هەواڵ

هەرێمی كوردستان سێ دۆسیەی لەدادگای فیدراڵیی عێراقە

Mic
2023-01-24

درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەو پارەیەی كۆبوونی خۆراك كە عێراق لەهەرێمی داوا دەكاتەوە سێ دۆسیەن كە لەلایەن دادگایی فیدراڵی عێراقەوە دانیشتنیان بۆ دەكرێت، ئەوەی پەیوەستە بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان جوڵانەوەی نەوەی نوێ سكاڵاكەی تۆماركردووە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارە لەماوەی حەوت رۆژی داهاتوودا دادگاکە بۆ یەکلاییکردنەوەی سێ سکاڵا لەسەر هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، کە تایبەتن بە سێ بابەتی جیاواز، ئەوانیش ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆران، پارەی مانگانەی کۆبوونی خۆراک، لەگەڵ درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان،  هەریەک لەو سکاڵایانەش بۆ زیاتر لە دوو جار دواخراوە.
بەپێی خشتەكەی كۆبوونەوەكان بڕیارە دادگای فیدراڵی رۆژی 25-1-2023، لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆببێتەوە کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمارکراوە، لە داواکەیاندا داوا دەکەن بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە(401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
 داواکە تاوەکو ئێستا سێ جار دواخراوە، دوایین جار رۆژی 18ـی ئەم مانگە لەلایەن دادگەکەوە دواخرابوو، هەر ئەم سكاڵایەش بووەتە یەكێك لەهۆكارەكان كە وەزیری دارایی عێراق خۆی بەدوور گرت لەناردنی 400 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان كە كۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی بۆ هەرێمدا و بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بڕیارە بخرێتە سەر بانكی بازرگانی تا هیچ یەكێك لەسەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی لەڕووی یاساییەوە تووشی گرفت نەبن پارەكەش وەك قەرز لەسەر هەرێم هەژماركراوە تا بودجەی 2023 ی عێراق پەسەند دەكرێت.
هەر بەگوێرەی خشتەکەی دادگای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی 30-1-2023، دادگاکە بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵای دووەم کۆببێتەوە کە تایبەتە بە پارەی کۆبوونی خۆراک، سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی حکومەتی فیدراڵی لە دژی وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی تۆمارکراوە، لە سکاڵاکە داوا دەکات ئەو پارانە بگەڕێنەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشە خۆراکی مانگانە کە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیان وەرگرتووە لە یەکی کانوونی دووەمی 2004ـەوە تاوەکو 30ی ئەیلوولی 2021.
 داواکە تاوەکو ئێستا سێ جار دواخراوە، رۆژی سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەیەوە کۆبووەوە و بڕیاردانی لەبارەوە دواخست.
سکاڵای سێیەم کە دادگای فیدراڵی لەبارەیەوە کۆدەبێتەوە، تایبەتە بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە رۆژی 31-1-2023، دادگاکە بۆی کۆببێتەوە، سکاڵاکە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، لە پاش ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان  شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون و 18ـی کانوونی یەکەمی 2022، یەکەم دانیشتن لەبارەی سکاڵاکان کرا.
 سکاڵاکار داوای پووچەڵکردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: مافی دەستووریی دیاریکراو لە ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات.
9ی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات و درێژکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تووڕەکرد و لەنێوان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بایکۆتکردنی و هەڵپەساردنی ئەندامێتیی خۆیان هێشتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

Mic Exclusive:دەم پارتی بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چەکدانانی قەندیل دێتە هەرێمی کوردستان

Mic
2025-07-05

شاندێکی دەم پارتی بەشداری یەکەم رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکات و داواش لە چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەکات مۆڵەت بۆ روماڵکردنی وەربگرن، سەرۆک کۆماری تورکیاش دەڵێت، چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات. 

10 رۆژی داهاتوو لە رێورەسمێکدا نزیکەی 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سلێمانی چەک دادەنێنن. 

بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، دەم پارتی بە شاندێک بەشداری رێوڕەسمی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە دەکات.

دەم پارتی تا ئێستا ئەندامانی شاندەکەی دیاریی نەکردووە، ئۆزتورک وتی،" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستەی گشتی دەم پارتی ئەندامانی شاندەکە دیاریی دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت، رێورەسمی چەکدانانی یەکەم پۆلی گەریلاکانی پەکەکە لە 10 بۆ 12ـی تەمووز لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، پرۆسەکە بە سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەچیت و گەریلاکان چەکەکانیان لەناو دەبن. 

رێورەسمی چەکدانانی یەکەم پۆلی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێشخەرییەکی سیمبولی پەکەکەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و بە چاودێری، هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت.

دەم پارتی بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چەکدانانەکەدا بانگهێشتی نووسەر و نوێنەری پارتەکانی کردووە، داواشی لە میدیاکانی تورکیا کردووە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی رووماڵکردن ناویان تۆمار بکەن و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.
  
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، تاوتوێی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، چونکە چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات. 

پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.