تائێستا دوو كۆمپانیای ئەمریكی لەهەرێم پابەندی خۆیان بەبڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاندووە، دانەغازیش فراوانكردنی كارەكانی ڕاگرت.
كۆمپانیای دانەغاز كە لە بواری وزە كاردەكات، راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای هێرشە موشەكییەكانی چەند رۆژی رابردوو بڕیاریان داوە بە راگرتنی كارەكانیان لە فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ ماوەیەكەی كاتی لە سنوری چەمچەماڵ تا ئەو كاتەی دۆخەكە ئەمنییەكان ئاسایی دەبنەوە.
كۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بە كەوتنەخوارەوەی دوو موشەك كردووە لە رۆژەكانی هەینی و شەممەدا لە كێڵگەی كۆرمۆری هەرێمی كوردستان و باسی لەوەشكردووە كە موشەكەكان هیچ زیانێكیان نەبووە و بەرهەمهێنان بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوامی هەیە.
كۆمپانیاكە دەشڵێت: بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەماهەنگی دەكەن كە لەگەڵ حكومەتی عێراق پاڵپشتی بەهێزی خۆیان بۆ كۆمپانیاكە دەربڕیوە.
دانەغاز ئەوەشی خستووەتەڕوو: حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكاری پێویستی لەبارەی هێرشەكەوە گرتووەتەبەر و ئاسایشی ناوچەی كۆرمۆری باشتر كردووە و هێزێكی زیاتری سەربازی نۆ ناوچەكە دابین كردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی شەممە بۆ جاری سێیەم لەماوەی 24 كاتژمێردا بە موشەك هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، پاشانیش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت و وەزیری پێشمەرگە و چەند بەرپرسێكی باڵا سەردانی كۆمپانیاكەیان كرد لەكۆرمۆر.
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینیش، بە دوو جاری جیاواز هێرشكرایە سەر كێڵگەكە و زیاتر لە پێنج موشەك ئاڕاستەی كێڵگەكە و كۆمپانیای دانەغاز كران لە سنوری قادركەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ.
بەپێی زانیاریەكان موشەكەكان بەر هەمان شوێنی هێرشی یەكەم كەوتوون كە شووێنی فراوانكردنی بەرهەمهێنانی گازی شل بووە.
لە ٢٢ی ئەم مانگە هێرشێك كرایە سەر كۆمپانیای دانەغاز لە سنوری چەمچەماڵ لە كاتژمێر چوار و ٤٥ خولەكدا و دواتریش دژەتیرۆری كوردستان رایگەیاند، هێرشەكە لەرێگەی كاتیۆشاوە بووە.
پاتریك وارد بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەغاز پێشتر باسی لەوەكردبوو، بەپێی پلانی ئەوان تاكو ساڵی ٢٠٢٣، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی رۆژانە بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا زیاد دەكەن، واتا بڕەكەی لە ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجاوە بۆ ٦٩٠ ملیۆن پێ سێجا زیاد دەكەن.
كۆمپانیای دانەغاز كۆمپانیایەكی ئیماڕاتییە و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە بۆ پەرەپێدان و دەرهێنانی گازی سروشتی هەرێم.
هەر ئەمشەو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكیدا ڕایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەكات، وتیشی زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێین، هێرشكردنە سەر هەر شوێنێك لە كوردستان، هێرشكردنە بۆ سەر هەموو كوردستان و خەڵكی كوردستان بە گشتی.
لەپەیامەكەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم كە ئیرادەیان بەهێز بێت، ئەمە هێرشێكی ئاشكرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێكە لە هەوڵێكی تێكدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەكان و كارنامەی چاكسازیمان. بەڵام دلنیابن وەك هەمیشە خۆڕاگر دەبین .
لەلایەكی دیكەوە كۆمپانیای (شلومبێرگەر)ی ئەمریكی كە لە بواری خزمەتگوزاری نەوتی هەرێمدا كار دەكات، پابەند بوونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگەیاند و مەرجەكانی پەسەند دەكات.
لەدوای بڕیاری كشانەوەی كۆمپانیای (بەیكەر هیوز)ی ئەمریكی كە لەبواری خزمەتگوزاری نەوتی هەرێمدا كاری دەكرد، لە نوسراوێكدا بۆ وەزیری نەوتی عێراق كۆمپانیای (شلومبێرگەر)ی ئەمریكی كە ئەویش لە بواری خزمەتگوزاری لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كار دەكات پابەند بوونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق و مەرجەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە راگەیاند.
