاردنە، وەک درووشم هەڵیگرتوون، کە ئەوانیش "ئارامی و سەقامگیرییە."
یەک دوو رۆژێک دوای هەڵبژاردن، چەند رووداوێکی کوشتن، بریندارکردن، دەستگیرکردن لەسەر نوسینی ووتار و رادەربڕین، لەزۆنی ژێر حوکمڕانی یەکێتی روویاندا، کە بەتەواوەتی بانگەشەکانی قوباد تاڵەبانی، لەبارەی سەقامگیری و ئارامییەوە، بەتاڵکردنەوە.


کە دواینیان دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستانە، لەسەر نوسینی وتارێک لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەستگیرکرابوو.
ئەفسەرەکە رەخنەی لە قوباد تاڵەبانی گرتبوو بەوەی کە بەشێکی سەرەکی لە کەبوونەوەی دەنگی یەکێتی، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.


قوباد تاڵەبانی، سێ کابینەیە لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتدارە، بەتەواوەتی لە دووکابینەدا جێگری سەرۆکوەزیرانە، کە بەگوێرەی عورفی حوکمڕانی لە کوردستانی عێراق، دەکاتە سەرۆکی حکومەت لە ئیدارەی سلێمانی و زۆنی سەوزدا.

لەو ماوانەدا، دیارترین بەرپرسی باڵای حکومەتە، کە زۆرترین لێدوانی بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادی رۆژنامەوانی و بەڵێنی پاراستنی"ئارامی و سەقامگیری" داوە.


لە 10 مانگی رابردوودا، زنجیرەیەک رووداوی کوشتن، دەستگیرکردن،هەڵکوتانە سەر چەند کۆمپانیا و کارگەیەک، هەڵکوتانە سەر چەند دەزگایەکی میدیایی و بێکارکردنی دەیان رۆژنامەوان، لە زۆنی سەوزدا روویانداوە.

تائێستا بەشێکی زۆری بکەری ئەو رووداوانە، ئاشکرا نەکراون، وەک، کوشتنی کادیرەکەی حزبێکی رۆژهەڵات لەهوانە، تیرۆرکردنی بەرپرسی دەزگای شەهیدانی پەکەکە لەگەڕەکی چوارچرای سلێمانی و بریندارکردنی کادرێکی دیکەی پەکەکە لەسلێمانی.


دواین دوو ڕووداویش کە کوشتنی پاسەوانێک لە دەروازە سیتی و بریندارکردنی کرێکارێکی نانەوا لە رانیە، کە بکەرانی هەردوو رووداوەکە کوڕی دوو بەرپرسی یەکێتی ئەنجامیاندا، هێشتا هەردوو دۆسێکە یەکلایی نەکراونەتەوە و بکەرانیان رادەستی پۆلیس نەکراون.


یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسێیانە، بەپلەی یەکەم ئەرکی قوباد تاڵەبانییە کە وەک جێگری سەرۆکوەزیران چاودێریان بکات.
دوای رووداوەکانی 8 تەموزیش کە لەنێوان هاوسەرۆکانی یەکێتدا روویدا، دەسەڵاتەکانی مامی بچووک لەناو حزبدا باڵاتربوون، حاڵی حازر دەستکراوەترین بەرپرسی باڵای یەکێتییە کە بتوانێت لەیەککاتدا بڕیار دەربکات و جێبەجێشبکرێت.


بەر لەڕووداوەکانی 8 تەمووز، قوباد تاڵەبانی نیگەرانی ئەوەی پیشاندەدات کە لەسنوری ئیدارەی سلێمانی، رێگری دەکرێت لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی، بەڵام دوای 8 تەمووز، تاڕادەیەکی زۆر، دەستکراوەتر بوو.
ئەمەش وادەکات کە بەردەوام چاوەکان لەسەر قوباد تاڵەبانی بن، بۆ بەرگریکردن لەو درووشمانەی کە لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بەرزیاندەکاتەوە، کە سەقامگیری و ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانییە.


رەخنەیەکی دیکە کە لەقوباد تاڵەبانی دەگیرێت ئەوەیە کە لە دۆسێیەی گیراوانی باندیاندا، هیچ بۆچونيکی فەرمی خۆی وەک جێگری سەرۆکوەزیران دەرنەبڕیوە.

بەڵام لەکەمپینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا وەک سەرۆک لیست چەند جارێک ئاماژەی بە دۆسێیەکەداو بانگەشەی ئەوەیکرد رێگری دەکەن لە دووبارەبوونەوەی دۆخی بادینان لەسلێمانی.لەکاتێکدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانە و پارێزگای دهۆکیش یەکێکە لە پاريزگا سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان.


رێکخراوەکانی پشتیوانی کاری میدایی دەڵێن، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پاشەکشەی گەورە هەیە لەڕووی دەستگەیشتن بەزانیاری و ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانی. مەترسیدارترینان دەستگیرکردن و دادگایکردنی رۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنییە، بەگوێرەی یاسای تیرۆری تایبەت بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم کە راستەوخۆ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.


ساڵی رابردوو زیاتر لە 70 رۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی، لەچوارچێوەی ئەو یاساییەدا دەستگیرکران و دادگایشدەکرێن، پێنج لەوانە 6 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا، کە لەناویاندا هەردوو رۆژنامەوان، ئەیاز ئەکرەم و شێروان شێروانی هەن.
بەگوێرەی ئامارەکان، دۆسێیەکانی کوشتن و فڕاندن و هەڵکوتانەسەر، روویان لەبەرزبوونەوەکردوە، بێ ئەوەی بەشێکی زۆریان بکەرەکانیان ئاشکرابکرێن، کە زۆربەی جار لەلایەن گرووپە چەکدراییە حزبییەکان و بەرپرسە حزبییەکانەوە ئەنجامدەدرێن.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.