هەواڵ

تۆمەتبارێك لەسلێمانی دەستگیركرا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لەژنان كردووە

Mic
2022-05-23

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە حەوت فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە،  وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت زۆرینەی فەرمانەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان بوون، پێشتریش چەند ڕوداوێكی هاوشێوە لەشارەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون هەر بەوهۆیەشەوە كچێك لەهەولێر خۆی كوشت.

 

حەوت فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی  سلێمانی بە مایكی راگەیاند: مەفرەزەكانی‌ بنكەی پۆلیسی‌ رزگاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە حەوت فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە، وتیشی پێنج لەو فەرمانانە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان بووە. 

 وەك وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: تۆمەتبارەكە لە پێشتردا دەستگیرنەكرابوو چونكە شوێنی نادیار بوو، تاوەكو لەلایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە زانیاریمان لەسەر كۆكردەوە، دواجار شوێنی تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە ئاشكرا كراو و دەستگیركرا.

 

لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كێشەیان هەبووە
 لەبارەی تۆمەتەكانی لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، سەركەوت ئەحمەد باسی لەوەكرد: ئەو كەسە كە ناوی (ئـ، ع، ع)ـە، لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كێشەیان هەبووە، هەروەها لە رێگەی ئامێرەكانی پەیوەندییەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی ژنانی كردووە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارە. 
 سەركەوت ئەحمەد دەشڵێت: بە بڕیاری دادوەر تۆمەتبار راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكان دەستیپێكردووە.

 

پێشتریش لەهەولێر كچێك بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لێكرابوو، خۆی كوشت
پێشتریش لەهەولێر كچێك بەناوی ئاریان بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لێكرابوو، خۆی كوشت.
چیرۆكی خۆكوشتنی ئاریان بەشێوەیەكە رۆژی 19ی نیسانی 2022، محەمەد خەلیل، باوكی ئاریان پۆلیسی لە دیارنەبوونی كچەكەی ئاگادار كردووەتەوە دواتر رۆژی 21ی نیسان، تەرمی ئاریان لە هەیكەلێكی تەواو نەكراودا دۆزرایەوە و راگەیەندرا، حاڵەتەكەی خۆكوشتن بووە.

 

ئاریان محەمەد خەلیل خوێندكاری بەشی كتێبخانە و زانیاری بوو لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و تەمەنی 20 ساڵ بوو.
ئەوكات پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: ئەو كەسەی كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەكی ئاسایی ئاریان محەمەد خەلیل كرد و بووە هۆكاری ئەوەی ئاریان لەسەر بینایەك خۆی بخاتەخوارەوە و گیان لەدەستبدات وێنەی چەندین كچی تر لەنێو مۆبایلەكەیدا هەبووە و هەڕەشەی لێكردوون.

لەهەرێمی كوردستان بەهۆی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرەكانی پەیوەندی، هاوكات بەهۆی سكاڵا تۆمارنەكردن لەلایەن ژنان و كچانەوە چەندین رووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە و ژنان و كچان تێیدا بونەتە قوربانی.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.