هەواڵ

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخرێت

Mic
2022-06-22

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی مایك لەسەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لەهەرێم دوادەخرێت‌و لەمانگی 10ی ئەمساڵدا ئەنجامنادرێت، بەپێی زانیاریەكانیش حزبەكان بەمەبدەئی رێككەوتوون كە هەڵبژاردن ساڵێك دوابخرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەك لەناو كۆبوونەوەی دوێنێی بەرپرسی هەڵبژاردنی حزبەكان :" هەڵبژاردن بۆ ساڵێكی دیكە دواخراوەو لەمساڵدا هیچ هەڵبژاردنێك لەهەرێم ئەنجامنادرێت، بەوتەی سەرچاوەكە بەشێك لەلایەنەكان بەتایبەتیش یەكێتی و گۆڕان، پێیان وایە ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستاو بەخواستی پارتی بچنە هەڵبژاردنەوە، ئەوا پارتی 11 خاوەنی كورسی پەرلەمانە بەبێئەوەی هیچ حزبێك دەستی بەجوڵەو بانگەشەی خۆی كردبێت.
ئەو لایەنانە بەتایبەتیش یەكێتی، پێیان وایە بەمشێوەیەی ئێستا هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی پارتییە و وتیشی  " وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانین بۆ ساڵێكی دیكەو لەگەڵ ئەوەدا نین بەو شێوازەی پارتی داوایدەكات‌و چارەنوسی كورسی كۆتاكان ئەو دیاری بكات ئەنجامبدرێت."
ئەمساڵ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت‌و پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بەهۆی سەرقاڵی لایەنەكان بەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌و ناكۆكییان لەسەر شێوازو میكانیزمی هەڵبژاردن‌و پێكهاتەی كۆمسیۆن‌و یاسای هەڵبژاردن، لایەنەكان كەمترین قسەوباسیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی مەرسومێك كە سەرۆكی هەرێم واژۆی لەسەركردووە، پێویستە 1-10-2022  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت.
پێشتر مایك لەراپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگ بۆ ساڵێك دوادەخرێت و چوار بازنەیی جێگیر دەكرێت، هەر ئەوكاتیش هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی پشتڕاستیكردەوە كە پارتی نەرمی نواندووە لەوبارەیەوە.
لەكۆبوونەوەی سێ هەفتە لەمەوبەری لیژنەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی، قسە لەبارەی چوار بازنەیی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان كراوە، هەروەها پرسی كاتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان خراوەتە بەردەم لایەنەكان، لەكۆبوونەوەی پێشتریش هەردوو مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی  شەش مانگ بۆ ساڵێكیان دیاری كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان.
پێشتر پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئەوە رێككەوتبوون پێكهاتەكان كوردسییەكانیان وەك خۆیان دەمێنێتەوەو تۆماری دەنگدانیشیان لەناو تۆماری گشتی دەبێت، بەڵام دوو كورسی پێكهاتەكان دەدرێتە سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام یەكێتی داوای كردووە دوو كورسی بۆ سلێمانی و دوو كوررسی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دیاری بكرێت، ئەمەش هێشتا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە.
لەبارەی ئەنجومەنی كۆمیسیارانیش زۆرینەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان نوێنەری ئێستای حزبەكانیان لە كۆمیسیۆن بمێنێتەوەو نوێنەرێكی بزوتنەوەی گۆڕان لاببرێت و نوێنەرێكی نەوەی نوێ بخرێتە شوێنی چونكە نەوەی نوێ نوێنەری نییە لە كۆمسیۆن، ئەگەر رەزامەندی لەسەر ئەوە نەدرێت دادوەران هاوشێوەی كۆمسیۆنی بەغدا دادەنرێت، ئەوەش لەلایەن كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزوتنەوەی گۆڕان تێبینی لەسەرە.
رێككەوتنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، پێشتر لە بینای سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان كۆبوەوە، كە پلاسخارت نوێنەری یوئێن لە عێراق بەشداربوو، لەپێناو لێكتێگەیشت و پەلە كردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم چەند جارێك  ئەوەی راگەیاندووە كە شەش مانگی تەواویان پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو وادەیەش دوای یەكلاكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران و پەسەندكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبێت.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.