هەواڵ

دەستەی نەزاهە: هەولێر تۆمەتبارێكی دزيی سەدە ڕادەست ناكات

Mic
2022-11-29

عالیە نوسێف جێگری سەرۆكی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد، هەولێر رەتیدەكاتەوە حسێن كاوە رادەست بكات، كە تۆمەتبارە بە دزینی 680 ملیار دینار، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە كەسانی گەورە لە پشتیەوەن.
عالیە نوسێف لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەشكردووە، لیژنەكەی فەریقی یەكەم ئەحمەد ئەبو رەغیف رێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكات كە تێوەگلاون لە گەندەڵییەوە، داوای پارەیان لێ دەكات و هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی و هێنانی ژنەكانیان بۆ گرتووخانە دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:  هەروەها ئیحسان عەبدولجەبار دوای ئەوەی كە نەیتوانی لە دوبەی لەگەڵ دزەكان رێكەوێت و پارەی دەستكەوێت، ئەو كاتە هات دزییە گەورەكەی ئاشكرا كرد، ناشتوانێت ئەوە رەتبكاتەوە.
نوسێف هەر بەوەوە نەوەستاوە و هەولێرشی تۆمەتبار كردووە بەوەی رەتیدەكاتەوە حسێن كاوە كە لە دایكبووی ساڵی 2000 و تۆمەتبار بە دزینی 680 ملیار دینار رادەست بكات، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە كەسانی گەورە و باڵادەست لە دزییەكەوە تێوەگلاون و هەولێر پاڵپشتی كردوون.
شەوی رابردوو بەشێك لەمیدیاكانی عێراق هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە: نور زوهێر ئەو كەسەی تۆمەتباری سەرەكییە بە دزینی زیاتر لە دوو ملیار و نیو دۆلارئازادكراوە.
هاوكات ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس-ی ئەمریكی وردەكارییەكانی تێوەگلانی تۆمەتبار، نور زوهەیر جاسمی لە دۆسیەی گەندەڵی ئاشكرا كردووە كە بە "دزیی سەدە" ناسراوە بەڵام تۆمەتبارەكە رەتیدەكاتەوە، زانیاری لەسەر ئەو لایەنانە ئاشكرابكات كە كاری لەگەڵ كردون و پاڵپشتی بون بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس-ی ئەمریكی، پشكی تۆمەتبار نور زوهەیر جاسم لە پارەی دزراو كە كۆی گشتی دو ملیار و 800 هەزار دۆلارە، "یەك ملیار دۆلاری ئەمریكی" بووە.
ئاژانسەكە شێوازەكانی كۆكردنەوەی پارەی تۆمەتبارەكەی ڕونكردەوە، كە لەڕێگەی ڕۆڵی چالاكانەی خۆی لە گواستنەوەی پارە و بەكارهێنانی كۆمپانیا وەهمی كە بە هاوكاری لەگەڵ "لایەنە كاریگەرەكان" دایمەزراندووە، بەدەستیهێناوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، تۆمەتبارەكە ئەو پارەیەی بۆ ئەو لایەنانەش گواستوەتەوە كە كاری لەگەڵ كردوون، لەلێكۆڵینەوەكانیش رەتیكردوەتەوە ناوی هیچ لایەنێك ئاشكرابكات كە پاڵپشتیان كردوە و كاریان لەگەڵدا كردووە بۆ دزینی ئەو پارانە. 
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس دوپاتیكردەوە، تیمی پارێزەری تۆمەتبار نور زوهەیر جاسم ڕەتیكردۆتەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە شێوازی ڕێككەوتنەكە ئاڕاستەی كردووە، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی بەكەفالەت ئازاد بكرێت تا ئەوكاتەی بەشێك لەپارەكە لەو لایەنانە وەردەگرێتەوە و رادەستی حكومەتی دەكاتەوە. 
رۆژی دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لایەنە پەیوەندیدارەكان توانیان قۆناغی یەكەمی دزینی پارەی سەدە وەربگرنەوە، كە بڕی زیاتر لە 182 ملیار دینارە، كۆی گشتی پارە دزراوەكانیش سێ ترلیۆن و 754 ملیار و 642 ملیۆن و 664 هەزار دینارە.
وتیشی: لیژنەكانی لێكۆڵینەوە گەیشتنە ئەنجامێك كە 114 چەك بۆ تۆمەتبار، نور زوهەیر خەرجكراوە كە بڕەكەی یەك ترلیۆن دینارە، لەئێستاشدا رێكەوتنێك لە نێوان دادگای لێكۆڵینەوەی دوەمی كەرخ و ئەو تۆمەتبارە كراوە بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی كە لەبەردەستیدایە.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.