هەواڵ

عێراق دەتوانێت ئەمریکا دەربکات؟

Mic
2024-01-07

دووکەڵی جەنگی غەززە تاوەکو دێت ئاسمانی داهاتووی عێراق تاریکتر دەکات؛ جارێکی دیکە خوێن کەوتووەتە نێوان گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران و هێزەکانی ئەمریکا. ئەمان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەک هێرش دەکەن و ئەمریکاش بە هێرشی ئاسمانیی کوشندە وەڵامدەداتەوە. 

گرووپە چەکدارەکان دوای ئەوەی تامی زەبری هێزی ئاسمانیی ئەمریکیان چەشت، دەڵێن ئیدی رۆیشتنی تاهەتایی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، بڕێنراوەتەوە و دەبێت رووبدات. 

محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بە پشتیوانیی هێزەکانی لایەنگری ئێران هاتە سەر دەسەڵات، ئێستا دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی ئەوان و دەڵێت هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمریکا سەرکردایەتییان دەکات، عێراق جێبێڵن.

محەممەد شياع سوودانی وتی "ئەمە پابەندبوونێکە کە حکومەت پاشەکشێی لێ ناکات و هیچ شتێک پشتگوێ ناخات بۆ تەواوکردنی سەروەریی نیشتمانیی خۆی بەسەر خاک، ئاسمان و ئاوەکانی عێراقی ئازیزماندا."

شارەزایێکی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێیوایە ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق سەربگرێت، باری ئەمریکا لە ناوچەکە لار دەبێت.

نیو شینچوون، پرۆفیسۆری کاروباری وڵاتانی عەرەبی لە زانکۆی نیگشیای چین گوتی "ئەگەر عێراق سەرکەوتووانە هێزەکانی ئەمریکا دەربکات، رەنگە کاریگەریی لەسەر سووریا هەبێت و سووریاییەکانیش هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بدەن."

هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لە 17 تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 120 جار کەوتوونەتە ژێر هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپە چەکدارەکان کە خۆیان بە پشتیوانکاری غەززە دادەنێن. 

لەو هێرشانەدا یەک بەڵێندەری ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 69 سەربازی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون. گرووپێکی شیعە کە خۆی بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناودەبات، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە. 

لە تۆڵەی ئەوەدا، ئەمریکاش دەستی وەشاندووە و لانیکەم 34 چەکداری کوشتووە.

لە سووریا، ئەمریکا سێ جار بە درۆن و فڕۆکە هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر بنکە و بارەگە و کۆگەکانی چەکی گرووپە چەکدارەکان و لانیکەم 17 چەکداری کوشتووە. لە سێ هێرشی دیکەشدا لە عێراق، 17 چەکداری کوشتووە. هێرشەکان لە سووریا لە ئەلبوکەمال، دێرەزۆر، مەیادین لە عێراقیش لە ئەبوغرێب، کەرکووک، بەغدا بوون. 

بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن واشنتن سەرەتا نەیویستووە بە تووندی وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بداتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی فراوانبوونی ململانێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 

بەڵام هێرشی 8ی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە لای واشنتەوە بەزاندنی هێڵی سوور بوو، کە دوای ئەوە، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا پەیوەندییان بە محەممەد شياع سوودانییەوە کرد و داوایان لێکرد، عێراق هێزەکانیان بپارێزێت، ئەگەر نا، بە مافی خۆیان دەزانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن بەرگری لە خۆیان بکەن. 

پات رایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن لەمبارەیەوە دەڵێ "ئەمریکا دوو گرووپی نێو حەشدی شەعبی بە تۆمەتباری سەرەکی دەزانێت، ئەوانیش کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبان، کە بوونەتە ئامانجی سەرەکیی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی ئەمریکا."