دوای بڕیاری كشانەوەی دوو كۆمپانیای ئەمریكی و راگرتنی فراوانكردنی كارەكانی دانەغاز، هەر ئەمڕۆ، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان و لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كشانەوەی چەند كۆمپانیایەكی بیانی وتی: كۆمپانیاكان دڵنیا دەكەینەوە كە دۆخێكی سەقامگیریان بۆ دابین دەكەین تا بتوانن بەردەوامی بەكارەكانیان بدەن لە هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی: سەرجەم رێگا دیبلۆماسی و سیاسی و یاساییەكان بەكاردەهێنین بۆ بەرگریكردن لە كۆمپانیاكان و گرەنتی دابینكردنی ئاسایش و سەلامەتی بۆیان.
هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بڕ و شێوازی رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بڕی داهاتی ناوخۆ و وادەی دابەشکردنی مووچە ناکۆکن و هەردوولاش پێداگیری لەسەر داواکارییەکانی خۆیان دەکەنەوە.
دەقی پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت، داهاتی نانەوت و مووچە بڵاودەکرێتەوە و وردەکاریی ناکۆییەکانیان ئاشكرا دەبێت.
سەبارەت بە پرسی هەنارەکردنی نەوت، هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی پێشکەش کردووە، یەکەمیان تایبەتە بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و دووەمیان بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانە کە لە هەردوو پێشنیازەکەدا ئامادەیی بۆ دەستبەجێ رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەربڕیووە.
لە حاڵەتی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر کاری لیژنە هاوبەشە تەکنییکییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە دوای لێدەرکردنی پێویستی ناوخۆ بەرهەمی نەوت رادەست بکات.
لە رەشنووسەکەی هەرێمی کوردستاندا، بەرهەمی ئێستای نەوت بە 282 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا دیارییکراوە، کە 65 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانکراوە.
لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانیشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی رادەستکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ تا ئەو کاتەی لەسەر بنەمای کاری لیژنەی تەکنیکی هاوبەش ڕێککەوتن دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لە پێشنیازەکانیدا پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەکاربردنی ناوخۆیی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان دەبێت کە بڕەکەی بە 65 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندووە.
پرسی داهاتە نانەوتییەکانیش کە خاڵێکی دیکەی ناو رەشنووسەکەیە هەرێمی کوردستان پێداگیرە لەسەر ئەو شێوازەی لە رابردوو بۆ رادەستکردنی داهاتی ناونەوتی پەیڕەو کراوە، هەر بۆیە پێشنیازی کردووە، 50% لە ڕسوماتی گومرگی و باجی دەروازەکان بە حکومەتی فیدراڵ بدرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەقی پێشنازەکانیدا کە لەو رەشنووسەدا لەسەر پرسی مووچە هەیە، داوای دەستبەجێ خەرجکردنی مووچە دەکات، ئەوەیش بە پشت بەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ساڵی 2023دا کە هەرێمی کوردستان وەک نمونە باسی کردووە، جەخت دەکاتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە هۆکار بۆ پشتگوێخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا.
حکومەتی عێراق داوای هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ رادەستکردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکۆکە و پێشنیازی دەستبەجێ رادەستکردنی تەواوی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ کە خۆی بە 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندوویەتی.
لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.
داهاتە نانەوتییەکانیش خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدایە، هەرێمی کوردستان پێشنیازی پێدانی نیوەی داهاتەکان دەکات، بەڵام عێراق مەرجی هەیە و پێشنیازی کردووە مانگانە داهاتەکەی پێبدرێت بە مەرجێک نابێت لە 200 ملیار دینار کەمتر بێت.
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ماوەیەک کەمتر لە 90 رۆژدا، دواتر تەمویلکردن بە شێوەیەکی یەکجارەکی دەبێت.
حکومەتی عێراق پێشنیازیشی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ هەموارکردنی ماددەی (13/سێیەم)ی یاسای بودجە.
خەرجکردنی مووچە کێشەیەکی دیکەی نێوان هەردوو حکومەتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەستبەجێ خەرجکردنی دەکات، بەڵام حکومەتی عێراق بە مەرجیجێبەجێکردنی بڕگەکانی یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەم ناو رەشنووسەکەی لەلایەن هەرێمەوە و دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەیی دەبڕیووە پارە بۆ مووچە خەرج بکات.
حکومەتى عێراق لە پێشنیازەکانیدا جەختی لە پێکهێنانى لیژنەیەک کردوەتەوە بۆ پرسی بەجێکردن یان بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
تا کەی مووچە نایەت؟
رەشنووسەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەریدەخات ناکۆکییەکان قوڵ و ئاڵۆزن تا یەکلایی بوونەوەیان حکومەتی عێراق ئامادە نییە پارەی مووچە بنێرێت.
ئێستا هەموو ئومێدی مووچەخۆران بەو لیژنەیەیە کە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە پێنج وەزیر پێکیهێناوە کە بڕیارە لە 9ـی تەمووزەوە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.