هەواڵ

دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن و لەماڵەکانتان مەچنە دەرەوە

Mic
2022-05-23

لەبارەی چۆنیێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکان لە دۆخی خۆڵباریندا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هاونیشتمانیان تێکەڵی ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک، سەگ و پشیلە "نەبن و مامەڵەیان لەگەڵدا نەکەن، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات."

رۆژی دووشەممە، 23ـی ئایاری 2022، خۆڵبارینێکی چڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی بە هاونیشتمانیاندا کە "بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت" نەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان. وەزارەتی تەندروستیی رێنمایی هاونیشتمانیانیش دەکات کە لە کاتی بوونی "هەر دۆخێکی نەخوازراو" دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.

رۆژی یەکشەممە 22ـی ئایاری 2022، عامر جابرى، گوتەبێژی کەشناسی و بومەلەرزەزانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە شەوی یەکشەممە 22ـى ئایارەوە، شەپۆلێکى خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە کە لە رۆژئاواوە هەڵدەکات و سەرەتا لە بەغدای پایتەخت چڕدەبێتەوە. لە 23ـى ئایار دەگاتە پارێزگاکانى دیکەی نێوەڕاست و باشوورى عێراق و هەریەک لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر دەگرێتەوە. 

رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی بۆ هاوڵاتیان. 

1- داخستنی دەرگە و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.

2- لە کاتی چوونە دەرەوە دەمامک ببەسترێت و رووپۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بە بەردەوامی.

3- دەرگە و پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ دۆخی زۆر پێویست نەبێت مەچۆرە دەرەوە.

4- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بە تایبەت لە کاتی شۆفێری و چوونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای نێو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.

5- خواردنی میوە و سەوزە بە بەردەوامی.

6- تێکەڵ نەبوونی هاونیشتمانیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لەلایەن هاونیشتمانیان گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.

7- لە کاتی بوونی هەر دۆخێکی نەخوازراو هاونیشتمانیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.

هەینى رابردوو شەپۆلێکى دیکەى خۆڵبارین لە عێراق هەڵیکرد و تاوەکو رۆژی یەکشەممە 22ـى ئایار بەردەوام بوو. لە مانگى نیسانى ئەمساڵەوە زیاتر لە هەشت شەپۆلى خۆڵبارین عێراقى گرتووەتەوە.

رۆژی یەکشەممە، بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە رۆژی دووشەممە لە عێراق پشووی فەرمی بێت. 

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی خۆڵبارین چەند کاریگەرییەکیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە کە ئەمانەن:

1- دەبێتە هۆی هەستیاری و پێڵووی چاوەکان سووردەبنەوە و تووشی خوران دەبن.

2- هەستیاریی لوت و بە تایبەتیش نێوپۆشی لوت سوور دەبێتەوە تووشی هەوکردن دەبێتەوە، بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

3- گوشاری خوێن و خوێنبەربوون و هەوکردنی گوێچکەی نێوەڕاست، زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئەو کەسە.

4- ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەتووندیی و رەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە نیشانەکانیان زیاد دەکات.

5- زۆر جار دەبێتە هۆی خورانی پێست و سووربوونەوە و نەخۆشیی ئێکزیما.

6- کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و  ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.