هەواڵ

سێ رۆژە درۆن بەسەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا دەسورێتەوە

Mic
2022-11-29

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا چەند جارێك درۆن بە ئاسمانی شارەزوور و چەمچەماڵ لەپارێزگای سلێمانی لەهەرێمی كوردستان سووڕاونەتەوە و دڵەڕاوكێیان لای هاوڵاتیان دروستكردووە، بەرپرسانی ئەمنیش دەڵێن ئەو درۆنانە نەناسراون.
 لە سێ رۆژی رابردوودا چەند جارێك درۆن بە ئاسمانی شارەزوور و بەتایبەت شارۆچكەی وارماوادا سووڕاونەتەوە، بەڵام بەوتەی ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری شارۆچكەی وارماوا بۆ ئەوان ئاشكرا نەبووە درۆنی چ وڵاتێكن دەسووڕێنەوە. 
 وتیشی: ئێمە پارێزگای سلێمانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ئاگاداركردووەتەوە و پێمانوتوون، كە درۆن دەسووڕێتەوە و دڵەڕاوكێی دروستكردووە، چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین بزانین درۆنی چ وڵاتێكن و بۆچی لە سنوورەكەمان دەسووڕێنەوە.
لە نزیك شارۆچكەی وارماوا و لە كۆمەڵگەی باریكە، كەمپێكی ئاوارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، كە پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە شاری روومادی لە عێراق ژیاون و دواتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەو كەمپە نیشتەجێكراون.
لە دوو مانگی رابردووشدا كۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی لە كۆیە، جێژنیكان و زڕگوێز لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی كردووەتە ئامانج.
 چەمچەماڵ یەكێكی دیكەیە لەو ناوچانەی درۆن بە ئاسمانەكەیدا سووڕاوەتەوە و دیمەنەكەشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە.
بەوتەی رەمك رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان ئاگاداریان كردوونەتەوە، درۆن سووڕاوەتەوە، بەڵام وەك ئەو دەڵێت "هیچ مەترسییەكیان دروست نەكردووە".
 پێشتر و لەرۆژی رۆژی 21-5-2022 ئۆتۆمبێلێك لە گوندی "تووتەقەڵ"ی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر كە دەكەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە لەلایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانەوە كرایە ئامانج؛ دواتر ئاشكرابوو ئۆتۆمبێلەكە هی ئەنجوومەنی گوندی تووتەقەڵانە، دوو هاوڵاتی  گوندەكانی تووتەقەڵان و سەرچنار لەگەڵ سێ گەریلای پەكەكە كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون كرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا.
 هەرچەندە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وابڵاوكراوەتەوە، كە درۆن بە ئاسمانیدا دەڤەری هەورامان و شارۆچكەی بیارەشدا سووڕاوەتەوە، بەڵام  حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە دەڵێت : "هیچ درۆنێك لە ئاسمانی هەورامان و ناوچەكەمان نەسووڕاوەتەوە، هیچ كەسێكیش شتێكی بەو شێوەیەی نەبینیوە تا ئێمە ئاگادار بكاتەوە".

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.