هەواڵ

كێ لەپشت هێرشەكانی سەر كیڵگەی غازی كۆرمۆر و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمە؟

Mic
2022-06-25

 كۆمەڵێك ئەفسەری سوپای عێراق و هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای عێراقی بەڕێكەوتن بۆسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لە گوندی زنانە ڕێگرییان لێكردن و پاشەكشەیان پێكرا، ئاژانسی رۆیتەرزیش ئامانجی پشت هێرشەكانی ئەمدواییە بۆ كۆرمۆر و كێڵگە نەوتیەكان ئاشكرا دەكات.
بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی بەرپەرچدانەوەی خێرا (رد سریع) ی عێراق لە شارۆچكەی خورماتوەوە لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی سوپای عێراق لە پارێزگای كەركوكەوە، بەڕێكەوتن بۆسەر كێڵگەی نەوتی كۆرمۆر، بەڵام پاشەكشەیان پێكرا، ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەیەكە بەغدا فشارەكانی بۆسەر هەرێم چركردووەتەوە تا نەوت رادەست بكات، لەماوەی سێ رۆژی رابردووشدا دووجار بە كاتیۆشا هێرشكراوەتە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر.
وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدێی زنانە ڕایگەیاند: هێزەكە پێكهاتبوون لە لیوای یەكی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە خورماتووەوە هاتبوون لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی سوپای عێراق لە كەركوكەوە كە كوردیشیان تێدابوو، بەڕێكەوتن بۆ كێڵگەی غازی كۆرومۆر لە چەمچەماڵ بەناوی بەدواداچوون بۆ هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێ.

 

دوێنێ هێرشێكی موشەكیی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر
وتیشی: لەلایەن هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانەوە ڕێگایان پێنەدرا و بە دانوستان گەڕانەوە، ئێستا ئەو هێزە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
وتەكانی وەهاب ئەحمەد لەكاتێكدایە، دوێنێ هێرشێكی موشەكیی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە گوندی كۆرمۆری چەمچەماڵ و ڕاگەیەندرا، كە هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند كارگەیەكی چیمەنتۆی نزیك لەكێڵگەكە بەركەوتووە.
هەروەها، ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگەش هێرشی موشەكیی كرایە سەر ئەو كێڵگەیە و كۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند: دوو كارمەندمان بە سوكیی لەو هێرشەدا بریندار بوون.
كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەوێتە سنووری شارەدێی قادركەرەم  لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و كۆمپانیای دانەغاز-ی ئیماراتیی كاری دەرهێنان و هەناردەكردنی غاز دەكات لە كێڵگەكەدا.

 

لەناوەڕاستی ئەم مانگە، هێرشێكی هاوشێوە كرایە سەر پاڵاوگەیەكی كۆمپانیای كاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێر 
لەناوەڕاستی ئەم مانگە، هێرشێكی هاوشێوە كرایە سەر پاڵاوگەیەكی كۆمپانیای كاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێر و بەهۆیەوە گڕی تێبەربوو، ئەو كۆمپانیایەی بەشێكی زۆری نەوت و گازی هەرێم دەفرۆشێت و مامەڵەی پێوەدەكات، دواتر دژەتیرۆری كوردستان رایگەیاند هێرشەكە لەنەینەواوە ئەنجامدراوە و شەش مووشەك بوون.
لەمانگی چواری ئەمساڵیش بەهەمانشێوە ئەو پاڵاوگەیە كە لەناوچەی گوێرە بەهەمانشێوە مووشەكی پێوەنرا، بەڵام هاوشێوەی هێرشەكانیی دیكە هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی نەگرتەئەستۆ.
هێرشەكانی ئەمدواییە، هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی سەدر و فشارەكانی ئێران بۆ سەر هەماهەنگی شیعەكان و كورد تا رێكبكەون و بەزووترین كات حكومەتی نوێ پێكبهێنن، بەوهۆیەوە چەند سەرچاوەیەك بە حوڕەی ئەمریكیان وتووە "ڕەنگە ئەو هێرشانە پەیوەندییان بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیشەوە هەبێـت، جیاواز لەفشارەكان بۆ ڕادەستكردنی نەوت و گازی هەرێم بەبەغدا".

 

ئەوەی ئێران و لایەنە شیعەكانی توڕەكردووە، نیازی هەرێمی كوردستانە تا گازی سروشتی رەوانەی توركیا و پاشانیش ئەوروپا بكەن
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەوەی ئێران و لایەنە شیعەكانی توڕەكردووە، نیازی هەرێمی كوردستانە تا گازی سروشتی رەوانەی توركیا و پاشانیش ئەوروپا بكەن، بەوهۆیەوە ئێران لەڕێگەی میلیشیاكانی نزیك لێی لەمانگی ئازاری  ئەمساڵەوە دەستیكردووە بە موشەكبارانی هەرێم و جاروباریش درۆن دەنێرێتە ئاسمانی هەرێم.
چەند بەرپرسێكی عێراقی و توركی كە ئامادەنەبوون ناوی خۆیان ئاشكرا بكەن بە رۆیتەرزیان وتووە: ئەو هێرشانە پەیامن بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كە شكست بە پرۆژەی راكێشانی غازی هەرێم بۆ توركیا و ئەوروپا بهێنن كە ئیسرائیل ئامانجیەتی پرۆژەكە سەربگرێت.
هاوكات بەرپرسێكی عێراقی و بەرپرسێكی ئەمریكیش ئەوەیان بۆ رۆیتەرز پشتڕاستكردووەتەوە، شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار گروپی پارتی كە مامەڵە بەنەوت و غازی هەرێمەوە دەكات پلانی ئەوەی هەیە غازی هەرێم ڕەوانەی توركیا و پاشانیش ئەوروپا بكات و ئیسرائیلیش لەو پرۆژەیەدا لەڕێگەی كۆمپانیاكانیەوە بەشدارە.


More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.