لەدرێژەی ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش خۆپێشاندەر لە شارەکانی پیرانشار، جوانڕۆ و دێولان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا، بریندارێکی ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکانیش گیانی لەدەستدا.
شەوی رابردوو لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، ناڕەزایەتیی هەندێک لەو شارانە بۆ پشتگیری لە خەڵکی شاری مهاباد بوو.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لەرۆژهەڵاتی كوردستانەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە خەڵک کردووە و دوو خۆپێشاندەر بە ناوەکانی تاهیر عەزیزی و کاروان قادر شوکری گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها لە کاتی بردنی تەرمی تاهیر عەزیزی بۆ بەخاکسپاردن، هاوڵاتیان دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە و گرژی دروستبوو، لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان خۆپێشاندەرێکی دیکە بەناوی حەیدەر مەحاڵی گیانی لەدەستدا.
لە شاری جوانڕۆش هێزەکانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان ناوی عیرفان کاکاییە، مامۆستا بوو و بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە، بەڵام گوللـەیەکی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکەشیان ناوی بەهائەدین وەیسی یە و تەمەنی 16 ساڵ بوو.
لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی شاری دێولانی پارێزگای سنەشدا خۆپێشاندەرێک بەناوی موحسین نیازی 25 ساڵ بریندار بوو و بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی هەینی لە شاری بۆکانیشدا خۆپێشاندەرێک بەناوی سلێمان شوکری بریندار ببوو، ئەویش شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا.
بەپێی نوێترین ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەئێران، لە ناڕەزایەتییەکانی پێنج رۆژی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا 36 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەپێی ئامارێكی رێكخراوی هەرانا تائێستا 402 كەس لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەوڵەت گیانیان لەدەستداوە، كە لەو ژمارەیە ٥٨ كەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
دوای ئەوەی لە 16 ی ئەیلولی رابردوو ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقز دوای سێ رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دواتر ئاشكرابوو بەپاساوی نەشیاوی جلوبەرگەكەی لەگەڵ یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پۆلیسی ڕەوشت لەتاران دەستگیریان كردووە و ئەشكەنجەیان داوە، خۆپیشاندان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران سەریهەڵدا و تائێستا زیاتر لەدوو مانگە بەردەوامە، لەسەر ئاستی جیهانیش پشتگیری بەرفراوانی دەكرێت.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.