تەندروستی

ڕێژەى تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە پێوەرى جیهانی کەمترە

Mic
2023-11-04

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەى تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پێوەرى جیهانی کەمترە، هۆشیاریی زیاتری خەڵک بۆ خۆپارێزی و پشکنین و پێشکەوتنی کەرتی تەندرووستی لە چارەسەر و بەتەنگەوەچووندا، وای کردووە، هاووڵاتییانی زۆر پەنا بۆ پشکنین ببەن و زووتر چارەسەر وەرگرن.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نۆ هەزار و ٦١ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون کە ڕۆژانه دەکاتە‌ نزیكه‌ى ٣٢ کەس، بەڵام ئەو ژمارەیەش لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز بووە. له‌ پارێزگاى هه‌ولێر ٤ هەزار و ٣٠٤ کەس، پارێزگاى‌ سلێمانى ٣ هەزار و٣٢٣ کەس و پارێزگاى دهۆك یەک هەزار و ٤٣٤ کەس بووە.
بەربڵاوترین جۆرەکانى شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، بریتین لە، شێرپەنجەی مه‌مك، كۆڵۆن، سییه‌كان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوكیمیا، مێشك، منداڵدا،
د. چنار سنجاوی، سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی مەمک بە پلەی یەکەم دێت، هاوکات لە هەموو جیهانیش بەو شێوەیەیە و ٢٣%ی تووشبووان، شێرپەنجەی مەمک و لە دوای ئەو، شێرپەنجەی کۆڵۆن و سییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە،
د. چنار سنجاوی ڕاشیگەیاند: ''ڕێژەی تووشبووانی ژن کەمێک زیاترە لە پیاو لە ٥٦% تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئافرەتان و لە ٤٤%یش پیاوانە، چارەسەری شێرپەنجە بە پێی پێویستییەکانی نەخۆش هەیە، و نەشتەرگەریی پێویستییان بۆ دەكرێت، دوای نەشتەرگەری چارەسەری کیمیایی هەیە.''

سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەش بەوە دەکات کە چارەسەری کیمیایی هەمووی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەستە و چارەسەری تیشکیش لە سەنتەری ئاوات هەیە، لە سلێمانییش بە هەمانشێوە هەیە، بەڵام بۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان و تایبەتیش هەیە.

سنجاوی ئاماژە بەوەش دەکات کە سندوقی کۆمەکیش بۆ تووشبووانی شێرپەنجە زۆر کات تێچووی نەشتەرگەرییەکان دەگرێتە ئەستۆ، ئەو ڕێژەیەی تووشبوون کە تۆمار دەکرێت، ٢٥% بۆ ٣٠%ی شارەکانی ترە و لە هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن و ڕاشیگەیاند:'' ڕێژەی توشبووان لە هەرێمی کوردستان لە خوار ڕێژەی ستانداردی جیهانییە، لە ماوەی ١٠ساڵدا، زیاتر لە ٧١ هەزار و ٧٤ تووشبوو تۆمار کراوە، ڕێژەی تووشبوون لە جیهان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٩٠ تووشبووە، بەڵام لە کوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٥١ کەسە،
لە ساڵی ٢٠٢٣دا، له‌ ١ی کانوونی دووەمەوە تا ٣٠ی حوزەیران ، ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى ٣٠ تا ٣٥ نه‌خۆشى نوێ تۆمار كراون‌، بەوەش ژماره‌ى نه‌خۆشانى تۆمارکراوی شێرپه‌نجه لە شەش مانگدا‌، زیاتر له‌ ٤هەزار کەس بووە، له‌ پارێزگاى هه‌ولێر نزیكه‌ى هەزار و ٨٠٠ کەس، له‌ پارێزگاى‌ سلێمانى نزیكه‌ى هەزار و ٥٠٠ کەس، له‌ پارێزگاى دهۆك نزیكه‌ى ٧٠٠ کەس بوون. زیاترین ڕێژەى تووشبوو‌ له‌ پارێزگاى هه‌ولێر لە پیاوان ٤٦% و لە ئافره‌تان ٥٤% بووه، کە زۆربەی‌ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك و كۆڵۆن و سییه‌كانن.

