موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر بەتویتێك خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی لەبەغدا دواخست، كە ئەوەش بڕیارێكی كتوپڕی سەدر بوو وەك هەمیشە،ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمرۆ وەزیرەكەی لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەوڵدان بۆ نانەوەی شەڕی ناوخۆ تۆمەتبار كرد.
موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر ئەمرۆ لەتویتێكدا رایگەیاند خۆپیشاندانی ملیۆنی رۆژی شەممەی داهاتوو دوادەخات، بەڵام راشیگەیاند تا بەدەستهێنانی داواكاری خۆپیشاندەران لەمانگرتن بەردەوام دەبن.
سەدر لەتویتەكەیدا نوسیویەتی: گەل لەمانگرتن بەردەوام دەبێت تا داواكارییەكانی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام كاتی خۆپیشاندانە ملیۆنیەكە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دوادەخەین تا كاتێكی دیكە و رێنمایی نوێ دەدەین.
هەرچەندە پێشتر سەركردەیەكی نزیك لەموقتەدا سەدر رایگەیاندبوو داواكاری خۆپیشاندانی لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، موقتەدا سەدر ناترسێنێت لەوەی خۆپیشاندانی ملیۆن ڕێكبخات، بەڵام وەك بەشێك لەمیدیا عێراقیەكان بڵاویانكردووەتەوە هۆكارەكەی ئەوەیە كە سەدر ترسی ئەوەی هەبووە لەكاتی خۆپیشاندانی ملیۆنی رۆژی شەممە لەنێوان لایەنگرەكانی و لایەنگرانی هەماهەنگی شیعەكان ئاڵۆزی دروست ببێت و دۆخەكە لەدەست دەربچێت.
پێشتر ساڵح محەمەد عێراقی كە بەوەزیرەكەی سەدر ناسراوە، لەتویتێكدا رایگەیاند: سێ یەكی پەكخەر یاری بە ئاگر دەكەن، كە مەبەست لێی هەماهەنگی شیعەكان و لایەنەكانی نزیك لێیەتی، هەروەها تۆمەتباریشی كردن بە نانەوەی ئاژاوە و هەوڵدان بۆ دروستكردنی شەڕی ناوخۆ لەنێوان گەلانی عێراق، هاوكات تۆمەتباریشی كردن بەوەی دەیانەوێت توندوتیژی بەرامبەر هێزە ئەمنیەكان بەكاربهێنن.
وەزیرەكەی سەدر ئەوەشی خستەڕوو: ڕەوتی سەدر بۆ چاكسازی خۆپیشاندان دەكات، بەڵام هەماهەنگی شیعەكان دژ بە چاكسازی خۆپیشاندان دەكات، وتیشی هەرچەندە تێبینیمان هەیە لەسەر ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەڵام هێرشكردنەسەری هێڵی سورە.
رەوتی سەدر و هەماهەنگی شیعەكان شەقام بۆ فشار خستنە سەر یەكتر بەكاردەهێنن، رۆژی 30 ی مانگی رابردوو لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە ناو بینای پەرلەمانی عێراق و دەستیان بەسەرداگرت، دواتریش هەماهەنگی شیعەكان داوایان لەلایەنگرانیان كرد بچنە ناوچەی سەوزی بەغدا.
لە 10 ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان لایەنە عێراقیەكان نەیانتوانیوە سەرۆكوەزیران و سەرۆك كۆمار هەڵبژێرن، ئێستاش سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەماهەنگی شیعەكانیش داوای مانەوەی دەكەن.
دوای چەندین کۆبونەوە، لە کۆتایی کۆبونەوەی ئەمڕۆی
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی
هەرێم پەسەندکرا، بەمەش بەستەڵەکی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا توایەوە و هیچ
بیانویەک بەدەست عێراقەوە نەما بۆ ناردنی مووچە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
دەنگی لەسەر دوو بڕیاردا سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە
بیانییەکان و پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان.
یەکەم: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە کرێی دەرهێنانی نەوت
بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی
کاش نەدرێت.
بەپێی بڕیارەکە، لە بری پێدانی پارە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت
کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو
نەوتە لە بازاڕەکاندا.
دووەم: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا
لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان - حکومەتی فیدراڵی
عێراق - کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).
مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق
گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق.
چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا
وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت
و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم دوو بڕیارە بە هەنگاوی گرنگ دادەنرێن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان
هەولێر و بەغدا.
بە جێبەجێکردنی
بڕیارەکان، حکومەتی عێراق هیچ بیانویەکی بەدەستەوە نامێنێت بۆ نەناردنی مووچەی
هەرێم و دەبێت قۆناغ بەقۆناغ موچەی مانگەکانی مووچە خۆرانی هەرێم بنێرێت، کە تا
کۆتایی ئەمساڵ دەکاتە شەش مووچە.