هەواڵ

هەماهەنگی شیعەكان دەیانەوێت بەڕەكە لەژێرپێی سەدر دەربهێنن

Mic
2022-06-22

چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بەڕەكە لەژێر پێی سەدر دەربكات، بەوەی سبەینێ لەهەولێكدا دەیانەوێت جێگرەوە بۆ پەرلەمانتارەكانی رەوتی سەدر دابنێن، هاوكات ئەو چوارچێوەیە دەیانەوێت كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران پێشكەش بكەن.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا پاش دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند:بۆ یەكەمجار ئەمە دەڵێم  ئەمجارە كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری لە هیچ لایەنێكی شیعە نەكردووە .
وتیشی: ئەو دەنگۆیەی كە دەڵێت كشانەوەمان بەهۆی هەڕەشەی ئێرانەوە بووە، درۆیە و دوورە لە راستیەوە.
موقتەدا سەدر دەشڵێت: ئەو دەستەی كە هەندێك بە (باڵی ئێران) ناوی دەبەن، پێشێلكاری سیاسی دژی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەكات و هەوڵ دەدات بۆ قازانجی خۆی بەكاری بهێنێت.
رێبەری رەوتی سەدر داوای هەڵوێستێكی بوێرانە لە لایەنەكان دەكات لەپێناو چاكسازی و رزگاركردنی نیشتیمان و ملكەچنەبوون بۆ فشاری تایفی.
هەڵوێستەكەی سەدر لەكاتێكدایە، بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی عێراق، سبەینێ پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازن شوێنگرەوە بۆ 73 پەرلەمانتارەكەی ڕەوتی سەدر دیاری بكەن، دوای ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد  و ئەوانیش پەسەندیان كرد.
ئەو هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئامانج لێی ئەوەیە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن و بتوانن حكومەت دروست بكەن، بۆ ئەوەش لەگەڵ حزبە كوردیەكان لەگفتوگۆدان و ئێستاش بۆ ئەو مەبەستە وەفدێكی پارتی و یەكێتی بەجیا لەبەغدان.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی دیاریكردنی كەسایەتییەك لەنێو سێ كەسایەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران دەكات، كە بریتین لە نووری مالیكی، حەیدەر عەبادی و ئەسعەد عێدانی. هاوكات، هاوپەیمانیی فەتح پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی پێدەدرێت و بڕیارە رۆژی 23ـی حوزەیران لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان ، ماوەی هەفتەیەكە سەركردە و هێزەكانی پێكهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێی كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی  73 پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی سەدر دەستیان لەكاركێشایەوە.
 باقر ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لەوبارەیەوە رایگەیاند: كاندیدی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو بریتییە لە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە. 
 نووری مالیكی هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگییە كە زۆرینەی لایەنە شیعەكان لەخۆدەگرێت، جگە لە رەوتی سەدر، پێشتر مالیكی لە ساڵی 2006 تاوەكو 2014 سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو.
 هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا خاوەنی 33 كورسی پەرلەمانە، بەڵام 7 كاندیدی دیكەی هاوپەیمانییەكە دەبنە جێگرەوەی پەرلەمانتارە دەست لەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدر و بەو جۆرەش ژمارەی پەرلەمانتارەكانی دەبنە 40 پەرلەمانتار. 
جگە لە نووری مالیكی، دوو كاندیدی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران هەن كە هەریەك لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، هەروەها ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری ئێستای بەسڕەن. 
رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات بۆ سوێند خواردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمان كە دەچنە جێگەی 73 پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكەی فراكسیۆنی سەدر .
زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بێ ئەوەی حكومەتی نوێ پێكبهێندرێت. ناكۆكی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی رزگاركردنی نیشتیمان هۆكاری سەرەكی پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ بوو.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەداتەوە

Mic
2025-09-18

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرزبکاتەوە.

رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات.