هەواڵ

كۆماری كوردستان تەمەنێكی كەم و شانازییەك لەیادەوەری كورددا

Mic
2023-01-22

لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا و٧٧ ساڵ لەمەوبەر، لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦ كۆماری كوردستان لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد ڕاگەیەندرا.
 كۆمارەكە لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژێكاف و لەلایەن حیزبی دیموكراتی كوردستان و بە ڕێبەرایەتی قازی محەمەد لە شاری مەهاباد كۆماری كوردستان دامەزرا.
قازی محەمەد وەك سەرۆك كۆماری كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، شاری مەهاباد بوو بەپایتەختی ئەو كۆمارەكە، ڕووبەری ئەو كۆمارە ٣٠% لە ناوچە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێكهاتبوو.
ئەگەرچی تەمەنی ئەو كۆمارە زۆر كورت بوو، بەڵام بووە هۆی تەشەنەسەندنی خەباتی چەندین دەیە دواتری كوردانی رۆژهەڵات و تائێستاش ئەو كۆمارە لەناو كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان یادی دەكرێتەوە.
چۆن كۆماری كوردستان دامەزرا؟
ساڵی ١٩٤٢ یەكێتی سۆڤیەت لە خاكی ئێران پشتیوانی لە دوو جوڵانەوەی سیاسی كرد، بەهۆی ئەو پشتیوانییەوە دوو كۆمار دامەزران یەكێكیان كۆماری كوردستان بوو ئەوی دیكەیان كۆماری ئازربایجان، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕێككەوتنە بوو كە یەكێتی سۆڤیەت لە هەمان ساڵدا لەگەڵ ئێران كردی كە دەبوو بەپێی ڕێككەوتنەكە یەكێتی سۆڤیەت خاكی ئێران جێبھێڵێت، بەڵام جەنگی جیهانی دووەم ئەو پلانەی تێكداو یەكێتی سۆڤیەت لە ئێران نەكشایەوە.
گۆڤاری نیشتمان لە یەكەم ژمارەیدا بەم شێوەیە باس لە ئامانجەكانی ژێ كاف دەكات: كۆمەڵەی ژ.ك بە هەموو هێز و توانای خۆی تێدەكۆشێت تا زنجیر و كەلەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی كورد داماڵێ و لەم كوردستانە لەت و كوتەی ئێستا كوردستانێكی گەورەو ڕێكوپێك بێنێتە بەرهەم كە هەموو كوردێك بە سەربەستی تێیدا بژیت.
لەمانگی ئەیلوولی ١٩٤٥ قازی محەمەد و سەركردە كوردەكانی لە دەوری خۆی كۆكردەوەو چوون بۆ شاری تەورێز لەوێ چاویان بە كۆنسووڵی سۆڤییەت كەوت بۆ پشتگیریكردنی كۆماری كوردستان، لەوێشەوە رەوانەی باكۆ، ئازەربایجانی سۆڤییەت، كران. لەوێ ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموكراتی ئازەربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە كە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت.
لە ١٠ی كانوونی یەكەمدا، پارتی دیموكراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵاتدا گرت، كە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو، قازی محەمەدیش لە ١٥ی كانوونی یەكەمدا، كۆماری كوردستانی دامەزارند و لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ كۆمارەكەی ڕاگەیاند و بۆیەكەم جاریش ئاڵای كوردستان هەڵكرا.
كۆماری ئازەربایجان و كۆماری كوردستان لە مهاباد، سەرەڕای تەمەنی كورتیان، سەردەمی زێڕینی گەلی كورد و گەلی ئازەرین، لەو سەردەمەدا دەیان ڕۆشنبیر و نووسەری كورد و ئازەری گەشەیان كرد و پەروەردە كران.
قازی محەمەد لەماوەیەكی كەمدا حكومەتێكی دروستكرد كە لەچەند وەزارەتێك پێكهاتبوو، خۆی سەرۆك كۆماربوو، حكومەتەكە لەم وەزارەتانە پێكهاتبوو:
سەرۆكوەزیران: حاجی بابە شێخ
وەزیری كیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی
وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاھی
وەزیری پۆست و تەلەگراف: كەریم ئەحمەدیان
وەزیری فەرھەنگ: مەناف كەریمی
وەزیری گەیاندن: سەدیق حەیدەری
وەزیری كار: خەلیل خوسرەوی
وەزیری بازرگانی: حاجی مستەفا داوودی
وەزیری كشتوكاڵ: مەحموود وەلی زادە
وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە
وەزیری تەندروستی: سەیید محەمەد ئەیووبیان
وەزیری (موشاویر): عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە
وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی
لە ١٧ی كانونی دووەم بۆ یەكەمجار لەلایەن قازی محەمەد، سەرۆككۆماری كوردستانەوە لە مەیدانی چوارچرا ئاڵای كوردستان هەڵكرا، ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكرا.
كۆماری كوردستان خاوەنی سوپایەكی میللی یەكگرتوو بوو كە ناوی سوپای پێشمەرگە بوو، چاپخانە و دەمەزراندنی رادیۆ و خوێندن و نوسین بە زمانی كوردیی، لەو ماوە كەمەی كۆماری كوردستاندا دامەزراو كەوتنە سەر پێی خۆیان.
كۆماری كوردستان چۆن ڕووخا؟
دامەزراندنی كۆماری كوردستان و جیاكردنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خاكی ئێران، بەتەواوی ئێرانی ئەوكاتەی ناڕەحەت كردبوو بەدوای هەموو ڕێگایەكدا دەگەڕا بۆ لەناوبردنی، بەڵام پشتگیری یەكێتی سۆڤیەت لە كۆمارەكە دەستی ئێرانی گرتبوو.
زۆری نەبردو ئێران هەموو سازشێكی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی كرد، سۆڤیەتیش دەستی لە كۆماری كوردستان بەرداو دەرگای بۆ سوپای ئێران واڵاكرد، ئەو ئیمتیاز و دەستكەوتانەی ئێران بە سۆڤیەتیدا لەبواری نەوت بەس بوو بۆ ئەوەی سۆڤیەت ئێران جێبهێڵێت و واز لە كۆماری كوردستان بهێنێت.
یەكێتیی سۆڤییەت بڕیاریدا كە تەواوی هێزە سەربازییەكانی لە خاكی ئێران لەماوەی شەش هەفتەدا بكێشێتەوەو دوای كشانەوەی یەكێتیی سۆڤییەت، ئێرانیش پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكاو بەریتانیا پتەو كردو پشتیوانی ئەوانیشی بەدەست هێنا بۆ ڕووخاندنی هەردوو كۆماری ئازربایجان و كوردستان.
لەسەرەتاكانی كانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ سوپای ئێران هێرشی كردە سەر ئازەربایجان و لە ١٧ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦هێرشی بۆسەر كۆماری مەهاباد بردو كۆتایی بە كۆمارەكەی كورد هێنا،  حكومەت و سوپای كۆمارە كوردیەكە پەرتەوازەو ئاوارە بوون و ئەوەی خۆی ڕزگاركرد ڕزگاری بوو ئەوەی ماوەیە لە سێدارە دراو زیندانیكرا.
بەبڕوای چاودێران و مێژوونوسان هۆكاری رووخانی كۆماری كوردستان تازەیی كۆمارەكە و خیانەتی یەكێتی سۆڤیەت بوو.
لە سێدارەدانی قازی محەمەد
دوای رووخاندنی كۆماری كوردستان لەلایەن سوپای ئێرانەوە لە ٢٦ی ئاداری ساڵی ١٩٤٧، لە پلانێكی بۆ داڕێژراودا قازی محەمەد و دوو لە هاوڵانی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك دەكرێن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەی كورد، قازی محەمەد بەدەم بانگهێشتەكەوە دەچێت و لەوێ خۆی هاوڕێیەكانی كە  قازی محەمەد، سەدر قازی، سەیف قازی دەبن دەستگیر دەكرێن و دواتر لەلایەن لیژنەیەكی دادوەرییەوە، دادگایی دەكرێن و بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەردەكرێت.
لیژنە دادوەرییەكە بە تۆمەتی گۆڕین و شێواندنی نەخشەی وڵاتی ئێران، راگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیركردنی خاكی ئێران بە ناوی كوردستان، بازرگانییكردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی، ھێنانی هێزی بێگانە، دانانی ئاڵای جیاواز بۆ كوردستان بە نیشانی چەكوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ قازی محەمەد و هاوڕێكانی دەركرد.
قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە ڕۆژی ٣١ ئازاری ١٩٤٧  لەگەڵ  لە حەمەحسێن خانی سەیف قازی و ئەبولقاسم سەدری قازی برای لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لە سێدارە دران.
چوار ئەفسەرە كوردەكە لە باشووری كوردستانەوە بۆ بەشداریكردن لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، چووبوونە رۆژهەڵاتی كوردستان و دوای رووخانی كۆمار، گەڕانەوە باشووری كوردستان و لەلایەن دادگایەكی سەربازیی عێراقەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، رژێمی پاشایەتی عێراق له رۆژی ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ له ‌زیندانی مەركەزیی بەغدا سزای لە سێدارەدانی بەسەر هەریەكە لە عزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، خەیروڵڵا عەبدولكەریم و محەمەد قودسی) جێبەجێ كرد.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.