هەریەك لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان یەكگرتنەوەیان ڕاگەیاند،دوای ئەوەی بۆ یەكەمجار فەرەنسا دوای دابڕانیان پەیوەندی لەنێوان هەردوو حزبەكە دروستكردەوە.
لە راگەیەندراوێكی یەكگرتنەوەی ئەو دوو لایەنەدا هاتووە: "لەمڕۆ بە دواوە كۆتایی بە تێكۆشانی بەجیای هەر دوو لای دێموكرات دێت، ڕێكخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەكانی هەر دوو حیزب لە كوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕێككەوتنە دوو لایەنییەكان و ڕێوشوێنە دیاریكراوەكان و لەژێر ڕێنوێنی و چاوەدێریی ڕێبەرییەكی هاوبەشدا، لە ژێرناوی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا، یەك دەگرنەوە و درێژە بە تێكۆشانی خۆیان دەدەن."
لە مانگی كانوونی یەكەمی 2006 حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تووشی جیابوونەوە بوو، لەو ماوەیەدا لە ژێر ناوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان كاریان دەكرد.
ماوەی چەند ساڵێك بوو هەوڵەكان بۆ یەكگرتنەوەی ئەو دوو حزبە بەردەوام بوون و چەندین گەڕی دانوستان و گفتوگۆ لە نێوانیاندا ئەنجامدرا
بەڵام دوێنێ سەرئەنجام هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی یەكیان گرتەوە و وەك یەك حیزب بە ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كار دەكەن.
رێككەوتنەكە لە نێوان مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و خالید عەزیزی، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان واژۆ كراوە.
لەدوای یەكگرتنەوەی هەردوو حیزبەكە، مستەفا هیجری بووە سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و خالید عەزیزی دەبێتە وتەبێژی حیزبەكە، هاوكات 12 كەس دەبنە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن تاوەكو بەڕێوەچوونی كۆنگرە، كە بڕیارە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا ببەسترێت.
حیزبی دیموكرات لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مهاباد لەسەر بناغەی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ-ك) دامەزراوە، یەكەم رێبەری حیزبەكە پێشەوا قازی محەمەد بوو، دواتر ئەحمەد تۆفیق و دوای ئەویش عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، سەرەتا بە ناوی (حیزبی دیموكراتی كوردستان) دامەزرا، بەڵام دواتر ناوەكەی گۆڕدرا بۆ (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران).
لە دوای كۆنگرەی 13یەم، بەهۆی تێڕوانینی جیاواز لە بەڕێوەبردن، حیزبەكە جیابوونەوەی تێكەوت و بە فەرمی لە 16ی كانوونی یەكەمی 2006 حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیایی لە هەولێر جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگەیاند.
دوای ئەو جیابوونەوەیە، بۆ یەكەمجار هەردوو حیزب دوای چوار ساڵ كۆبوونەوە، دواتر كۆبوونەوەكان تاوەكو ئاستی دەفتەری سیاسی و كەسانی یەكەمی هەردوولا رۆیشت، بەڵام ئەنجامیان نەبوو.
لە 16 ساڵی رابردوودا، هەردوو حیزب لێكدووربوون و ماوەیەكیش پەیوەندییەكانیان گرژی تێكەوت، بەڵام سەرئەنجام چوونەوە ناو یەك حزب.
مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پرۆسەی یەكگرتنەوەی بە "سەخت" بەڵام بە "هیوابەخش" لە قەڵەمدا و رۆژی 3ی ئابی 2022 وتی: "لێكدابڕان، زیانی بە یەكگرتوویی خەباتی حیزبی دیموكرات گەیاندووە و پێداگری كردووە بە یەكگرتنەوە قەرەبووی قۆناغی دابڕان بكرێتەوە و گوڕوتینێكی پتر بە جووڵانەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان بدرێت.
هەروەها خالید عەزیزی، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانیش، لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەدا وتی: "بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد و هەنگاوی كاریگەر لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەكەمان ریزەكانمان یەكدەخەینەوە."
هەردوو لایەن رێككەوتن ناوەندێكی 12 كەسی، بەناوی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ ماوەی كەمتر لە ساڵێك و تاوەكو یەكەم كۆنگرەی هاوبەش، حیزب بەڕێوە دەبات، بەرپرسی ناوەندەكە كەسی یەكەمی حدكا و وتەبێژەكەشی كەسی یەكەمی حدك دەبێت.
دوو لایەنی دیموكرات تاوەكو ساڵی 2012 هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نەبوو، ساڵی 2012 بە هەوڵی فریدریك تیسۆ، كۆنسوڵی ئەو كاتی فەرەنسا لە هەولێر، كەسانی یەكەمیان (مستەفا هیجری و خالید عەزیزی) لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا كۆبوونەوە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.