هەواڵ

گەنجێک لە ئاکرێ "دەڕفێنرێت"

Mic
2024-07-23

دوای سێ ڕۆژ لە "ڕفاندن" و بێسەروشوێنبوونی، گەنجێکی خەڵکی ئاکرێ لە سنووری قەزای شنگال خۆی ڕزگار دەکات. باوکی گەنجەکە وردەکارییەکان باسدەکات و دەڵێت:

 محەممەد حەجی نوخشین تەمەن 21 ساڵ، گەنجێکی خەڵکی گوندی خرابشاهی سەر بە ناحیەی گردەسێنە لە قەزای ئاکرێ، شەوی هەینی ڕابردوو لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە، بەبێ ئەوەی کەسوکاری هیچ شتێکی لەسەر بزانن.

دوو کەس پەیوەندی بە محەممەدەوە دەکەن و ڕازی دەکەن پێکەوە بچن بۆ دەرەوەی وڵات، کاتژمێر 09:00ی شەو محەممەد بێ ئاگاداری خانەوادەکەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە، دوای ماوەیەک ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری دووتەنی هاتووە و لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان ئاکرێ - قەسرۆک هەڵیانگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

 حەجی نوخشینی باوکی محەممەد بە ئاڤا نیوزی گوت: ئەوان بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنووری شنگال ڕۆیشتوون، لەگەڵ تەواوکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، محەممەد داوای ئاوی کردووە، ئەوانیش ئاویان پێداوە و چەند خولەکێک دوای خواردنەوە ئاگای لە خۆی نەماوە، کاتێک بەئاگاهاتووە خۆی لە سنووری ناحیەی سنونێ بینیوەتەوە.

کاتێ بەئاگاهاتووە محەممەد پرسیاری کردووە بۆچی هاتوون بۆ ئێرە؟ ئەوانیش پێیانگوتووە تەندروستیت باش نییە و ئەم ئاوە بخۆرەوە، دوای ئەوە دیسان لەهۆش خۆی چووە و کاتێک بەئاگاهاتووە لەنێو خانووێکدا بووە لە چوڵەوانییەکی سنووری شنگال.

قووڵتر: تاوەکو ئێستا محەممەد خۆی نازانێت ئەو کەسانە نیازی چیان هەبووە، چونکە لەو خانووەدا زیندانی کراوە، ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە دەرەوە و مۆبایلیان لێ وەرگرتووە، ئەوان چاوەڕوانی چەند کەسێکی دیکەیان کردووە، پاسەوانییان لێ کردووە بۆ ئەوەی ڕانەکات و هەڕەشەشیان لێ کردووە لەوەی هەوڵی ڕاکردن بدات.

 کاتژمێر 05:00ی بەیانی سێیەم ڕۆژی دەستگیرکردنی، محەممەد سەیر دەکات کەسێکیان خەوتووە و ئەوەی دیکەش دیارنەبووە، بۆیە بڕیاری داوە ڕابکات و دوای 10 کاتژمێر بەپێ ڕۆیشتن، خۆی گەیاندووەتە بازگەیەکی سوپای عێراق، لەوێشەوە نێردراوەتە مووسڵ، دواتر پەیوەندی بە کەسوکارەکەی کردووە و بە هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەکان توانیویەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە.

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەیەک لە ئاسایشی ئاکرێ ڕایگەیاند، ڕووداوەکە گوماناوییە، بەدواداچوونیان لەسەر تەواوی ڕووداوەکە کردووە و لە هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دان کە ڕفاندوویانە.

More News

Most Popular

Tech

"homeOS"... ئەپڵ بە ڕۆبۆتێکی ناوازە بازاڕی ئامێرە زیرەکەکانی ماڵەوە دەکاتە ئامانج

Mic
2024-10-17

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی بلومبێرگی ئەمریکی، ئەپڵ هەوڵدەدات بوونی خۆی لە بازاڕی ئامێرە زیرەکەکانی ماڵەوە لە ڕێگەی ستراتیژییەکی نوێ و گەورە مەبەستەوە بەهێز بکات.

ئێستا کۆمپانیای ئەپڵ خەریکی پەرەپێدانی سیستەمێکی نوێی کارپێکردنە کە بە homeOS ناسراوە، لەگەڵ شاشەیەکی زیرەک و ئامێرێکی پێشکەوتووی ڕۆبۆتی سەر مێز.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەدا کە گرنگیدانی ئەپڵ بە بازاڕی ئامێرە زیرەکەکانی ماڵەوە لەسەر بنەمای سێ پێکهاتەی سەرەکییە کە بریتین لە شاشە، زیرەکی دەستکرد و نەرمەکاڵا.

کۆمپانیاکە بەنیازە شاشەی ماڵەوە بە نرخێکی گونجاو بخاتە بازاڕەوە، هاوشێوەی ئایپاد، کە دەتوانرێت لە دەوروبەری ماڵەکەدا دابنرێت، هاوشێوەی بڵندگۆکانی HomePod.

ئەم شاشانە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدەن دەستیان بگات بە چەندین تایبەتمەندی وەک سەیرکردنی ناوەڕۆک و پەیوەندیکردنی FaceTime و گەڕان بە ئینتەرنێتدا.

پێشبینی دەکرێت زیرەکی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ستراتیژی ئەپڵ بۆ ئامێرە زیرەکەکانی ماڵەوە، هەروەها سیستەمی زیرەکی ئەپڵ ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە وردی کۆنترۆڵی ئامێر و بەرنامەکان بکەن، هەروەها ئۆتۆماتیکی پێشکەوتوو لە ئامێرەکانی ماڵەوە بەدەست بهێنن.

بلومبێرگ ئاماژه ی به وه دا که ئه م ئامێره ڕۆبۆتییه که پێشبینی ده کرێت به نرخی هه زار دۆلار بخرێته بازاڕه وه ، یه که م به ڕهه م ده بێت که به ته واوی له سه ڕ پلاتفۆرمی زیره کی ده ستکردی Apple Intelligence پەرەی پێبدرێت، بەو پێیەی دەتوانێت لە ژینگەی دەوروبەری تێبگات و... بە شێوازی زیرەکتر کارلێک لەگەڵ بەکارهێنەران بکەن.

لە بەرەی نەرمەکاڵا، ئەپڵ خەریکی پەرەپێدانی سیستەمێکی نوێی کارپێکردنە کە بە homeOS ناسراوە، کە لەسەر بنەمای سیستەمی tvOS دەبێت کە لە تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ئەپڵ تیڤیدا بەکاردێت کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا دیزاینی بەرنامەی Home ی کردووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونیەتی بە باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەر لەگەڵ ئامێرە زیرەکەکانی ماڵەوە.

شایانی باسە کە هەوڵەکانی پێشووی ئەپڵ لە بازاڕی ئامێرە زیرەکەکانی ماڵەوە تا ئێستا سەرکەوتنی خوازراویان بەدەست نەهێناوە، بەڵام زۆر کاردەکات بۆ پەرەپێدانی پرۆتۆکۆڵی Matter بۆ ئامێرە زیرەکەکان بە مەبەستی پشتگیریکردنی پەیوەندی فراوانتر لەگەڵ ئامێرەکانی کۆمپانیاکانی تر.

پێدەچێت ئەپڵ دەرفەتی ئەوەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەم بازاڕەدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕکابەرەکانی وەک ئەمازۆن و گووگڵ هێشتا نەیانتوانیوە زاڵ بن بەسەر ئەم بوارەدا. ڕەنگە ئەپڵ سوود لە ناوبانگە بەهێزەکەی وەربگرێت و سەرنجی لەسەر ئەزموونی بەکارهێنەر بێت بۆ بەدەستهێنانی سوودێکی کێبڕکێ بەسەر کۆمپانیاکانی تردا.