هەواڵ

ئایا هەرێمی كوردستان و عێراق دەتوانن رێگری لەدرۆنەكانی توركیا بكەن؟

Mic
2022-06-18

توركیا لەشەڕی سەربازەوە ستراتیژی گۆڕیوە بەرەو درۆن، لەو هەنگاوەشدا لەسوریا و چەند وڵاتێك ئامانجەكانی پێكاوە، تەنانەت سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسیا و سوریاش نەیانتیوانیوە رێگری لێبكەن، ئەمەش بەپلەی یەكەم هێزە كوردیەكانی دژبەری ئەو وڵاتە لێی زەرەرمەندبوون، بەتایبەتیش پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەو هێزانەی نزیكن لێی، نوێترین نمونەش هێرشەكەی دوێنێی كەلار كە چەندین كیلۆمەتر لەسنوری توركیاوە دوورە و بەهۆیەوە بەرپرسێكی رۆژئاوای كوردستان و چوار كەسی دیكە كرانە ئامانج.

 

لەكەیەوە فرۆكەی بێفڕۆكەوان هەوڵی دروستكردنی دەدرێت
 جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو،هەر چەندە درۆنەکان مێژوویەکی کۆنتریان هەیە، بەڵام هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە جیهانی درۆنەکاندا، ئیتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوون بە چەکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و پێکدادانە گەورەکان، سوپاکان بەبێ ئەوەی سەربازەکانیان بنێرنە بەرەکانی جەنگ، توانییان جەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن.
 جیهانی ئێستا لە قۆناغی چوارەمی شۆڕشی پیشەسازیدایە، پێشکەوتنەکان لە هەر کاتێک خێراترن و گۆڕانکارییەکانیش وردترن. پیشەسازیی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان یەکێکن لە پێشکەوتنەکانی ئەم قۆناغە.
 تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە لە پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان قۆناغی گەورە و وردی بڕیوە، لەم بوارەشدا هەوڵی داوە لە ئاستی جیهاندا کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان بکات و دەرەئەنجامەکانیش دەریدەخەن کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێش دراوسێکانی کەوتووە، بەتایبەت ئێران و لە ئێستاشدا دەیەوێت شان لە شانی ئیسرائیل بدات، لە کاتێکدا تا ١٥ ساڵ لەمەوپێش پشتی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دەبەست.
 تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە هەژموون و پێگە سەربازییەکەی بکات و ببێت بە هێزی تاک و تەنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشخستنی درۆنەکانی و جگە لەوەی بووە بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات، پێگەکەی بەهێزتر و تواناکانی فراوانتر کردووە.
 بەپێی دەرئەنجامەکان، تورکیا (جگە لە ئیسرائیل) لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە زیاتر توانیویەتی لەگەڵ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا هەنگاو بنێت و دوا نەکەوێت،ئەگەر هیچ ڕێگرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی قورس ڕووبەڕووی ئەنقەرە نەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ساڵی داهاتوو تورکیا وەک پێشەنگی بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بمێنێتەوە.

 

یەکەم هێرشی درۆن كە لە جیهاندا تۆمار کرابێت ساڵی ١٨٤٩ بووە
یەکەم هێرشی درۆن كە لە جیهاندا تۆمار کرابێت ساڵی ١٨٤٩ بووە، لەم ساڵەدا ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا تەقەمەنیی لە باڵۆنە هەواییەکان دەبەست و بەسەر شاری ڤینیسیادا بەری دەدانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە و باڵۆن بەکار هێنراوە، بەڵام بە یەکەم هێرشی درۆن دادەنرێت لە مێژوودا.
  لە ساڵی ١٨٩٩دا لە “کۆنفڕانسی ئاشتیی لاهای”، بۆردوومانکردن بە باڵۆن بە نایاسایی دانرا، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا بە ڕێگای دیکە بۆردوومان بەردەوامیی پێ درا کە بەشێکە لە مێژووی درۆنەکان.
 لە ساڵانی دواتردا ئەمریکا بە هەلیکۆپتەر مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکانی سوپای ڕووسیا دەکرد و دواتریش و لە جەنگی ڤێتنامدا دەست كرا بە تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٠)شەوە قۆناغێکی نوێ لە جیهانی درۆنەکاندا دەستی پێ کرد و پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆجیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و گەشەپێدانیان، ئەوە بوو کە سوپاکانی جیهان لە شەڕەکاندا و بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەوانیان لەدەست دەدا، ئەم مەترسییە بە هۆی دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ڕەوییەوە.
 فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن کەسێکەوە و لە شوێنێکی پارێزراوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ژیانی فڕۆکەوان لە مەترسیدا نییە، هەر کەوتنەخوارەوەیەکی فڕۆکەکەش هیچ زیانێک بە کەسی کۆنترۆڵکار ناگەیەنێت.
مانەوەی درۆنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا، یەکێکی دیکەیە لە سوودە هەرە گەورە و بەرچاوەکان، چونکە فڕۆکە ئاساییەکان ناتوانن ماوەیەکی درێژ لە ئاسماندا بمێننەوە، بەشێک لە درۆنە زۆر پێشکەوتووەکان دەتوانن خۆیان بفڕن و بشگەڕێنەوە فڕۆکەخانە و بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ بنیشنەوە، بۆیە لە کاتی پچڕانی پەیوەندیی ناوەندی کۆنترۆڵکردن لەگەڵ درۆنەکەدا، هیچ مەترسییەک لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دروست نابێت.

