هەواڵ

كەسوكاری د.هۆشیار لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە

Mic
2022-08-04

ئەمرۆ كەسوكاری د.هۆشیار ئیسماعیل ئەو مامۆستا ئاینیەی لەساڵی 2016 لەهەولێر كوژرا، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گردبوونەوە و داوای بەسزاگەیاندنی بكوژەكەی دەكەن، دەشڵێن بكوژ لەزیندان لەبری ئەوەی سزا بدرێت خەڵاتكراوە و رۆژانەش پارەی پێدەدرێت، شارەزاییەكی یاساییش دەڵێت کەسێک بەسزای لەسێدارەدان سزا بدرێت، ھەموو ھەڵسوکەوتەکانی پوچەڵە، جگە لەوەسیەتکردن و وەقفکردن.
دوێنێ  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: خەڵاتكردنی بكوژی شەهید (دكتۆر هۆشیار ئیسماعیل) بە خەرقێكی گەورەی هەیبەتی دادگا و سەروەری یاسا دەزانین، هەروەها ئاسانكاریە بۆ تەشەنەكردنی تاوان و لە یاسا دەرچوون،بە توندی ئەو كارە نایاساییە رەتدەكەینەوە.
لە راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا هاتووە: ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بابەتی خەڵاتكردنی بكوژی شەهید (دكتۆر هۆشیار  ئیسماعیل)بە خەرقێكی گەورەی هەیبەتی دادگا و سەروەری یاسا دەزانین، هەروەها ئاسانكاریە بۆ تەشەنەكردنی تاوان و لە یاسا دەرچوون و ڕێگە خۆشكردنە بۆ پشێوی كۆمەڵایەتی، بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژان، خەڵات دەكرێن.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی وتووە: ئەوەی كراوە لەم كەیسەدا، لەجیاتی بكوژ  لەسێدارە بدەن خەڵاتی دەكەن و لە راگەیاندن شانازی پێوە دەكەن، ئەوە مایەی ئیستفزاز و سوكایەتی كردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوكارانی شەهید دكتۆر هۆشیار.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت: بەداخەوە چەندان جار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێكردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بكوژانی دكتۆر هۆشیار بەڵام نەك جێبەجێیان نەكرد بەڵكو خەڵاتیان كرد.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی ئەوەشی خستووەتەڕوو: داوا دەكەین داواكاری گشتی ئەو بێڕێزیە بە بڕیارەكانی دادگا قبوڵ نەكەن و دەسەڵاتداران چیتر سوكایەتی بە مافی ستەملێكراو و بڕیارەكانی دادگا نەكەن.
رۆژی سێشەممە 2ی ئابی 2022، لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی هەلێر مەراسیمێك رێكخرا بۆ بەخشینی بڕوانامە بۆ دوو سزادراو كەوا بەسەركەوتووی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان بەدەستهێنابوو.
د. هۆشیار ئیسماعیل، مامۆستای ئاینی شاری هەولێر و بەرپرسی لقی هەولێری مەكتەبی زانایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان،  شەوی 22ی11ی 2016،  لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە هەولێر بە دەستدرێژی گولـلە كوژرا.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خەڵاتكردنی بكوژەكە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: ئێمە وەكو وەزارەت دووپاتی دەكەینەوە كەسەرجەم كارەكانمان خزمەتە بەھەموو چین و توێژەكان و بەتایبەت لە چاكسازییەكانی سەربەوەزارەتمان كەناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی (چاكسازی) واتە ئەو كەسانەی هەڵە یاخود تاوانێك ئەنجام دەدەن لە كۆمەڵگەدا و دوای وەرگرتنی سزای ئەو تاوانە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، كە سزادان و دادگایی كردن لەدەسەلاتی وەزارەتمان دا نییە ئەوە ئەركی دەسەڵاتی دادوەرییە.
 وەزارەتی كار و كاروبارری كۆمەڵایەتی ئەوەشی خستبووەڕوو: پاشان جێبەجێ نەكردنی یاسای لە سێدارەدان پەیوەندی بە وەزارەتمانەوە نییە چەند ساڵێكە لە ھەرێم راگیراوە، ئێمە وەكو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی و هەر شەش بەڕێوەبەرایەتیەكەی چاكسازی لەسەر ئاستی هەرێم كاری ئێمەیە بەپێی یاساو رێنمای چاكسازی لەم سزاداراوانەدا بكەین و دووبارە شیاندنەوەیان بۆ بكرێت وەك تاكێكی تەندروست  بگەرێتەوە بۆ ناوكۆمەڵگە، بەخشینی بڕوانامە كەمكردنەوە یان لێخۆشبوون نییە لەسزاكەی تەنھا پاڵپشتی مەعنەویییە بۆ ھەموو سزادراوان.
لەبارەی ئەو سزایەوە د.ئیسماعیل نامیق كە دكتۆرای هەیە لەیاسا لە پۆستێكی فەیسبووكدا نوسیویەتی: کەسێک بەسزای لەسێدارەدان سزا بدرێت، ھەموو ھەڵسوکەوتەکانی پوچەڵە، جگە لەوەسیەتکردن و وەقفکردن، واتە دەتوانێت تەنھا وەسیەت و وەقف بکات. 
ئەو شارەزایەی بواری یاسا دەشڵێت: ئەو سزادراوەی کەخەڵاتکرا، لەزانکۆیەکی ئەھلی خوێندویەتی، واتە بەگرێبەست و لەسەر  حسابی خۆی خوێندوێتی، ئەمە لەڕووی یاساییەوە نادروست و رێگەپێنەدراوە، نەئەبوو رێگەی پێبدرێت بخوێنێت. ئەمە تەنھا رایەکی یاساییە و پەیوەندی بە حیزب و ھەڵبژاردن و ئەو شتانەوە نیە، تەنھا بۆ بەرچاو روونی.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.