هەواڵ

پریشكی گرژیەكانی نێوان خوێندكارانی زانكۆ و هێزە ئەمنیەكان بەر قوتابیانی بنەڕەتی كەوت

Mic
2022-11-20

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە ١٠٠ قوتابی بنەڕەتی توشی بێهۆشی و تەنگەنەفەسی و چاوكزانەوە هاتوون.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی 122، رایگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان لەكاتی بڵاوەپێكردنی خوێندكارانی خۆپیشاندەری زانكۆی سلێمانی، بەهەڵە غازی فرمێسكڕێژیان هەڵداوەتە ناو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی لە گەڕەكی شەكرەكە لەبەرامبەر بینای پارێزگای سلێمانی، كە نزیك بووە لە خۆپیشاندەرەكانەوە".
بەرێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی وتیشی: "بەهۆی رووداوەكەوە نزیك بە ١٠٠ خوێندكاری بنەڕەتی، تووشی بێ هۆشی و تەنگەنەفەسی و چاوكزانەوە و ترس و دڵەڕاوكێ بوون، تیمەكانمان بە ئەمبوڵانس فریایان كەوتن و سەرجەم خوێندكارەكانیان چارەسەر كرد و رەوانەی ماڵەوەیان كردنەوە".
تێكچوونی تەندروستی ئەو قوتابیانە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و كۆیە سەریهەڵدایەوە، هێزە ئەمنیەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لەبەردەم پارێزگای سلێمانی گازی فرمێسكڕێژ و ئاویان بەكارهێنا، بەهۆیەوە تەندروستی چەندین خوێندكار تێكچوو.

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.