تەندروستی

زووفۆبیا (ترس لە ئاژەڵان)

Mic
2024-02-06

هەندێک لەو کەسانەی کە ئەم جۆرە فۆبیایەیان هەیە لە هەموو ئاژەڵەکان دەترسن، لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنها لە جۆرە ئاژەڵێکی دیاریکراو دەترسن. لەوانەیە لە دوای ئەزموونێکی ئازاربەخش لەگەڵ ئاژەڵاندا تووشی ئەم ترسەیان بووبن. هەروەها دەکرێت فۆبیا پەیوەندی هەبێت بە نەخۆشییەکانی تری دڵەڕاوکێوە.

زووفۆبیا چییە؟
زووفۆبیا ترسێکی زۆرە لە ئاژەڵان. بە یەکێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان دادەنرێت زۆرێک لەو کەسانەی کە ترسی ئاژەڵیان هەیە لە جۆرێکی دیاریکراوی ئاژەڵ دەترسن. هەندێکی تر لە زۆر جۆری ئاژەڵ یان دەکرێت لە هەموو ئاژەڵەکان بترسن.
ترس لە ئاژەڵان جۆرێکە لە نەخۆشی دڵەڕاوکێ کە پێی دەوترێت فۆبیایەکی دیاریکراو. فۆبیا دیاریکراوەکان ترسێکی چڕن وەک لە ترس هەندێک شت، بارودۆخ، مرۆڤ یان ئاژەڵ. زۆرێک لەو کەسانەی کە فۆبیای تایبەتیان هەیە دەزانن کە چڕی و توندی ترسیان لەگەڵ هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەدا گونجاو نییە، بەڵام هێشتا لەوانەیە زەحمەت بێت بۆیان کە نیشانەکانی فۆبیا کۆنترۆڵ بکەن.
📌جۆرەکانی فۆبیای ئاژەڵان
هەندێک لەو کەسانەی کە زووفۆبیایان هەیە ترسیان لە جۆرێکی دیاریکراوی ئاژەڵ هەیە. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دوو باوترین جۆری فۆبیای ئاژەڵ بریتین لە ئۆفیدیۆفۆبیا واتا ترس لە مار (Ophidiophobia) و ئاراکنۆفۆبیا واتا ترس لە جاڵجاڵۆکەکان (Arachnophobia).
فۆبیا باوەکانی تری ئاژەڵ بریتین لە:
چایرۆپتۆفۆبیا واتا ترس لە شەمشەمەکوێرە (Chiroptophobia)
ساینۆفۆبیا واتا ترس لە سەگ (Cynophobia)
ئینتۆمۆفۆبیا واتا ترس لە مێرووەکان (Entomophobia)
مەوسۆفۆبیا واتا ترس لە مشک و جرجەکان (Musophobia)
شفیکسۆفۆبیا واتا ترس لە زەردەواڵە (Spheksophobia)
زووفۆبیا چەنێک باوە؟
فۆبیا دیاریکراوەکان بە گشتی باون. زیاتر لە % ٢٠ی گەورەکان لە ئەمریکا فۆبیای دیاریکراویان هەیە. بە تایبەتی، فۆبیای ئاژەڵان یەکێکە لە باوترین فۆبیا دیاریکراوەکان. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریخستووە کە ترس لە ئاژەڵان بە یەکێک لە سێ باوترین فۆبیای دیاریکراو دادەنرێت.

📌نیشانە و هۆکارەکان
چی دەبێتە هۆی فۆبیای ئاژەڵان؟
پسپۆڕان نازانن بە دیاریکراوی هۆکاری فۆبیا چییە. هەندێک هۆکار دەتوانن مەترسی تووشبوون بە فۆبیاکان و لە ناویاندا زووفۆبیا زیاد بکەن، لەوانە:
بوونی فۆبیا لە خێزاندا: ئەو خێزانانەی یەکێک لە تاکەکانی لە ئاژەڵ دەترسن، ئەوەکانی تریان ئەگەری زیاتری تووشبوونیان بە فۆبیا لەسەرە.
بۆماوەزانی: هەندێک کەس بە شێوەیەکی سروشتی لەوانی تر زیاتر نیگەران دەبن.
ئەزموونی ئازاربەخش یان نەرێنی: لەگەڵ ئاژەڵەکان، وەک ئەوەی لەلایەن سەگەوە هێرش کرابێتە سەریان.

