هەواڵ

ئێران بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكێتی و پارتی لێكنزیك دەكاتەوە

Mic
2022-06-25

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدرێتە كەسێك كە هەردوولایان لەسەری كۆك بن و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش پێی رازی بێت، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق هەبوو، لەبەرامبەردا لەحكومەتی عێراق پۆستێكی دیكە دەدرێتە بەرهەم ساڵح.
بەپێی ئەو زانیاریانەی مایك لەدوو سەرچاوەی ناو پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی ئێرانی بەجیا لەپارێزگای هەڵەبجە و دواتریش لەهەولێر چاویكەوتووە بەبەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامانجی سەرەكیش یەكلایكردنەوەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و رێككەوتنی یەكێتی و پارتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، هاوكات ئێرانیەكان ئامۆژگاری یەكێتی و پارتییان كردووە لەسەر پرسی نەوت و گاز لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتن ئەنجام بدەن.
 دوای سەردانی وەفدە ئێرانییەكە كە تائێستاش نازانرێت لەچی ئاستێكدا بوون، بە پێی زانیارییەکان پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێڕاق رێککەوتوون کەهیچ یەكێك لە بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد نەبێت.
هەر بەپێی زانیاریەكان لە بەرامبەر کاندید نەکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یەکێتی داوای پۆستێکی باڵای بۆ بەرهەم ساڵح کردووە لەگەڵ چەند دەستکەوت و پۆستێکی دیکە،   پارتیش پێشنیازی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆ بەرهەم ساڵح کردووە.
لەدوای كۆبوونەوەی وەفدی ئێران لەگەڵ پارتی، هەریەک لە پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایانکرد حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمانی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی پێکبهێنرێت و دەبێت کێشەکانی نیوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەما دەستوریەکان چارەسەربکرێن و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و لایەنە سوننەكان هاوپەیمان بوو، بەڵام دوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر دواتریش كشانەوەی سوننەكان و چوونە پاڵ هەماهەنگی شیعەكان، پارتی ڕازی بووە لەگەڵ هەماهەنگی شیعەكان گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی بكات.
بەپێی زانیارییەکانیش پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر نەوتی هەرێم هەڵپەسێردرێت تا کاتی دەرچوونی یاسای نەوت و غاز لە عێراق، هاوکات پارتیش لەگەڵ یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمن بۆ کردنەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و غازی هەرێم، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و غازی هەرێمی رەتکردەوە.
١٣ی ئەم مانگە فراکسیۆنی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە و بەوەش دۆخی سیاسی عێراق کەوتە قۆناغێکی نوێوە، کە هەندێک بە کرانەوەی گرێکوێرەی چەقبەستویی سیاسی و هەندێکی دیکەش بە درێژەپێدەری گرفت و ناکۆکییەکان ناوی دەبەن، تائێستاش ڕوون نییە لەئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە كۆنەكان و ئەنجامدانی رێككەوتنی نوێ چی بەسەر دۆخی عێراق دێت.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.