هەواڵ

سوتاندنی لەچك، ناڕەزایی مامۆستایانی ئاینی لێدەكەوێتەوە

Mic
2022-09-20

دوێنێ ژمارەیەك لەرێكخراوەكانی ژنان و ژمارەیەك چالاكوان لەشاری سلێمانی گردبوونەوە وەك ناڕەزایی نیشاندان لە كوشتنی كچێكی كورد كە خەڵكی سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران، بەپاساوی نەگونجاوی جلوبەرگەكەی بەتایبەت ئەو لەچكەی لەسەریدا بووە.
لەگردبوونەوەكەدا ژمارەیەك لەژنان وەك ناڕەزایی نیشاندان لەچكیان سوتاند، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لەهاوڵاتیان و بەتایبەتیش مامۆستایانی ئاینی لێكەوتەوە، بەوهۆیەوە ئەمڕۆ رێكخراوی پێكەوە ژیان لەسلێمانی لەبەردەم باخی گشتی هەمان ئەو شوێنەی دوێنێ لەچكی تێدا سوتێندرا ناڕەزاییان دەربڕی.
لەوبارەیەوە مامۆستا نیاز هەورامی رایگەیاند:ئێوە بەناو داكۆكی لە مافی ژنان دەكەن، ئەگینا دین مافی تەواوی بە ژن داوە، بەدرێژایی مێژوو بیستوتانە مامۆستایەكی ئاینی ژنەكەی بكوژێت و كچەكەی بخنكێنێت، ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن لە دین و ئەخلاق نەگەیشتوون، بۆیە هەڵمەتەكانتان بەبێ مامۆستای ئاینی خەلەلی تیایە.
وتیشی: بەڵام ناكرێت لەژێر هەر بیانویەك بێت لەچك و سەرپۆش بسوتێنن.
ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵكی سەقز،  ئێوارەی ڕۆژی 13ی سێپتەمبەری 2022 لەلایەن هێزەكانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی كۆماوە، نیوەڕۆی هەینی رابردوو لە نەخۆشخانەی كەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەكانییەوە گیانی لە دەست دا.
گیان لەدەستدانی ژینا نەك تەنها كاردانەوەی ناوخۆیی بەڵكو كاردانەوەی جیهانیشی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمریكا و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەركۆنەی شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ژینا كرد.
تائێستاش لەشارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاوڵاتیان ناڕەزایی بۆ گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەردەبڕن، هەرچەندە حكومەتی ئێران رایگەیاندووە لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكات و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش پەیوەندی بە باوكی ژینا ئەمینییەوە كرد، بەڵام دەنگی ناڕەزایی بۆ گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی هێشتا كپ نەبووەتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.