ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی ئاماری شەش مانگی ڕابردووی بەكارهێنان و بازرگانیكردنی بە ماددەی هۆشبەر لەپارێزگاكە بڵاوكردەوە، جگە لەئامارەكە ئاسایش ڕایگەیاند سلێمانی و هەرێمی كوردستان وەك شوێنێك بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنرێت.
یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەشەش مانگی ڕابردوودا 240 تۆمەتبار دەستگیركراون، لەو ژمارەیە 229 یان لەڕەگەزی نێر و 11 كەسیشیان لەڕەگەزی مێ بوون.
وتیشی: لەو 240 كەسەی دەستگیركراون 67 یان بازرگان و 173 شیان بەكارهێنەربوون، لەو كەسانەشی بازرگانی ماددەی هۆشبەربوون 66 یان لەڕەگەزی نێر و یەكێكیشیان مێ بووە.
بەپێی ئەو ئامارەی ئاسایشی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، لەشەش مانگی رابردوودا 65 كیلۆ و 797 گرام شیشە و حەوت كیلۆ و 234 گرام حەشیش و پێنج كیلۆ و 43 گرام هیرۆین و چوار كیلۆ و 37 گرام و نیو تلیاك و 25 گرام توتنی زەرد و هەشت گرامیش توتنی سەوز دەستیبەسەرداگیراوە.
هاوكات هەربەپێی ئامارەكە 18 فەردەی 50 كیلۆیی و چوار كارتۆن حەپی ترامادۆڵ لەشەش مانگی ڕابردوودا دەستیبەسەرداگیراوە، لەئەنجامی هەڵمەتەكانی ئاسایشی سلێمانیش بۆ دەستگیركردنی بازرگانان و بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر ئاسایشێك لەكاتی ڕوبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارێكدا گیانی لەدەستداوە و سێ ئاسایشیش برینداربوون.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: تاوەکو ئێستا لانیکەم 999 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. هەروەها زیاتر لە 1200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر کە کێشەکەی لە دادگە یەکلایی بووەتەوە، لەناوبراون و سووتێندراون، جگە لە لەناوبردنی هەزاران حەبی هۆشبەر.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەو 999 تۆمەتبارە دراونەتە دادگاکان، 682 تۆمەتباریان لەلایەن دادگاوە سزادراون و 338 تۆمەتباری دیکەشیان دوای تەواوبوونی سزاکانیان ئازادکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، 45 تۆمەتباری دیکەش بە دەستەبەری (کەفالەت) ئازادکراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو: بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، 132 کیلۆگرام و 729 گرام بووە، هەروەها ئەو دەرمانی پزیشکییە هۆشبەرانەش دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە "282 شیت و 136 پاکەت."
هەر لەو ماوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستی بەسەر چوار هەزار و 450 دۆلاری ساختەدا گرتووە.
بەپێی ڕوپێوی ژمارەیەك لەو ڕێكخراوانەی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر كار دەكەن؛ لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 10 هەزار كەس ئاڵوودەی جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر بوونە و حكومەتیش هیچ بودجەیەكی بۆ چارەسەركردنیان تەرخان ناكات.
بەپێی ڕوپێوی ڕێكخراوەكان، ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەكاردێنن زۆربەیان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان 25 تاوەكو 45 ساڵیدایە و بەشێكیش لەوانە ژنن.
بەپێی زانیاریەكانی مایك كە سەرچاوەیەكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم دەستیكەوتوون: بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردووە، تائێستاش زیاتر لەدوو هەزار كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكرد بەماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە " بەهۆی زۆری ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر ڕێژەی تاوان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە زیادبووندایە. "
سەرچاوەكە وتیشی :"لە ئێستادا ژنانیش ماددەی هۆشبەرەكان بەكاردێنن و لە ڕێگەی جیاوازیشەوە ماددەی هۆشبەر دەبرێتە ناو چاكسازییەكان، بەڵام ناكرێت زانیارییەكان ئاشكرا بكرێن، چونكە خەریكی لێكۆڵینەوەین".
هەرێمی كوردستان لە ترانزێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر
بەپێی رووپێوییەك كە چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامیانداوە، دەركەوتووە نزیكەی 10 هەزار كەس لەهەرێم ئاڵوودەی جۆرەكانی ماددەی هۆشبەرن، بەڵام شوێنەكانیان نازاندرێت یاخود كەسوكارەكانیان نایانەوێت دەستگیر بكرێن، ڕێكخراوەكان پێیانوایە ئەم ژمارەیە زۆر مەترسیدارە".
لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، چەند كێڵگەیەكی چاندنی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم دەستیانبەسەردا گیراوەو كۆمەڵێك كەسیش دەستگیر كراون، هەرچەندە بەوتەی بەرپرسانی ئاسایش سەرجەم كێڵگەكانی چانددنی ماددەی هۆشبەر لەناو براون، بەڵام بەپێی زانیاریەكان ئەوەی لەكوردستان هەن ماددەی سەرەتایین و بەنهێنی دەبرێتە ئێران و لەوێ ماددەی هۆشبەری لێ دروستدەكرێت و دواتر دەهێندرێتەوە هەرێمی كوردستان واتە، هەرێمی كوردستان وەكو ترانزێتی لێ هاتووەو خەریكە دەبێتە وڵاتێكی بەرهەمهێن.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان، زۆرتر جۆرەكانی (تلیاك، هێرۆین، كریستاڵ، ماریگوانا و حەشیش) دەهێندرێتە هەرێمی كوردستان، بازرگان و بەكارهێنەران بەیەكەوە زیندانی دەكرێن بەشێك لەو كەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەكەن لەگەڵ ئەوانەی بەكاریدەهێنن بەیەكەوە دەستگیر دەكرێن و لەیەك گرتوخانەدا زیندانی دەكرێن.
دوو مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت، مانگی
داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، کەمی خزمەتگوزاری لە عێراق و قەیرانی
مووچە لە هەرێم، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێژەی بەشداریکردنی خەڵک دەبێت.
رۆژی 11ـى 11ـى 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، مانگێک پێش ئەنجامدانی
هەڵبژاردن، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەڵام کەمی رێژەی بەشداریکردنی
هاوڵاتییان مەترسی بۆسەر شەرعیەتی هەڵبژاردنەکە دروست دەکات.
هەڵبژاردنی مانگی تشرینی
دووەمی عێراق، هەڵبژاردنێکی پڕ لە ململانێ و رکابەرییە لە نێوان حزب و
کاندیدەکاندا، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکە فرەبازنەیی و کروەیە، ململانێکان تەنها لەنێوان
لایەنەکاندا نابێت و بەڵکو کاندیدەکانی
ناو خودی یەک لستیش دەگرێتەوە.
نزیکەی هەشت هەزار کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەربژێر کردبوو، زیاتر لە 700 کاندید لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوورخراونەتەوە، بەو
پێیەی لە پرۆسەی وردبینیکردندا دەرنەچوون.
هەڵبژاردنی ئەمجارە لەکاتێکدایە، عێراق هاوینێکی بێ
کارەبای بەڕێکرد و ئاستی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی عێراق لە ئاستێکی خراپدایە،
ئەو لایەنانەیشی دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، هەمان ئەو لایەنانەن کە ئێستا لە عێراق
دەسەڵاتدارن و جومگە گرنگ و هەستیارەکانی وڵاتیان بەدەستەوەیە.
هەرچەندە بەراورد بە عێراق رەنگە ئاستی خزمەتگوزاری لە
هەرێم باشتر بێت، بەڵام دواکەوتنی مووچە، ببڕستی لە هاوڵاتییان بڕیوە و جوڵەی
بازاڕی وەستاندووە و کاروکەسابەتی هاوڵاتییانی نەهێشتووە.
لەگەڵ ئەوەی هەڵبژادن دوای هەڵبژاردن، رێژژەی
بەشداریکردنی هاوڵاتییان کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە رەنگە رێژەکە زۆر کەمتر
ببێتەوە، بەو پێیەی موقتەدا سەدر بەشداری ناکات و لایەنی رکابەری نوێی بەهێزیش
نەهاتووەتە ناو پرۆسەکەوە.
لەرووی دەستوریی و یاساییەوە، رێژەی کەمی بەشداری
هاوڵاتییان کارناکاتە سەر پرۆسەکە، بەڵام رێژەی کەمی بەشداریکرد، شەرعییەتی
هەڵبژاردن لە عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە و نیشانەی بێمتمانەیی خەڵکە بە هەڵبژاردن
و گۆڕانکاری لە رێگەی هەڵبژاردنەوە.