هەواڵ

سەندیكای رۆژنامەنوسان دەبێتە دووبەش، جێگری نەقیبی سەندیكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

Mic
2022-11-26

لەسەر ڕاگەیەندراوی لیژنەی داكۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و لەسەر دەستگیركردنی رۆژنامەنوسێك لەسلێمانی دەڵێت "لیژنەكە زمانی ڕق" ی بەكارهێناوە.
لەڕوونكردنەوەكەی بژار حەكیم جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان هاتووە:ئەمڕۆ شەممە رێككەوتی ٢٦ی ١١ـی ٢٠٢٢ لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، كە ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەكە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەتی هەرێم، زمانێكی تووندو تۆمەتبەخشە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئێمە لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە ئەركی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داكۆكی لە رۆژنامەنووسان بكەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەكەی ئەمڕۆی لیژنەی داكۆكی، زمانێكە پڕیەتی لە رق و دووبەرەكی و زەقكردنەوەی كاری حیزبی لەنێو سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.
بژار حەكیم دەشڵێت: ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داكۆكی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە، كە لە هەولێر و دهۆك چەندین پێشێلكاری زەق و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناكرێت، بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێكی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیكا نییەو ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەكەینەوە.

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.