بە درێژایی شەوی رابردوو، خۆپیشاندان لە چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامبوو، بەگوێرەی نوێترین ئامار، ژمارەی كوژراو 400 كەسی تێپەڕاندووە و بەهەزاران كەسیش بریندارن و زیاتر لە 15 هەزار كەسیش تائێستا دەستگیركراون.
شەوی رابردوو تاوەكو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2022، لە شارەكانی بۆكان، مەریوان، دیواندەرە، بۆكان، سنە، ورمێ و مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان، خۆپیشاندان بەردەوامبووە، خۆپیشاندەران بە فیشەكی هەوایی، سووتاندنی تایە و داخستنی رێگاوبانەكان، روبەڕوی هێزە ئەمنییەكان دەبوونەوە.
خۆپیشاندەران رێگەی سەرەكی بۆكان – میاندوئاو، پیرانشار – سەردەشت، مەهاباد – میاندووئاو، میاندووئاو – ورمێ، مەهاباد – بۆكانیان بە داروبەرد داخستووە.
لەدرێژەی خۆپیشاندانەكان و بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە ئێران جگە لە هێزی سەربازی چەندین هێلیكۆپتەری شەڕكەری بردووەتە شارە كوردیەكان و ماڵپەڕی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دیمەنی سوڕانەوەی هێلیكۆپتەرەكانیان بەسەر ئاسمانی شارە كوردیەكان بڵاوكردووەتەوە.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی هەرانا، كە سەر بە ژمارەیەك چالاكوانی مافەكانی مرۆڤی ئێرانە، ئامارێكی نوێی لەبارەی كوژراو و دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان بڵاكردووەتەوە، بەگوێرەی ئامارەكە، تاوەكو ئێستا 402 كەس لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەوڵەت گیانیان لەدەستداوە، كە لەو ژمارەیە ٥٨ كەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
ئاژانسەكە، مەزەندەی كردووە، لەو ماوەیەدا 16 هەزار و 813 كەس لە ئێران دەستگیركراون كە لانیكەم 524 كەسیان خوێندكارن.
خۆپشاندانەكان زیاتر لە 150 شاری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە، هاوكات لە 150 زانكۆش بە بەردەوامی خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێن، دوای ئەوەی لە 16 ی ئەیلولی رابردوو ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقز دوای سێ رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دواتر ئاشكرابوو بەپاساوی نەشیاوی جلوبەرگەكەی لەگەڵ یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پۆلیسی ڕەوشت لەتاران دەستگیریان كردووە و ئەشكەنجەیان داوە.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران سەریهەڵدا و تائێستا كە زیاتر لەدوو مانگە بەردەوامە، لەسەر ئاستی جیهانیش پشتگیری بەرفراوانی دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمرۆ ئاژانسی میهری فەرمی ئێران هەریەك لە ئیمارات و بەحرەین و سعودیە وئەمریكای بە پشتیوانی خۆپیشاندانەكانی ئێران تۆمەتبار كرد.
سوریا دوای ئەسەد ؛دەرفەت و بنیاتنانەوەی نەتەوەیەک
نەجیبە مەحمود
ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی گەلانی سوریادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەتوانرێت ئاماژە بە چەند لایەنێکی سەرەکی بکرێت:
لەوانە :_ 1. ڕۆڵی سەربازی، کورد بەتایبەت هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شەڕی داعش و گروپە توندڕەوەکانی تردا بینی. ئەم هێزانە توانیان ناوچەیەکی فراوان لە دەستی داعش ڕزگار بکەن و وەک هێزێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بە تیرۆر ناسێنران.
2 دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ، کورد توانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەڕێوەببات و سەربازییەکی ئۆتۆنۆم بە ناوی (ڕۆژاڤا) پێکبهێنێت. ئەم سیستەمە بە جۆرێک هەوڵیدا نەخشە دیموکراسی و فرە کولتوورییەکان لە کۆمەڵگەی ناوخۆییدا جێبەجێ بکات.
3. کورد وەک گرووپێکی نەتەوەیی خاوەن مێژوو و کولتووری تایبەت بە خۆیان، بەشدارییان لە فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی وڵاتەکەدا کردووە. ئەوان بەدوای مافەکانیاندا دەگەڕان و ناسنامەی کولتووری خۆیان بپارێزن، لە هەمان کاتدا گرنگییان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی دیکەی سوریادا دەدا.
4. کورد ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دانوستانە سیاسییەکان سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوا و سوریا. ئەوان داوای دانپێدانان بە مافەکانیان و ئۆتۆنۆمییان لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراسیدا کرد. 5. لەگەڵ بوونی تەحەددیات و گرژیەکان، لە هەمان کاتدا ڕۆڵی کورد لە شۆڕشدا ، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سوریا و هەروەها لەگەڵ تورکیا کە نیگەران بوو لە کاریگەرییەکانی کوردەکان لەسەر سنوورەکانی. بە گشتی کورد وەک یاریزانێکی سەرەکی لە شۆڕشی رۆژئاوا و گەلانی سوریا لە گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەرکەوت و ڕۆڵی ئەوان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پرۆسەی گەشەسەندنی ئەم وڵاتە هەبوو. هەروەها لە ئێستادا لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت کە دەتوانێت لێکەوتەی زۆری بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و ناوچەکە هەبێت.
لە دۆخێکی وادا ئەو هەنگاوانەی کە دەتوانرێت ئەنجام بدرێن وەک - دامەزراندنی حکومەتی ئینتقالی، دوای ڕووخانی حکومەت پێویستە حکومەتێکی ڕاگوزەر دابمەزرێنرێت کە نوێنەری سەرجەم نەتەوە لەخۆ بگرێت. پێویستە ئەم حکومەتە بتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی خەڵک بداتەوە و هاوکار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری. -دابینکردنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی و تاڵانی موڵکی گشتی،کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دوای ڕووخانی ڕژێم ئەگەری ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی ناوخۆیی هەیە ، پێویستە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ناوچە جیاوازەکان و هێزی ئەمنی نوێ پێکبهێنرێت بە ئامانجی پاراستنی هاوڵاتیان. - ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی لە نێوان گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سوریا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویستە.
ئەم دیالۆگانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێگریکردن لە گرژییە نەتەوەیی و ئایینییەکان. - دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و وێرانکاری، پێویستی بە بەرنامەی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئابووری هەیە. پشتیوانی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت. - پێویستە گرنگی تایبەت بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری ئینتقالی بدرێت.
ئەمەش لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی جەنگ و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافی قوربانییەکان دەگرێتەوە -بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گروپە کۆمەڵایەتییە کاراکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و بەشدار. - لەدوای ڕووخانی حکومەت پێویستی بە ڕاکێشانی هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات. ئەم یارمەتییانە دەتوانن یارمەتی دارایی و مرۆیی و تەکنیکی لەخۆ بگرن.
لە کۆتاییدا، هەر کارێک لە دوای ڕووخانی حکومەت، دەبێت وەڵامی خواست و پێداویستییەکانی گەلی سوریا بداتەوە و هاوکار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لەو وڵاتەدا.