هەواڵ

مرۆڤ گۆڕ بۆ خۆی و زیندەوەرەکانی دیکەش هەڵدەکەنێت

Mic
2021-11-09

نوسینی: لوقمان حەوێز
جیهان لە دوێنێوە چاوی بڕیوەتە زۆربەی سەرۆکەکانی جیهان کە لە کۆبوونەوەدان لە شاری گلاسکۆ لە سکۆتلەندا، کۆنگرەکە تا بەرواری 2021/11/12 بەردەوام دەبێت، کۆبوونەوەکانیش لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکدایە بەناوی COP26 کە تیایدا سەرۆک و شاند و نوێنەرانی 197 ووڵات هەوڵی ڕێکەوتن دەدەن لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنامەی پاریس کە لە ساڵی 2015 مۆرکرا بۆ دانانی سنورێک بۆ دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە ئێستا بەڕێوەیە لەسەر هەسارەکەمان...

لەگەڵ ئەوەی ئەمە 26 هەمین کۆنگرەی لەم شێوەیەیە لەوەتەی ساڵی 1994 بەڵام ئەمە گرنگترینیانە، چونکە مرۆڤایەتی ئەوەندە کاتی بەدەستەوە نەماوە بۆ بەفیڕۆدان، ئەگەر هەر لە ئێستاوە دەست نەکرێت بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک هەنگاوی خێرا و گەورە ئەوا ژیانی زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەکەوێتە مەترسیەوە لەم چەند ساڵەی داهاتوو هەروەها چەند دەیەی داهاتوو، تا ئێستا لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی تێکڕای پلەکانی گەرما هەندێک پتر لە پلەیەکی سەدی بەرزبۆتەوە، لە ڕاستیدا تێکڕای بەرزبوونەوەکەش وردە وردە نزیک دەبێتەوە لە 1.5 پلەی سەدی تا ساڵی 2030 ئەگەر بەخێرایی کۆمەڵێک هەنگاو نەگیرێتە بەر، ئامانجی ڕێکەوتنامەی پاریس کە لە ساڵی 2015 مۆر کرا و تا ئێستا کارێکی وای لەسەر نەکراوە بۆ ئەوە مۆرکرا کە ئەو بەرزبوونەوەیە هەرگیز نەهێڵرێت لە 2 پلەی سەدی تێپەڕێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە 6 ساڵی ڕابردو هیچی وا ئەنجام نەدراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەگەر کار وا بڕوات تێکڕای بەرزبوونەوەکە تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە دەگاتە 3 پلەی سەدی، ئەوساکە کارەساتی زۆر گەورەتر ڕوودەدات، زۆربەی بەفری جەمسەرەکان دەتوێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شارە گەورەکانی کەنار زەریاکان وەکو شەنگەهای، میامی، نیوئۆرلیانز، ئەمستردام و سەدەها شاری تر نقومی ژێر ئاوی زەریا ببن...
تەشەنەکردن و توند بوونی زیاتری دیاردەی گۆڕانی کەش و هەواش دەبێتە هۆی توندبوونی دیاردەکانی کەش و هەوا بە گشتی، ئەمەش چەندەها ساڵە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت، بۆ نمونە بەهۆی کەمبوونی دابارین لە گەلێک پانتایی سەر ڕووی زەوی بیابانی نوێ دروست دەبن، شەپۆڵەکانی سەرما و گەرماش لە وەرزی هاوین و زستان توندترن و درێژترن، بەهۆی بارانی توند و بەخوڕ لافاوەکان لە گەلێک ناوچەی جیهان زۆر لە پێشتر زۆرتر بوون، هەموو ئەمانەش ئەگەر بەردەوام بن یان تەشەنە بکەن دەبنە هۆی کۆچکردنی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان لە ناوچەکانیان بۆ ناوچەی تر بەهۆی ووشکی یان لافاو، بەردەوام بوونی توندبوون لە دیاردەکانی کەش و هەوا دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و تێکشێوان لە بەرهەمهێنانی خۆراک، لەو نێوەندەشدا ئەگەری دروستبوونی قەیرانی گەورەتر دێتە ئاراوە وەکو سەرهەڵدانی شەڕی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی...

