هەواڵ

"سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق جێبەجێ نەكەن فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت"

Mic
2022-11-27

بەوتەی پارێزەرێك ئەگەر حكومەتی هەرێم یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق جێبەجێ نەكات دوای هەشت رۆژ لەدەرچوونی، سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبن و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستانیش دەڵێت ئەگەر جێبەجێ نەكرێت دووبارە دۆسیەكە دەجوڵێنینەوە.
عوسمان سدیق وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان بەمایكی وت: ئێمە دوای ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی عێراق یەكلاییمان كردەوە بۆ ماوەیەك تا رێوشوێنە یاساییەكانی دادگای فیدراڵی تەواو دەبن چاوەڕێ دەكەین.
وتیشی: پاش ئەو ماوەیە بەڕاوێژكردن لەگەڵ پارێزەران و یاساناسان بڕیاری خۆمان دەدەین كە ئایا هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت، بێگومان ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەكە جێبەجێ نەكات ئەوا جارێكی دیكە دۆسیەكە دەجوڵێنینەوە و دادگای فیدراڵی عێراقی لێ ئاگادار دەكەینەوە.
بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش كە سكاڵاكەی لەدادگای فیدراڵی عێراق جوڵاندووە بەمایكی وت:لەڕووی یاساییەوە دەبێت لەڕێگەی دادنوسەوە هۆشدارییەك بدەینە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی كە دەبێت لەماوەی هەشت رۆژدا بڕیارەكە جێبەجێ بكەن.
وتیشی: بەپێچەوانەوە تووشی لێپرسینەوەی سزایی دەبن بەپێی ماددەی 329 بڕگەی دوو لەیاسای سزادانی عێراقی و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت.
رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سكاڵایەكی كرد كە لەلایەن ژمارەیەك خانەنشین و بەرپرسی رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانەوە لەسەر هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی تۆمار كرابوو، دواجار بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق.
لە سكاڵاكەدا داواكرابوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش وەك بەغدای لێبێت كە كەمترینی بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێم 220 هەزارە.
 دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە:
یەكەم: نادەستوری بونی كاركردنی دەسەڵاتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە.
 دوەم: پابەند كردنی دەسەڵاتی هەرێم بە كاركردن بە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان).
پێشتر حازم ئیسماعیل ، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو: هیوادارم یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەو یاسایە دادپەروەریی زیاتری تێدایە بەراورد بە یاسای خانەنشینیی هەرێمی كوردستان.
وتیشی: چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانین، دەبێت ئەوان بڕیارەكە لە هەرێمی كوردستان پەسند بكەن ئەو كات دەتوانین كاری پێ بكەین.
بەوتەی بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، پێشتر ئەوانیش داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە كار بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق بكرێت، بەڵام پێشتر لەبەر ئەوەی سیستمێكی ئەلكترۆنیی نەبوو نەیاندەزانی ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بكەن ئەوە چەند داهاتی پێویستە، بۆیە یاساكە جێبەجێ نەكرا.
لە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ی ساڵی 2006 كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، كەمترین مووچەی خانەنشینی نابێت لە 150 هەزار دینار كەمتر بێت، بەڵام بەگوێرەی یاسای هەمواركراوی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، كەمترین مووچەی خانەنشینی لە 500 هەزار دینار كەمتر نییە.

More News

Most Popular

هەواڵ

داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی دەمیرتاش دەکرێت

Mic
2025-09-17

 داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکرێت.

لە 15ـی ئەم مانگەوە لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و بڕیا ئەمڕۆش دوا کۆبوونەوەی بکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێدانی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بکات.

هاوکاتی ئەو کۆبوونەوەیە؛ یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان بەناوی فایەق ئۆزگور ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان جێبەجێبکرێت و دەسەڵاتی تورکیا پیادەی بکات.

هەروەها ئەمڕۆ هاوڵاتییان لە بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن و داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا دەکەن.

مافی هیوا یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە، بەپێی ئەم یاسایە، دوای 25 ساڵ لە زیندانیی هەتا هەتای؛ کەسەکە ئازاد دەکرێت یان بە سزاکەیدا بچنەوە بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێت.

لەلایەکی ترەوە پارتی یەکسانی و دیموکراسی- دەمپارتی داوا ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش- هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە دەکات.

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە رۆژانی رابردوو سەردانی هەریەکە لە دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی- هاوسەرۆکی پێشوو گەورە شارەوانی ئامەد کردووە و، دەڵێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکردووە با دەمیرتاش و مزراکلی ئازاد بکرێن.

چاندار ئاماژەی بەوەشکردووە، دەمیرتاش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، کە لە 8ی تەممووزی 2025 دەرچووە، ماوەی تانەلێدانی تورکیا خەریکە کۆتایی دێت و ئەگەر تورکیا ناڕەزایی دەرنەبڕێت، دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد دەکرێت.

جەختیش لەوە دەکاتەوە بۆ دروستکردنی متمانەیە هاوڵاتییان بە پرۆسەی ئاشتی نابێت سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بهێڵدرێتەوە و دەبێت ئازاد بکرێت.

پێشتر، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکەی خۆی سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش دووپاتکردبووەوە و ماوەی سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ تانەلێدان.