هەواڵ

دادگای دهۆك سزای لەسێدارەدانی بۆ بكوژی باوك و كچێك دەكرد

Mic
2022-10-05

ئەمڕۆ دادگای دهۆک لەبارەی کوژرانی ئاخین و فارووقی باوکی کە لە زاخۆ لە لایەن کەسێکەوە کوژران، دانیشتنێكی ئەنجامدا، سەرئەنجام بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ بکوژی ئەو کچ و باوکە دەرکرد.
 رۆژی چواری ئابی 2022، ئاوارەیەکی کوردی ئێزدی بەناوی فارووق میرزا خەلەف، تەمەن 42 ساڵ لەگەڵ کچە بچووکە تەمەن شەش ساڵەکەی بەناوی ئاخین لە گوندی حەسەن رەشۆی سەر بە قەزای زاخۆ بێسەروشوێن بوون، دوای چوار رۆژ پۆلیسی دهۆك تەرمی فارووقی دۆزییەوە و دوای چەند رۆژێکیش تەرمی ئاخین دۆزرایەوە.
فارووق و کچەکەی لە رۆژی پێنجشەممە 4-8-2022، لە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆوە لە ماڵەوە چووبوونە دەرەوە، بەڵان شەوی 11-08-2022، پۆلیسی دهۆک لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لە دھۆک دوای کۆکردنەوەی زانیاری، توانی بکوژی فارووق میرزا خەلەف و کچەکەی لە گەڕەکی سەرھەلدان دەستگیر بکات. 
بەپێی زانیاریەكان بكوژەكە پێشتر تاوانی كوشتنی ئەنجامداوە و دوای سێ ساڵ ئازادكراوە، هەر بەپێی زانیارییەكان لە ساڵی 2021 بكوژەكە بە تۆمەتی رفاندنی دوو كچە منداڵی پەنابەری رۆژئاوای كوردستان دەستگیركراوە، دوای ئەوەی لە كامێراكانی چاودێرییەوە دەركەوتبوو دوو منداڵەكە دەباتە دەرەوەی شار، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئەوكات دادگا بكووژەكەی ئازادكردووە، لەكاتێكدا تا ئێستاش چارەنووسی ئەو دوو منداڵە نادیارە.
دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ بكوژەكە لەكاتێكدایە سزای لەسێدارەدان لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت، هەرچەندە لەعێراق جێبەجێ دەكرێت.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.