لەگەڵ ئەوەی پێویستە هەر بە هیوا بین بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکان و نیشانەکانی ئەم کۆنگرەیەش لە ئێستاوە وەکو مانگی چواردە دیارە و پێناچێت باش بێت، هەریەکە لە سەرۆکەکانی چین و ڕووسیا ئامادە نەبوون بێن بۆ کۆنگرەکە و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەم بابەتە چارەنوسسازە، ئەمەش‌ نیشانەیەکی خراپە چونکە بە تەنیا چین و ڕووسیا لە ئێستادا ساڵانە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی نزیکەی 35% ی ئەو گازانەی کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی دیاردەی گۆرانی کەش و هەوا...


هەر بۆ زانیاریش لە ئێستادا بە تەنیا 6 ووڵات لە جیهان کە بریتین لە چین و ئەمەریکا و ڕووسیا و هیندوستان و ژاپۆن و بەڕازیل لەگەڵ ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی پتر لە 80% ی هەموو ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە...

بەپێی ڕێکەوتنامەی پاریس دەبێت چی بکرێت..؟

بەپێ ئەم ڕێکەوتنامەیە دەبێت تا ساڵی 2030 تێکڕای ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی تەشەنەکردنی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا لە هەموو جیهان بکرێن بە نیوەی ئەو ڕێژەیەی کە لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێن، لەگەڵ ئەم هەنگاوەش پەرە بە سەرچاوەکانی نوێ بووەوەی وزە بدرێت وەکو وزەی خۆر، تا ئێستا هەموو لایەنەکان ڕیک نەکەوتوون چۆن ئەمە بکرێت، هەروەها هەنگاوی جیدی نەگیراوەتە بەر بۆ بەدیهێنانی ئەمە، هەر بە پێی ئەو ڕێکەوتنامەیە دوای گەیشتن بەو ئەنجامەی سەرەوە تا ساڵی 2030، ئیتر لەوێوە تا ساڵی 2050 دەبێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەو گازانە بگەیەنرێن بە ئاستێک پێی دەووترێت Net.Zero.Carbon.Emissions ئەمەش واتە تەنیا بڕێکی کەم بەرهەمبهێنرێت کە دار و درەخت و دارستانەکانی سەر زەوی ساڵانە بتوانن هەمووی بەکاربهێنن و هەڵبمژن...

زۆربەی هەرە زۆری پسپۆڕان و شارەزایانیش لە سەرانسەری جیهان گومانیان هەیە لەوەی سیاسەتمەداران بتوانن بگەن بەو ڕێکەوتنە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی کە ڕێگرن لەوە: 

یەکەم: جیاوازیەکان لە بۆچوونەکان و بوونی ڕکابەریە سیاسیەکان لە نێوان ووڵاتە زلهێزەکان ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی درێژخایەن و تۆکمە...

دووەم: ڕێگرێکی سەرەکی تر بریتیە لە کاریگەری و بەهێزی سەرمایەداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ووزە کە خۆیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و خەڵوزی بەردین دەبیننەوە، ئەو کۆمپانیایانە بەتایبەتی لە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان ساڵانە ملیارەها دۆلار دەبەخشن بە سیاسەتمەداران و پارتەکانیان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکان، زۆربەی ئەو سەرۆک ووڵاتانەی کە بەشداربوون لەو کۆنگرانە هەروەها گەلێک لە ئەندامانی شاندەکانیشیان چەندەها ساڵە بەردەوام لەژێر ئەو کاریگەریانەی سەرەوەدا بوون... 

لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی تۆکمە و گرنگ نەگیراوەتە بەر بۆ دانانی سنورێک بۆ دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە دەیەها ساڵە بەڕێوەیە، بە پێی ئەو داتایانەی ساڵانە کۆدەکرێنەوە وردە وردە ساڵ بە ساڵ ئەو دیاردەیە توندتریش دەبێتەوە، بەداخەوە پێدەچێت تاوەکو دۆخەکە زۆر خراپتر نەبێت باشتر نەبێت، بێ گومان تا ئەو کاتەش تێکڕای مرۆڤایەتی و گەلێک لە زیندەوەرانی سەر هەسارەکەمان باجی خۆ ویستی و گەمژەیی و بەرژەوەندخوازی سیاسەتمەداران و سەرمایەداران دەدەن...