 

دوو جۆری سەرەکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە
فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئاساییەکان  لە چەندین بواری وەک چاودێریکردن، دۆزینەوە و ئاشکراکردن، گواستنەوەی تایبەت، ڤیدیۆ، دەرمانکردنی کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکەی مەدەنی.

 

 فڕۆکە شەڕکەرە بێفڕۆکەوانەکان
 لە جەنگەکان و بۆ هێرش و پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنرێن.
ئەو کاتەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و دەوڵەتی کۆماریی تورکیا دروست بوو، وڵاتێکی تێكشكاو بوو كە پێویست بوو سەرلەنوێ خۆی بونیاد بنێتەوە، سەرجەم كەرتەكانی وڵات لە قەیراندا بوو و لە بواری پیشەسازیی جەنگی و چەک بەخاوی هەنگاوی دەنا. کۆماری تورکیا تاوەکوو کۆتایی سەدەی بیستەم پشتی بە وڵاتانی دیکە دەبەست، بەڵام لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، تورکیا دەستی بە پێشخستنی بواری چەک کرد و بناغەکانی پیشەسازیی چەکی ناوخۆیی دانا.
 یەکەم هەنگاوی تورکیا بۆ پێشخستنی بواری چەک، گرنگیدان بوو بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەبەر ئەوەی سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکڕی هەنگاوەکانی خاو بوون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە، ئیتر تورکیا هەنگاوەکانی خێراتر و هەوڵەکانی فراوانتر کرد. 

لەگەڵ ئەوەی  گەشەدان بە درۆنی ناوخۆیی لەلایەن تورکیاوە لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە هەنگاوی باشی نا، بەڵام دەرگای سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠دا کرایەوە، بەتایبەت کاتێک داواکارییەکانی ئەنقەرە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Predator” لە ئەمریکا ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبوو، ئەو درۆنانەشی لە ئیسرائیلەوە دەهاتن بەمەبەست دوا دەخران، ئەمەش هێندەی دیکە تورکیای خستە سەر ڕێگای بەرهەمهێنانی درۆنە ناوخۆییەکانی.
بەدیاریکراوی یەکەم گرووپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان لە ئەڵمانیا و دواتر لە ئەمریکاوە هێنرا، بەڵام هەندێکیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەکارهێنانیان ڕاگیرا، یەکەم فڕۆکەش خرابێتە ناو سیستمی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو.

 

تورکیا پێشتر و ساڵانی ١٩٩٠، درۆنی هێرۆنی لە ئیسرائیل و “GNAT” لە ئەمریکا کڕی
تورکیا پێشتر و ساڵانی ١٩٩٠، درۆنی هێرۆنی لە ئیسرائیل و “GNAT” لە ئەمریکا کڕی. دوای ساڵی ٢٠٠٠، کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگای نەدا ڤێرژنە نوێیەکانی “GNAT” بە تورکیا بفرۆشرێت کە بریتی بوون لە “Predator” و “Repaer”، ئەمەش هانی تورکیای دا دەست بە دروستکردن و گەشەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ناوخۆیی بکاتەوە، تاکوو گەیشت بە بەرهەمهێنانی “Bayraktar TB2” و “Anka” کە دوو درۆنی زۆر پەسەندکراو و پێشکەوتووی تورکیان.
کۆمپانیای بایراکتار ساڵی ٢٠١٥ لە بارەی فڕۆکەی “Bayraktar TB2” ڕایگەیاند، ئەم فڕۆکەیە توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی ٢٥٠ کیلۆگرام کەلوپەل و مووشەکی هەیە. ساڵی ٢٠١٦، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Anka” توانای گواستنەوەی شمەک و مووشەکی نەبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ و لە ڤێرژنە نوێیەکەدا توانرا مووشەکی لێ ببەسترێت و توانای هەڵگرتنی چەکی بگەیەنرێتە ٢٠٠ کیلۆگرام. هەردوو درۆنەکەی تورکیا مووشەکی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای “Roketsan” بەکاردەهێنن و دەتوانرێت لە هەر ناوچەیەکدا بەکار بهێنرێت کە مانگە دەستکردەکانی “TÜRKSAT”  پێی بگەن .
پێگەی “Army Technology”، پۆلێنی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی لە جیهاندا کردووە، لە ڕیزبەندیی دەیەمدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئانکای تورکی دانراوە، کە بەرهەمی پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیایە و دەتوانێت زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و خێراییەکەی ٢١٧ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