📌نیشانەکانی فۆبیای ئاژەڵان چیین؟
نیشانەی سەرەکی زووفۆبیا ترسێکی زۆرە لە ئاژەڵان بە شێوەیەکی ئاسایی، کە لەم کاتەدا ئاستی ترسەکە لەگەڵ هەڕەشەی ڕاستەقینەی ئاژەڵەکەدا گونجاو نییە.
ئەو کەسانەی کە فۆبیای ئاژەڵانیان هەیە لەوانەیە خۆیان بەدووربگرن لە چوون بۆ باخچەی ئاژەڵان یان تەنانەت سەردانی کردنی هاوڕێیەکیان کە ئاژەڵی ماڵی هەیە. هەروەها لەوانەیە خۆیان بەدووربگرن لە بینینی وێنە و ڤیدیۆی ئاژەڵەکان وەک دۆکیومێنتاری سروشت. بوونی ترسێکی زۆر لە دەوری ئاژەڵ لەوانەیە نیشانەی جەستەیی هەبێت وەک:
ئازاری سنگ یان توندی سینگ
زیادبوونی لێدانی دڵ یان ناڕێک لێدانی دڵ
سووکبوونی سەر
هێڵنجدان یان ڕشانەوە
هەناسە کورتی (dyspnea)
ئارەق کردنەوە
لەرزین یان بێ کۆنترۆڵ جووڵە.
ئەو منداڵانەی لە ئاژەڵ دەترسن:
خۆحەشاردان لای چاودێرەکەی یاخود خێزانەکەی لە کاتی بینینی ئاژەڵ.
گریانی بێ کۆنترۆڵ
هەستکردن بە سڕبوون
نیشاندانی تووڕەیەکی زۆر بەرامبەر ئاژەڵان
دەستنیشانکردن و پشکنین
لەوانەیە کارمەندی چاودێری تەندروستی پرسیار بکات بۆ تێگەیشتن لە دڵەڕاوکێی کەسەکە بەرامبەر ئاژەڵەکان. لە هەندێک حاڵەتدا، نیشانە جەستەییەکان لەوانەیە پەیوەندییان هەبێت بە نەخۆشییەکی تری دڵەڕاوکێ یان حاڵەتە دەروونییەکانی ترەوە.
دابینکەرەکە لەوانەیە بپرسێت ئەگەر ئەزموونت هەیە لە:
دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوە یان بەرکەوتن لەگەڵ ئاژەڵان.
ترس و دڵەڕاوکێ کە شەش مانگ یان زیاتر دەخایەنێت.
هەستکردن بە ترسێکی زۆر بە بەراورد لەگەڵ هەڕەشەی ڕاستەقینەی ئاژەڵێک.
نیگەرانی و ترس یان هێرشی ترس (هێرشێکە لەلایەن دەمارە کۆئەندامەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بە هۆی ترسەوە دروستدەبێت و کاریگەری جەستیەیی دەبێت) لە کاتی بینینی ئاژەڵ یان وێنەی ئاژەڵ.
ئەو نیشانانەی کە تێکەڵ بە چالاکییە ئاساییەکان یان ڕۆتینی ڕۆژانە دەبن.
خراپتربوونی دڵەڕاوکێ کاتێک دەبینیت ئاژەڵێک بەرەو ڕووتدێت.

 