More News

Most Popular

Project

رۆژهەڵاتی کوردستان ٢٠٢١ بە چەرمەسەری بەڕێکرد

Mic
2022-01-13

ئایا کۆمەڵگای جیهانی زیاتر تێشکیان خستۆتە سەر مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ یان مەسەلەی ناوکی ئێران؟
داخوا کاردانەوەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی چۆن بووە؟

ئایا دەکرێت پێشی لە سێدارەدانەکان لە ئێراندا کەم بکرێنەوە و بە گشتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ٢٠٢١ دا لە بەراورد لە گەڵ ساڵی پێشتر گۆڕانی بەسەرداهات؟
دەنگی ئەمەریکا لە گەڵ سێ چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، ژیلا موستەئجێر، لە دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ – هەنگاو، ئەوین موستەفازادە، بەرپرسی ناوەندی ئامار لە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ – کوردپا و یونس بلوری، گوتەبێژی ماڵپەڕی "نەمران" وتووێژی کردووە کە پۆختەیەکی لە ئەم بابەتەدا ئاماژەی پێدەکرێت.

کومیسیونی بەرزی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی خۆی لە ٢٥ی مانگی ٦ی ٢٠٢١ دا بە توندی ڕەخنەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران گرت کە "بە شێویەکی بەربلاو سزای مەرگ بە کاردێنێت هەروەها گرتنی هەڕەمەکی بۆ سەر کۆمەڵێک لە کردارەکان دەسەپێنێت کە بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەی وەک هەرە تاوانی جیدی سەیریان ناکردرێت."

ئەوین موستەفازادە پشتڕاستی دەکات کە دۆخی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی لە ٢٠٢١ لە ئێراندا پەرەی سەند. هەروەها "کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی زۆر سەرەڕۆیانەتر و ئاشکراتر سەرکوتکاری و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ئەنجدام دەدات و ئەو کوشت و کوشتارەی لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانی ١٣٩٨ی هەتاوی کرا کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستدرێژیان لە خەڵک دەکرد و کوشتیانن؛ هەروەها چوونەسەری رێژەی ئێعدام و دەستبەسەرکردنەکان، چوونەسەری رێژەی ئەو بەندکراوانەی لە ژێر ئەشکەنجە لە زیندانەکان دا دەکوژرێن."

گەلێک لە چالاکان و ریکخراوەکانی سیاسیی ئێران پەیوەندی لە نێوان مەسەلەی ناوکی و مەسەلەی مافەکانی مرۆڤدا دەبینن.

ژیلا موستەئجێر ئەندامی بەریوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هەنگاو دەڵێت، لە ئاستی نیونەتەوەیی مەسەلەی ناوکی وای کردوە کە گرنگی دان بە مەسەلەی مافەکانی مرۆڤی کەم کردۆتەوە.

ئەو باوەڕی وایە کە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئیران و بە تایبەتی لە کوردستاندا بەرەوزیادبوون روۆیشتووە و "مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ بۆ وڵاتانی ئەورووپایی وەک گرنگی سەرەکی نیە؛ زۆرجار هەوڵدەدەن مەسەلەی مافی مرۆڤ وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر ئێران بۆ وەرگرتنی هێندێک ئیمتیاز بە کار بێنن یان ئێرانێ ناچار بکەن بێتە پای مێزی وتووێژ."

لە لایەیکی دیکەوە، بلوری لە ناوەندی نەمران پێێوایە "کۆمەڵگای نێونەتەوەیی تیشکی زۆریان خستۆتە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە تایبەتی "لە سەر کۆڵبەران، لە سەر ئێعدامکراوەکان، لە سەر ئەوکەسانەی زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەکرێن، بەڵام بە شێویەکی گشتی پێم وایە کە ئەو تیشک خستنەسەرە شتێکێکی بەربڵاوبووە، بەڵام یەکدەست و هاودەنگ نیە." 

بە گوێگرەی ریکخراوی لیخۆشبوونی نیونەتەوەیی لە وەتا ٦ی مانگی یەکی ٢٠٢١ لانی کەم ٩٦ کەس لە کوردەکان و لە نیویان دا چالاکانی کۆمەلگای مەدەنی، چالاکانی مافی کریکاران، ژینگە پاریزان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ و توژینەرانی سیاسی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاحاتی سەر بە سپای پاسدارانەوە گیراون.

