هەواڵ

پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكهاتەكان لەسەر درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتن

Mic
2022-10-02

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێمدا ژمارەیەک فراکسیۆن بە واژۆی 85 پەرلەمانتار، پڕۆژە یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر نەوەی نوێ ڕایگەیاندبوو لەدوای شەشی 11 ی ئەمساڵ حكومەت و پەرلەمان شەرعیەتیان نامێنێت.
لەوبارەیەوە میدیای پارتی دەڵێت:  پڕۆژەیاساکە واژۆژی 45 پەرلەمانتاری پارتی، 22 پەرلەمانتاری یەكێتی، حەوت پەرلەمانتاری گۆڕان و11پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پێکهاتەکان، ئەو پڕۆژە یاسایەیان واژۆ کردووە.
میدیای پارتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئەو پڕۆژە یاسایە ئەمرۆ پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستان کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە تا دەنگی لەسەر بدرێت.
رۆژی شەشی مانگی داهاتوو، ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کوردستان کۆتایی پێدێت.
پێشتر مایك لەراپۆرتێكدا ئەوەی بڵاوكردەوە كە هەریەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و پێكهاتەكان ئامادەییان نیشانداوە لەدرێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری پارتی بن و لەبەرامبەریشدا پارتی بەڵێنی پێداون چەندین پۆستیان پێبدات.
پێشتر و لە 20-9-2022 کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییان لە دوای شەشی تشرینی دووەمەوە دەوام ناکەن لە پەرلەماندا، وتیشی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لەدوای ئەو ماوەیە وادەی یاساییان بەسەر دەچێت و شەرعیەتی حکومەت و پەرلەمان نامێنێت و دەچنە فەراغی یاساییەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشتی خستەڕوو: گرێبەستێکی یاسایی و ئەخلاقی لەنیوان خەڵک و پەرلەمان هەیە و خەڵک تەنها بۆ چوار ساڵ دەنگی بە پەرلەمان داوە نەک زیاتر، بەپێی دەستور و یاسا و پەیڕەو پەرلەمان ناتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.
"وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڕیارمانداوە لە دوای ٦ی ١١ وە دەوام ناکەین و نابینە بەشێک لە پێشێلکاری یاسایی و شەرعەیتدان بە نا شەرعیەتی، هەر پەرلەمانتارێکیش دەوام بکات شەرعیەت دەدات بە بڕیارێکی نا شەرعی." كاوە عەبدولقادر وای وت.
 

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.