نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان پەیامێکی روون و هۆشدارییەکی توندی دایە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە ئەگەربێت و هەڵبژاردنی کوردستان ئەنجامنەدەن ئەوا"زۆرشت لەمەترسیدا دەبێت."
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوایین راپۆرتی ئەمساڵی نوێنەرایەتییەکەی تایبەت بە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
نێردەی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لە چەندین بابەت و پرسی جیاوازی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، لەوانەش هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لەبارەی ئەو هەوڵانەوە پلاسخارت دەڵێت، "گەندەڵی هێشتا بەربڵاوە. تۆڕە ئاڵۆزەکانی گەندەڵی و بەرژەوەندخوازەکان کە لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا لە عێراق پێکهاتوون، بە شەو و رۆژێک لەنێونابرێن".
هەروەها پلاسخارت سەرنجی خستە سەر دۆخی ئابووریی عێراق و رایگەیاند، "گەشەکردنێکی خێرای ژمارەی دانیشتووانی عێراق هەیە کە پێشبینی دەکرێت لە سێ بۆ چوار دەیەی داهاتوودا ژمارەکە دوو بەرامبەر زیاد بکات".
دواتر پلاسخارت باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، بەهۆی وشکەساڵییەوە لە 10 پارێزگای عێراقدا نزیکەی 14 هەزار ئاوارە تۆمارکراون. گوتیشی، "ئەگەر ئەم کێشەیە هەروا بمێنێتەوە، ئەوا دۆخێکی ناهەموار دەخوڵقێت. هەربۆیە، هەنگاوێکی باشە کە حکومەت، کێشەی ئاسایشی ئاوی کردووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، پلاسخارت باسی لە سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە مانگی رابردوودا کرد و رایگەیاند، "ئەوە پێشهاتێکی ئەرێنییە". هەروەها گوتی، "دەبێت مووچەی فەرمانبەران دوور بێت لە ناکۆکییە سیاسییەکان. هەروەکو فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، ئەوانەش لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، پێویستیان بە دابینکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکانیانە و بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە جێبەجێی بکەن".
دواتر پلاسخات هاتە سەر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند، "ئەو هەڵبژاردنە زۆر دواکەوتووە". گوتیشی، "ئەو چاوەڕوانییەمان لە هەموو لایەنەکان هەیە دڵنیایی بدەن کە رۆژی نوێی هەڵبژاردن نەبێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڕێوەبردنەی ئێستا هەیە کە کاربەڕێکەرە، پێویستە پرۆسەی دیموکراسی هەرێمەکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چونکە زۆر شت لەمەترسیدایە".
لە کۆتایی وتارەکەیدا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە دۆخی شاری کەرکووک، ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکانی مانگی رابردووی ئەو شارەی کرد کە ژمارەیەک هاونیشتمانی تێیدا گیانیان لەدەستدا و بریندابوون.
پلاسخارت وتی، "گرنگە پێداویستیی خەڵک بکرێتە کاری لەپێشینە و پێش دەستکەوتە سیاسییەکان بخرێت. بێگومان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 18ی کانوونی یەکەم، گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی لە کەرکووک لەساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا نەکراوە".
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.