دوایین هێرشی ئەمریکاش برینێکی چوار ساڵ لەمەوبەری گرووپە چەکدارەکانی کولاندەوە؛ لە چوارەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، درۆنێکی ئەمریکی بارەگایێکی بزووتنەوەی نوجەبای لە بەغدا بەئامانجکرد، کە تێیدا موشتاق تاڵب سعێدی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای حەشد کوژرا. ئەو هێرشە وایکرد گرووپە چەکدارەکان هاواریان لێ هەستێت و گوشارەکانیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تووندتر بکەن. 

سادق نەجەفی، نوێنەری حەشدی شەعبی لە کەرکوک "دەستمان دەخەینە نێو دەستی سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق و پێیاندەڵێین، ئێمە لەگەڵتانین، لە پشتتانین، بۆ ئەوەی ئەم دوژمنە شوومە بکەینە دەرەوە."

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەمان ئەوانەن کە لە ساڵی 2014 حکومەتی بەغدا داوای لێکردبوون بێنە عێراق بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی داعشدا یارمەتیدەر بن. 

حکومەت دەڵێت، هەڕەشەی داعش وەک ئەوکات نەماوە و ئیدی پێویستیان بەو هێزانە نییە. 

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش هێشتا لە نێوان پێنج بۆ حەوت هەزار چەکداری لە عێراق و سووریا هەیە. 

رائید حامید، شارەزایێکی بواری گرووپە چەکدارەکان هۆشداری دەدات لەوەی؛ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان رێگە لەبەردەم گەڕانەوەی داعش بکاتەوە و دەڵێ "مەترسییەکە لە ئەگەرەکانی گەڕانەوەی رێکخراوی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانە، بەتایبەتی لە پارێزگەکانی باکوور و باکووری رۆژئاوای عێراق، واتە لە پارێزگە سوننەنشینەکان، چونکە لە ساڵی 2014 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵی هەرە گەورەیان بینی لە بەزاندنی رێکخراوی داعش."

هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە 86 ئەندامی هەیە، لە ساڵی 2021ـەوە ئەرکی شەڕکردنی نەماوە و گۆڕاوە بۆ راهێنان و راوێژدان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان. 

لەو چوارچێوەیەدا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکا و 500ـی 20 وڵاتی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە، لەم چوار شوێنە جێگیرکراون:

- دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
- بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق
- بنکەی یونیەن سێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا
- ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا

فەیسەڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووتری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، ئەمریکا ئامادە نییە لەم کاتەدا گۆڕەپانەکە بۆ ئێران چۆڵبکات و دەڵێ "بەو کارە، ئەمریکا سەرکەوتنێکی ستراتیجی بە ئێران دەدات لە عێراق، بەڵام بڕواناکەم ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ئەو کارە بکات، بەتایبەتی لەمساڵدا کە هەڵبژاردن دەکرێن. یەکێک لەو شتانەی بە بڕوای من زۆر لەو کەسانەی لە چینی سیاسیی عێراقدا نەیانتوانیوە لەبەرچاویبگرن، ئەوەیە؛ عێراقێکی لاوازی ناسەقامگیر، هەمیشە بایەخێکی ستراتیجی بۆ ئێران هەیە، ئێران هەمیشە دەیەوێت عێراق لاواز و ناسەقامگیر بێت."

ئەمریکا دەڵێت، ئەوان عێراق بە هاوبەشێکی گرنگ دەبینن و هێشتا هیچ داواکاریێکی فەرمییان پێ نەگەیشتووە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان.

لە نێوان دوو بەرداشی هێشتنەوەی هاوپەیمانیی ستراتیجی لەگەڵ واشنتن و پارێزگاریکردن لە پشتیوانیی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ حکومەتەکەی، دیار نییە ئایا سوودانی لە داواکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا جیددییە، یان تەنیا بۆ راگرتنی دڵی گرووپە چەکدارەکانە تا ئەو کاتەی برینی کوشتنی چەکدار و سەرکردەکانیان ساڕێژ دەبێت. 

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.