موستەفازادە ئاماژە دەکات کە بە تایبەتی لە کوردستان کە شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاودەبینرێن و پەرەوەندسازی بۆ زۆرێک لە چالاکان و ژینگەپارێزان ساز دەکرێت؛ حکومەت ناوەندەکانی ئەمنیەتی خۆی زیادکردوون و "هەموو ناوەندەکانی ئیتلاعات بە شێوەیەکی جیدی لە ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران دان."

میشێل بەچلێت، کاربەدەستی باڵای رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بە دۆخی ئابووری ئێران کرد و لە ڕاپۆرتەکەیدا هاتبوو، "لە ڕووی ئابورییەوە، ئەو وڵاتە رووبەڕووی بەرەوخراپترچوونی پێوەرەکانی ژیان، وەک دابەزینی نرخی پارە و بێکارییەکی بەربڵاو، نارەزامەندی سوتەمەنی و خۆپێشاندانەکانە. لە ئاستی سیاسیش، کاربەدەستان هیچ خوازیاری ئەوە نەبوونە کە چاکسازییەکی مانادار پەسند بکەن..."

بلوری جەختدەکات کە "بە پێی چوونە سەری گوشاری ئابووری و دۆخی خراپی ولات بە ئەو رادەیەش توند وتیژی بۆ سەر خەڵک زیادی کردوە."

هەروەها ئاماژەش دەکات کە "هەڵبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گوشاریان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هیناوە، بەڵام هاو رایە مەسەلەی ناوکی ئەو گوشارەی کەم کردۆتەوە."

موستەفا زادە دەڵێت، ئەگەڕ چی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو دەسەلاتەی پێنەدراوە کە بە شێوەیەکی فەرمی جێبەجێ بکرێن، بەڵام وڵاتان گوشاریان هێناوە مەسەلەی ئێران و بەندکراوان زەق بکەنەوە.

موستەفازادەش وادەڕوانێت کە "لە وتووێژەکانی ناوکی هیچ باس لە مەسەلەی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ ناکرێت، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە چاودیری دۆخی ئێران دەکەن، تا ئێستا هەوڵیانداوە ئەو مەسەلەیە هەم بۆ خەڵکی خۆیان و هەم بۆ دەرەوە وەک مەسەلەیەکی هەستیار بخەنەڕوو و پێشانی بدەن کە ئەو پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستماتێک ڕوودەدەن وەک ئەوەی لە دادگای مەدەنی ناسراو بە "دادگای آبان" ئەو هەوڵە دراوە.

هەروەها پێشبینی دەکات کە تا کاتێک کۆماری ئیسلامی هەبێت، ئێعدام و جێبەجێکردنی بڕیاری ئێعدام درێژەی دەبێت، چونکە ئەو مەسەلەیە بۆ کۆماری ئیسلامی "مەسەلەیەکی سیاسییە."

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، یونس بلوری لە ناوەندی نەمران پێیوایە دەکرێت پێشی ئەو ئێعدامکردنانە بگرترێت یا لانی کەم کەم بکرێنەوە.
ئەو شیدەکاتەوە کە "ئەگەر سەرنج بدەێنە ڕێکخراوی ئەمنستی ئینترنەشناڵ (لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی) لە ساڵی ١٩٧٧ەوە کار بۆ ئەوە دەکات کە حوکمی ئێعدام نەهێڵیت یان لایبەرن."

ئەو ئاماژە دەکات کە لە ئەم ساڵانەی دواییدا، "ڕێژەی ئەو وڵاتانەی کە وەڵامی ئەرێنیان بە نەهێشتنی ئەو حوکمەداوەتەوە گەیشتۆتە ١٤٠ وڵات کە ئەوە ڕێژەیەکی زۆرە."
بلوری پێدادەگرێت کە هیچ چارەیەکی دیکە نییە بێجگە لە ئەوە کە ئەرکی چالاکان، کەسانی سیاسی و ڕێکخراوەکانی سیاسی و مافی مرۆڤە کارێک بکەن ئەو حوکمە نەهێڵن چونکە "دڕندانەترین شێوە"ی سزادانە.

بە گوێرەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی ئێران لە یەکی مانگی یەکی ٢٠٢١ تا ١٠ مانگی ١٢ی ئەو ساڵە لانی کەم ٣٣٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا بە تاوانەکانی جۆراوجۆر ئێعدامکراون.
سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا