هەواڵ

هێشتا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان لەئێران درێژەیان هەیە

Mic
2022-11-22

خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامن و بەهۆی زۆری توندوتیژی هێزەكانی دەوڵەت و بوونی ژمارەیەكی زۆر بریندار، نەخۆشخانەی شاری جوانرۆی كرماشان، تووشی قەیرانی كەمبوونی خوێن بووەوە، بەپێی وتەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دوێنێ تا درەنگانی شەو پێنج كەس تەنها لەشاری جوانڕۆ كوژراون.
دوێنێ هاوكات، لەگەڵ بە خاكسپاردنی كوژراوانی ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، لە شارەكانی جوانڕۆ و پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەچوو، لە جوانڕۆ هێزەكانی سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و باس لە كوژرانی لانیكەم پێنج خۆپیشاندەری دیكە لەو شارە دەكرێت.
هەروەها، بە هۆی بوونی دەیان بریندارەوە، بانكی خوێنی نەخۆشخانەی جوانڕۆ تووشی قەیرانی كەمبوونی خوێنبوو، بەڵام هەرزوو لە شارەكانی تر و بەتایبەتی لە كرماشان سەدان هاوڵاتی ڕوویان لە ناوەندەكانی خوێن بەخشین كرد.
بۆ پاڵپشتی لە جوانڕۆ لە شارەكانی وەك سەلاسی باوەجانی و ڕوانسەر و پاوە خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەڵام هێزەكانی دەوڵەت بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.
لەشارەكانی بانە، مەریوان، سەقز، دێوڵان، كامیاران، دیواندەڕە، قوڕوە، سنە، كرماشان، ئاودانان و چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژهەڵات، خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوەچوو، لە شاری شنۆ دوكانداران و كاسبكاران مانیان گرت و لە كرماشانیش چلەی یەكێك لە خۆپیشاندەرە گیانبەختكردووەكان گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان.
لە زانكۆی سنەش هاوشێوەی شەوی پێشووتر گردبوونەوەی خوێندكاران بەردەوام بوو، تیایدا بە وتنەوەی دروشم و سرودە نیشتمانییەكان درێژەیان بە چالاكییە ناڕەزایەتییەكانیاندا.
لەلایەكی دیكەوە بەشێكی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی سنە و دێوڵان گردبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێكدا وێڕای شەرمەزاركردنی توندوتیژی هێزەكانی دەسەڵات بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، داوای ئازادكردنی دەستگیركراوان و لێپێچینەوە لەو كەسانەیان كرد، كە لە سەركوتی خۆپیشاندەران بەشداربوون، ئەو مامۆستا ئایینیانە داواشیان كرد، بە مەبەستی دەرچوون لە دۆخی ئێستا داواكاری خۆپیشاندەران بخرێتە ڕیفراندۆمەوە.
لە سەر ئاستی ئێرانیش خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە چەند شارێكی وەك تاران، زاهیدان، بوشەهر، بەندەرعەباس و مەرودەشت بەڕێوەچوو، خوێندكارانی زانكۆش، كە لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە بێ وچان بەشداربوون لە ناڕەزایەتییەكان، درێژەیان بە چالاكییەكانیاندا.
تائێستا بەپێی بەپێی نوێترین ئاماری رێكخراوی هەرانا 402 كەس لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەوڵەت گیانیان لەدەستداوە، كە لەو ژمارەیە ٥٨ كەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
دوای ئەوەی لە 16 ی ئەیلولی رابردوو ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقز دوای سێ رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دواتر ئاشكرابوو بەپاساوی نەشیاوی جلوبەرگەكەی لەگەڵ یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پۆلیسی ڕەوشت لەتاران دەستگیریان كردووە و ئەشكەنجەیان داوە، خۆپیشاندان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران سەریهەڵدا و تائێستا  زیاتر لەدوو مانگە بەردەوامە، لەسەر ئاستی جیهانیش پشتگیری بەرفراوانی دەكرێت.

More News

Most Popular

تەندروستی

ئەو مۆزە سەرسوڕهێنەرەی بۆ ڕزگارکردنی ژیان دروستکراوە "Super banana "

Mic
2023-11-26

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ئەفریقا کەسانێک هەن بەدەست برسێتی زۆرەوە دەناڵێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زانایان بەدوای زۆر چارەسەردا گەڕاون هەرچەنە حکومەتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دابەشکردنی حەب و کەپسول و تەواوکەری خۆراکیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی داوە،
 بەڵام نەیانتوانی جڵەوی بارودۆخەکە بکەن بەڵام کۆمپانیای "ویلبەرفۆرس "لە ئۆگاندا هەستان بە دروستکردنی جۆرە مۆزێکی تایبەت بە ناوی “SUPER BANANA” کە لە ڕووی جیناتەوە گۆڕانکاری تێداکراوە بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر ڤیتامینی تێدایە بە بەراورد بە مۆزی ئاسایی، بە تایبەت ڤیتامین A و ماددە خۆراکیە گرنگەکان بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە دروستکردنی SUPER BANANA  هی پیاوێک بوو بە ناوی Wilberforce ، کە بەدەست برسێتیەوە دەیناڵاند دایک و باوکی توانیان چارەسەری بکەن بەڵام زۆرینەی هاوڕێکانیان گیانیان لەدەستدا ئەو نەیتوانی چیتر بەرگەی مردنی ئەو هەموو کەسە بگرێت و بۆیە بڕیاریدا بیر لە ڕێگە چارەیەک بکاتەوە و بەو جۆرە super banana ەی داهێنا،
 ئەم مۆزە لە کۆمەڵێک تاقیگەی کشتوکاڵی لە ئۆگاندا بەرهەمدەهێنرێت بەو پێێەی یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەریەکی زۆری منداڵ بەهۆی کەمی ڤیتامین A گیان لەدەست دەدەن یاخود لەگەشە دوادەکەون وبە ئاسانی  نەخۆش دەکەون بەهۆی ئەم مۆزەوە توانرا ژیانی چەندین کەسی برسی و هەژار ڕزگار بکرێت و لە ئیستدا چەندین منداڵ نە گەشەیان دەوەستێت نە بەهۆی کەم خۆراکیەوە دەمرن.