 

 ترسی ئەمریکا و درۆنی گرووپەکان لە عێراق
دەستڕاگەیشتنی گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نیگەرانیی قووڵی لای ئەمریکییەکان و سەرجەم ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە هێزەکانیان لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، وەک ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگای درۆنەوە چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر هێزە بیانییەکان و حوسییەکانیش لە یەمەن بەردەوام لە ڕێگای درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و ئەمنییەکانی سعودیە. 
دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەریان لە عێراق، کینس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هۆشداریی لە بەهێزبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان دا و ئاماژەی بەوە کرد گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ئەم دەستڕاگەیستنەی گرووپە چەکدارەکانیش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئایندەی جیهان هەیە.
بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی عێراقیش لە زیادبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان نیگەرانن و دەڵێن کێشەی گەورە ئەوەیە نازانن سروشتی ئەم درۆنانە چۆنە ئەم گرووپە چەکدارانە بەکاریان دەهێنن و ناشزانن کێ کاریان پێ دەکات.  

 

تورکیا لە سووریاش بەچڕی درۆنەکانی بەکار هێنا
تورکیا لە سووریاش بەچڕی درۆنەکانی بەکار هێنا، دوای ئەوەی ٣٤ سەربازی تورکیا لەلایەن بەشار ئەسەدەوە کوژران، وای کرد تورکیا ئاراستەی درۆنەکانی بکاتە سووریا. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئاسمانی ناوچەکە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام درۆنە تورکییەکان توانیویانە کەلەبەری سیستمی بەرگریی ڕووسیاش تێبپەڕێنن و گورزی کوشندە لە هێزەکانی دیمەشق بوەشێنن. ئەوەی مایەی سەرنجە، درۆنە تورکییەکان لە شەڕی سووریا، کاراباخ و لیبیاشدا لەو شوێنانەیان داوە کە سیستمی بەرگریی ڕووسیی لێ بووە، ئەمەش وەهای کردووە ڕووسەکان بە چاوێکی دیکەوە لە هێزی ئاسمانی و توانای درۆنەکانی ئەنقەرە بڕوانن.
 لە جەنگی کاراباخیش لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تورکیا دەستوەردانی سەربازیی کرد. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەرمینیا، نزیکەی ٢٠٠ تانک، نۆ زرێپۆش و ١٨٢ یەکەی بەرگرییان تێک شکاند، ئەمەش سوپای ئەرمینیای ناچار کرد لە بەشێکی گەورەی بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە و تا ئاستێکی زۆر جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئازەربایجانی هاوپەیمانی یەکلا بکاتەوە.

 

تورکیا لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەچڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکار هێناوە
تورکیا لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەچڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکار هێناوە، بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا و میدیای تورکییش ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری درۆنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا دەکەن، ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی جووڵە و چالاکییەکانی گەریلا لە دژی هێزە ئەمنییەکان و سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان، هەر چەند پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکات لە ناوخۆی تورکیادا چەند جارێک بە درۆن هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان،هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) و هەرێمی کوردستان، دژی گەریلاکانی پەکەکە  بایراکتار تیبی 2 و ئانکای بەکار هێناوە.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام داون، بە شێوەیەکی چڕ و کاریگەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا بەکار هێناوە،چەند ساڵێکە تورکیا بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە، درۆنەکانی تورکیا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا چەند بەرپرس و کەسێکی دیاری پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە ئامانج، چەند جارێکیش هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کەوتوون، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەوردی ئامانجەکان لە هەرێمی کوردستان دەپێکن و تەنانەت دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێلە مەدەنییانەش بپێکن کە گەریلایان تێدایە، ئەمەش جگە لە بەهێزیی توانای هەواڵگریی تورکیا لە هەرێم  بۆ وردیی درۆنەکان دەگەڕێتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.