پارساڵ ٩٢ هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان كردووە
پرسێکی دیکەى نەخۆشیی شێرپەنجە بریتییە لە سەردانی نەخۆشان بۆ نەخۆشخانەکان و چارەسەرکردنیان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتی تەندرووستییەوە، لە ماوەى ڕابردوودا، هەموو هەوڵێکی بۆ کۆنترۆڵکردن و چارەسەرى نەخۆشانی شێرپەنجە داوە، لە ساڵی ٢٠٢٢، ژماره‌ى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ كه‌ سه‌ر‌دانى نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ره‌كانیان كردووه، نزیكه‌ى ٩١ هەزار و ٧٢٢ کەس بوون. ئەو نه‌خۆشانەی چاره‌سه‌ریان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی کوردستان وەر گرتووە، ٣٩١ نەخۆش بوون.
زیاتر له‌ ٤٠ هەزار چاره‌سه‌رى به ‌تیشك له‌ سه‌نته‌رى ئاوات له‌ هه‌ولێر و سه‌نته‌رى ژیاناوا له‌ سلێمانى پێشکەش کراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣، ڕێژه‌ى سه‌ر‌دانى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ ٣٠% زیاد بووە.
کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٥٨ ملیار و ٤٠٣ ملیۆن و ٦٣٧ هەزار دیناری بۆ دەرمان، ئامێر و پێداویستی پزیشکی و نەخۆشخانەکان خەرج کردووە، تووشبووان لە هەشت نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن و د.چنار سنجاوی، لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان ٨ بنکەی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە هەن، ٣ بنکە لە هەولێر، ٣ لە سلێمانی، ٢ لە دهۆک پشکنینی زیاتر و هۆشیاری و چارەسەرى باشتر
بە پێی ڕاپۆرت و توێژینەوە جیهانییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە، تۆمارکردن و ئامارە بەرزەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە، پەیوەندیی بە هۆشیاریی خەڵک بۆ پشکنین و خەمخۆریی تەندروستیی خۆیانەوە هەیە، بۆیە لە زۆرێک لە وڵاتان، تۆمارکردنی ڕێژەى بەرزی شێرپەنجە، پەیوەندییەکی بەهێزی بە گەشەپێدانی مرۆیی و پێشکەوتنی کەرتی تەندرووستییەوە هەیە، چونکە ئەو پێشکەوتنە هانی خەڵک دەدات پشکنینی پێشوەختە و زوو بکەن و ڕێژەیەکی زۆریان ئەو نەخۆشییە بدۆزنەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا، جگە لەوەى ڕێژەى تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پێوەرى جیهانی کەمترە، هۆشیاریی زیاتری خەڵک بۆ خۆپارێزی و پشکنین و پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی لە چارەسەر و بەتەنگەوەچووندا، وای کردووە، هاووڵاتییانی زۆر پەنا بۆ پشکنین ببەن و زووتر چارەسەر وەرگرن.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری

More News

Most Popular

تەندروستی

ئەو مۆزە سەرسوڕهێنەرەی بۆ ڕزگارکردنی ژیان دروستکراوە "Super banana "

Mic
2023-11-26

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ئەفریقا کەسانێک هەن بەدەست برسێتی زۆرەوە دەناڵێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زانایان بەدوای زۆر چارەسەردا گەڕاون هەرچەنە حکومەتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دابەشکردنی حەب و کەپسول و تەواوکەری خۆراکیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی داوە،
 بەڵام نەیانتوانی جڵەوی بارودۆخەکە بکەن بەڵام کۆمپانیای "ویلبەرفۆرس "لە ئۆگاندا هەستان بە دروستکردنی جۆرە مۆزێکی تایبەت بە ناوی “SUPER BANANA” کە لە ڕووی جیناتەوە گۆڕانکاری تێداکراوە بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر ڤیتامینی تێدایە بە بەراورد بە مۆزی ئاسایی، بە تایبەت ڤیتامین A و ماددە خۆراکیە گرنگەکان بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە دروستکردنی SUPER BANANA  هی پیاوێک بوو بە ناوی Wilberforce ، کە بەدەست برسێتیەوە دەیناڵاند دایک و باوکی توانیان چارەسەری بکەن بەڵام زۆرینەی هاوڕێکانیان گیانیان لەدەستدا ئەو نەیتوانی چیتر بەرگەی مردنی ئەو هەموو کەسە بگرێت و بۆیە بڕیاریدا بیر لە ڕێگە چارەیەک بکاتەوە و بەو جۆرە super banana ەی داهێنا،
 ئەم مۆزە لە کۆمەڵێک تاقیگەی کشتوکاڵی لە ئۆگاندا بەرهەمدەهێنرێت بەو پێێەی یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەریەکی زۆری منداڵ بەهۆی کەمی ڤیتامین A گیان لەدەست دەدەن یاخود لەگەشە دوادەکەون وبە ئاسانی  نەخۆش دەکەون بەهۆی ئەم مۆزەوە توانرا ژیانی چەندین کەسی برسی و هەژار ڕزگار بکرێت و لە ئیستدا چەندین منداڵ نە گەشەیان دەوەستێت نە بەهۆی کەم خۆراکیەوە دەمرن.