📌زۆرجار چارەسەری زووفۆبیا تێکەڵەیەک لە چارەسەرەکان دەگرێتەوە. ئامانجەکە ئەوەیە کە یارمەتیدەر بن بە شێوەیەکی گشتی ژیانێکی باشتر بژیت بەبێ کەوتنە دۆخێکی ناخۆش و تێکچوون. لەوانەیە دابینکارەکەت پێشنیاری چەند چارەسەرییەک بکات لەوانە:
چارەسەری بەرکەوتن (Exposure therapy): کە زۆرجار یەکەم چارەسەرە بۆ فۆبیای دیاریکراو. ئەم چارەسەرییە نیشانەکانی نزیکەی نۆ لە دە کەس کەم دەکاتەوە بەتایبەت لای ئەو کەسانەی کە بە دڵسۆزییەوە ئەم چارەسەرییە دەکەن. زۆرجار ئەمە تاکە چارەسەری فۆبیایە کە خەڵکی پێویستیان پێیەتی. کەسەکان فێری بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێ یان ترس دەبن بە ناساندنی ترسە دیاریکراوەکە لە لەژیانیاندا بۆ نموونە، دەتوانن ڕاهێنان بکەن لەسەر سەیرکردنی وێنەی ئاژەڵەکان، سەیرکردنی ڤیدیۆی سروشت یان بیرکردنەوە لە ئاژەڵ.
چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT): بریتییە لە قسەکردن لەگەڵ پزیشکێکی چارەسەرکەر دەربارەی نیشانەکان. فێری دیاریکردنی ئەو بیرکردنەوانە دەبیت کە لەوانەیە بە شێوەیەکی ناعەقڵانی ترسناک بن و خۆت ڕاهێنان بکەیت بۆ ئەوەی بیرکردنەوە ترسناکەکان بگۆڕیت بە بیرکردنەوە عەقڵییەکان. دەتوانیت چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی لەگەڵ چارەسەری بەرکەوتن ئەنجام بدەیت یان بە تەنها.
دەرمانەکان: چارەسەرێکی کەمتر باون بۆ فۆبیا، بەڵام دەتوانن یارمەتی هەندێک کەس بدەن کاتێک چارەسەری بەرکەوتن نیشانەکان کەم ناکاتەوە. لە نموونەی دەرمانەکانیش دەرمانەکانی دژە دڵەڕاوکێ و دژە خەمۆکین، یان دەرمانەکانی تر کە کاریگەرییان لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە.
بە چارەسەر زۆر کەس دەتوانن نیشانەکانی فۆبیای ئاژەڵان بەڕێوەببەن بۆ ئەوەی دەستێوەردان لە ژیانی ڕۆژانەیان نەکات. بەبێ چارەسەر، فۆبیای دیاریکراو دەتوانێت مەترسیەکانی کۆمەڵێ حاڵەتی تەندروستی و دەروونی زیاد بکات، لەوانە:
نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
دابڕانی کۆمەڵایەتی یان کشانەوە.
زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ.
زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن و تەنانەت زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە جەڵتە.
زۆر کەس نیشانەکانیان کەمتر و کەمتریان دەبنەوە کاتێک چارەسەری فۆبیا وەردەگرن. هەندێک کەس لەوانەیە زاڵبن بەسەر ترس لە ئاژەڵان، لە کاتێکدا هەندێکی تر لەوانەیە بەشێوەیەکی درێژخایەن پیویستیان بە چارەسەری هەبێت بەرامبەر ترسەکەیان بۆ ئاژەڵان.
خۆپاراستن
چۆن ڕێگری لە زووفۆبیا دەکرێت؟
هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لە زووفۆبیا ئەگەر کێشەت ترس یان دڵەڕاوکێت هەیە کاتێک بیر لە ئاژەڵان دەکەیتەوە یان بەرکەوتنت هەبێت لەگەڵیان، خووی تەندروست لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانت چەند توندبن. نەریتە تەندروستەکان بریتین لە:
دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵێک خواردنەوە و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ بە سنووردارکردنی خواردنەوەی کحول و کافاین، لەبەرامبەردا زیاتر خواردنەوەی ئاو.
خواردنی ژەمە خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتینی لاواز، چەوری تەندروست، دانەوێڵەی تەواو، میوە و سەوزە.
بە بەردەوامی وەرزش کردن.
خەوتن بە لایەنی کەمەوە حەوت بۆ هەشت کاتژمێر لە شەوێکدا.
قسەکردن بە بەردەوامی لەگەڵ خۆشەویستە باوەڕپێکراوەکان یان چارەسەرکەرێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی گۆشەگیری کۆمەڵایەتی.
کاتێک بەرکەوتنت لەگەڵ ئاژەڵێک دەبێت یان دەبینیت کە لێی دەترسیت، لەوانەیە بتوانیت نیشانەکانی دڵەڕاوکێ کەم بکەیتەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێک تەکنیکەوە، لەوانە:
هەناسەدانی قوڵ، وەک ژماردن بۆ چوار لەسەر هەر هەناسەدانێک و پاشان هەناسەدانەوە.
ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەوایی (ڕاهێنانی ئێرۆبیک)، وەک بازدانی جاک یان ڕاکردن لە شوێنی خۆییەوە.
بیرکردنەوە یان ڕاهێنانی وێنەی ڕێبەرایەتیکراو.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.