ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر و دەستگرتن بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەردا ڕاگەیاند.
ئاسایشی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند: ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە چالاکیەکدا بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر دەستگیردەکەن و دەستدەگرن بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لەجۆری [ کریستاڵ ] و تۆمەتبار ڕووبەڕوی یاسا دەکەنەوە .
ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەگژداچوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر ، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ، لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە فەرمانی دادوەر ، لە شەوی ٢٠٢٢/٦/٢٢ لەسەر ڕێگەی سەرەکی نزیک ( گەڕەکی تاسلوجە ) ی شاری سلێمانی ، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی وورد ، ڕووبەڕوبونەوەی ھێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تۆمەتبار و دروستبوونی تەقە ، توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی ( ھ ، ڕ ، ب ) دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ ، کە تۆمەتبار لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھێناوێتی یە ناو شاری سلێمانی و بەنیاز بووە بیبات بۆ شاری ھەولێر ، پێش بەئامانج گەیاندنی کارەکەی ، دەستگیر کرا و ماددە ھۆشبەرەکەش دەستی بەسەردا گیرا ، تۆمەتبار بەپێی ماددەی ( ٢٥ ) لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان ڕاگیراوە .
ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: لێرەوە داوای لێبوردن لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەگشتی و ھاوڵاتیانی ( گەڕەکی تاسلوجە ) بەتایبەتی دەکەین ، کە لەکاتی ئەم چالاکیەدا ، بۆماوەیەکی کاتی تەقە دروست بووە ، ھەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە کە ئێمە وەک ئاسایش ھەمیشە ھەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بەردەوامە ، گەرچی ھەندێکجار دۆخەکە وادەخوازێ کە تەقە دروستببێت ، دووبارە داوای لێبووردن دەکەین .
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.