هەواڵ

لەیەک مانگدا لە ئێران 40 کۆڵبەر بونەتە قوربانی و 36 چالاکیش دەستگیرکراون

Mic
2024-04-21

بەپێی ئامارێک کە لە لایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ٢١ـی ئادار تا ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، پێنج کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانى ئێران کوژراون، پێنج کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، وەستانی دڵ و ڕەقبوونەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەو ماوەیەدا ٣١ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانى ئێران و ١١ کۆڵبەریش بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تەقینەوە مین و ڕووداوی دیکەوە برینداربوون، لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی لەو مانگەدا بوونە قوربانی ٣٠ حاڵەتیان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود تۆمار کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران، ئاماژە بە دۆسییەی کۆڵبەرێکی مێردمنداڵ بە ناوی دانیال مام ئەحمەد خەڵکی مەریوان کراوە، کە لەلایەن دادگاوە سزای دوو ساڵ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی و پێبژاردن بە بڕی دوو ملیار تمەنی بەسەردا سەپێندراوە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەم مانگەدا ٣٦ چالاکوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون، هەروەها سزای زیندان و سزای دارایی بەسەر شەش چالاکواندا سەپێندراوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان باس لەوەکراوە، فشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی “ژن ژیان ئازادیش” بەردەوامە، لەو چوارچێوەدا ئومێد قەدیمی برای فوئاد قەدیمی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە سزای زیندان و پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە و کەمال لوتفی باویکی ڕەزا لوتفی یەکێکی دیکە لە گیانبەختکردووانی ئەو سەرهەڵدانە، دەستگیرکراوە و چارەنووسی نادیارە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیش لە ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، کە لە ماوەی ئەو مانگەدا سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی ئەفشین باغ نشین خەڵکی کەنگاوەر لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کراوە، کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆخی زیندانیانی سیاسیی و بێبەشکردنیان لە مافەکانیان کراوە و لەو ڕووەوە ئەوە خراوەتەڕوو، کە لە دژی ئەو پێشێلکارییانە ژمارەیەک زیندانی سیاسیی بە تایبەتی لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە.
هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو مانگەدا کتێبفرۆشیەک لە سنە و شوێنێکی گەشتیاری لە مەریوان بە پاساوی ڕەچاونەکردنی “حیجاب” لەلایەن کڕیاران و سەردانیکەرانیان داخراون.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.