هەواڵ

خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامە، هێزە ئەمنیەكان خوشكەزایەكی خامنەیی دەستگیردەكەن

Mic
2022-11-24

 سەرباری ئەوەی ئێران هێزێكی زۆری لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جێگیركردووە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەكان بەشێوەی جیاجیا بەردەوامە، ئەمڕۆش مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران بە مەبەستی پشتیوانی لە شارە كوردییەكان بەڕێوە دەچێت.
دوێنێ كەشێكی توندی ئەمنی لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كوردستان زاڵ كرابوو، سەرەڕای ئەوە لە شاری سنە ژمارەیەك لە خوێندكاران خۆپیشاندانیان كرد و لە ئەنجامی تەقەی هێزەكانی دەوڵەت چەند خوێندكارێك برینداربوون.
هەر لە شاری سنە هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی خوێندكارانی زانكۆ، بەشێكی بەرچاوی مامۆستایانی زانكۆش لە دژی توندوتیژی و هێرشەكانی هێزەكانی دەوڵەت مانیان گرت و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
لە شاری بانەش بەشێكی بەرچاو لە دوكانداران و كاسبكاران مانیان گرت و دوكان و بازاڕەكانیان داخست.
هاوكات لە شاری خورەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستانیش بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان، تەرمی یەكێك لەو كەسانەی لەخۆپیشاندانەكان گیانی لەدەستدابوو بەخاكسپێدرا.
لەسەر ئاستی ئێرانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بە دیاریكراوی لە زانكۆ و پەیمانگاكان بەردەوامن و لە زۆرینەی زانكۆكاندا خوێندكاران پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانیان بۆ خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاند.
هاوكات دوێنێ لە چوارچێوەی بانگەوازی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەپێناو بەڕێوەچوونی مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی كوردستان، لەسەر ئاستی شەقام و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتی ئاگاداركردنەوە بەردەوامبوو.
بەپێی بانگەوازەكە، ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ئێران بۆ سەركۆنەكردنی توندوتیژی و سەركوتی خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی كورد مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە دەچێت.
هاوكات لە تویتێكدا مەحمود مرادخانی برای چالاكوان فەریدە مرادخانی كە خوشكەزای عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە رایگەیاند كە خوشكەكەی دەستگیركراوە.
وتیشی: خوشكەكەی لەزیندانی ئەڤینی تاران دەستبەسەرە.
بەڵام مەحمود مرادخانی هیچ زانیاریەكی دیكەی لەوبارەیەوە بڵاونەكردەوە.
لە خۆپیشاندانەكانی یەك هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە كە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران بووە.
خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كاتێك سەریانهەڵدا كە لە16 ی ئەیلولی رابردوو ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقز دوای سێ رۆژ لەدەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تاران گیانی لەدەستدا، دواتر كەسوكاری و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئێرانیان بە كوشتنی تۆمەتبار كرد، ئەوەش ناڕەزایی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.