رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نیویۆرك رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە بەربەستێكی گەورە بوون بۆ ئەوەی تیرۆر زیاتر پەرەنەسێنێت و لە بری جیهان بە پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانان رووبەڕووی داعش بووەوە و قوربانییەكی زۆری داوە.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەلیز ندریتۆ، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی كۆمەڵكوژی كۆبووەوە.
لەوبارەیەوە دیندار زێباری بەمیدیای پارتی راگەیاند: تیشكم خستووەتە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كوردستان كراون و هەرێمی كوردستان باجی زۆری داوە لە پێشێلكارییەكانی دژی مرۆڤایەتی وەك ئەنفال، كیمیاباران، وێرانكردنی گوند و شارەكان تا دەگاتە هێرشە تیرۆریستییەكانی قاعیدە و داعش، لە شەڕی دژی تیرۆر حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەربەستێكی گەورە بوون بۆ ئەوەی تیرۆر زیاتر پەرەنەسێنێت و لە بری جیهان بە پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانان رووبەڕووی داعش بووەوە و قوربانییەكی زۆری داوە".
پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ تەوەرێكی گفتوگۆی نێوان رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید بوو، لەوبارەیەشەوە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: پەسەندكردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەلایەن مەسرور بارزانییەوە نیشانەی گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، ئەم پلانە گشتگیرە و UN و رێكخراوەكان بەشدارن لە جێبەجێكردنی و چەند تەوەرێكی گرنگ لەخۆدەگرێت وەك نەهێشتنی ئەشكەنجەدان، نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئازادیی رۆژنامەوانی و رادەربڕین.
دیندار زێباری بە ئەلیز ندریتۆی راگەیاندووە: حكومەتی هەرێمی كوردستان رژدە لە هاوكاریكردنی تیمی یونیتاد و دامەزراندنی دادگەیەك بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش و باسی لە هەنگاوەكانی حكومەت كردووە بەتایبەتی پڕۆژەیاسای دامەزراندنی دادگەیەكی تایبەتمەند و داوای كرد، كە UN و لایەنە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری دادوەر و لێكۆڵەرانی هەرێمی كوردستان بكەن لە بواری مەشق و راهێنان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەكان كە پێشتر ئەزمونیان لەو بوارەدا نەبووە، هەروەها جەختكراوەتەوە لەوەی پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كارای هەبێت لە كۆنفرانس و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە جینۆساید، چونكە قوربانیی سەرەكیی تاوانی جینۆساید بووە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان رایگەیاند: بوونی میلیشیا و هێزی چەكداری دەرەكی لە شنگال و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ سەر زێدی خۆیان بوون، بۆیە پێویستە UN و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەركی خۆیان هەستن لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە كە دەبێتە هۆكاری گەڕانەوەی ئاوارەكان و هێنانەدی ئارامی و سەقامگیری و نەهێشتنی مەترسییەكانی داعش.
قسەكانی دیندار زێباری لەكاتێكدایە دوێنێ، شاندێكی باڵای سەربازیی و ئەمنیی عێراق بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. بەپێی زانیاریەكان، لە كۆبونەوەی شاندی باڵای سەربازیی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی داوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر شەنگال كردووە.
لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەكەی شاندەكە و سەرۆكی هەرێمدا باس لە هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق و جموجوڵەكانی داعش كراوە.
هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی هەردوو بارزانییەكەدا لەگەڵ شاندە سەربازییەكەی عێراقدا، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكان باس نەكراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان سەرۆكی پارتی و جێگرەكەی داوایان لە شاندەكە كردووە، پلانی (ڕێككەوتننامە)ی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر شەنگال جێبەجێبكەن.
ڕێككەوتننامەی شەنگال ڕۆژی نۆی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا واژۆكرا، بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی دەگەڕێنێتەوە شەنگال.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.