تەندروستی

چوار جۆری کۆکە و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان

Mic
2024-02-10

کۆکە بریتییە لە کاردانەوەی جەستە بۆ پاککردنەوەی قوڕگ، بۆری هەوا و سییەکان. چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پۆلێن دەکرێن بۆ چوار جۆری سەرەکی:
کۆکەی تەڕ
کۆکەی ووشک
کۆکەی پایرۆکسیزمۆڵ (نۆرەیی)
کۆکە بە هۆی توشبوون بە دەردەکۆپان

کۆکە دەتپارێزێت لە دوکەڵ، بەڵغەم و تەپوتۆز. بەڵام دەکرێت کۆکە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشی یان حاڵەتێکی تەندروستی سەخت، بەپێی دیاریکردنی جۆرەکەی دەتوانیت بزانیت کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت یان لە ماڵەوە چارەسەری خۆت بکەیت.
📌کۆکەی تەڕ
ئەم جۆرە کۆکەیە بەڵغەمی لەگەڵدایە. دەکرێت کورتخایەن بێت، بە کەمتر لە سێ هەفتە چاک ببێتەوە، یان درێژخایەن بێت و چەند مانگێک بخایەنێت. کۆکەی تەڕ نیشانەیەکی ئاساییە بۆ:
سەرمابوون یان پەتا
ڕەبۆ
هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا
(COPD)
کەی پێویستە چارەسەر وەربگریت؟
زۆرجار کۆکەی تەڕ دوای ماوەیەک خۆی چاک دەبێتەوە. چارەسەری ماڵەوە و دەرمانی کۆکە کە بەبێ ڕەچەتەی پزیشک دەدرێن بە نەخۆش یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی نیشانەکان. سەردانی پزیشک بکە ئەگەر کۆکەکەت زیاتر لە سێ هەفتە بەردەوام بوو یان ئەم نیشانانەت هەبوو:
دەردانی بەڵغەمی چڕ و سەوزێکی زەردباو 
کورتبوونی هەناسە یان خیزەی سنگ
تای بەرز
ئازارێکی مامناوەندی سنگ

📌کۆکەی وشک
کۆکەی وشک بەهۆی هەوکردنی بەشی سەرەوەی بۆری هەوا ڕوودەدات، دەکرێت ببێتە هۆی کۆکەیەکی درێژ  یان پچڕپچڕ و بەڵغەمی لەگەڵدا نییە. کۆکەی وشک دەکرێت بەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەوە ڕووبدات. ئەم جۆرە کۆکەیە دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی سەرمابوونی ئاسایی (common cold) یان ئەنفلۆنزا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام ببێت.
کۆکەی وشک ئاماژەیە بۆ
سەرمابوون یان ئەنفلۆنزا
هەستیاری
ڕەبۆ
کۆڤید-١٩
دەردەکۆپان
گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچک
بوونی ماددەی هاندەر وەک پیسبوونی هەوا، تۆز یان دوکەڵ
هەوکردنی گەڕوو
هەندێ دەرمان وەکوو دەرمانەکانی گرووپی ACEI 
هەوکردنی جیوبەکان
قوڕگ ئێشە
هەوکردنی لەبزەتێنەکان
کەی پێویستە چارەسەر وەربگریت؟ 
زۆربەی جار کۆکەی وشک خۆی چاک دەبێتەوە. چارەسەری ماڵەوە و دەرمانی کۆکە کە بەبێ ڕەچەتەی پزیشک دەدەرێن بە نەخۆش یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی نیشانەکان.

📌کۆکەی نۆرەیی 
کۆکەی پایرۆکسیزمۆڵ (نۆرەیی) بریتییە لە کۆکەیەکی پچڕپچڕی تیژ و کۆنترۆڵنەکراو کە ماندووکەر و ئازاربەخشە. دەکرێت کێشەی هەناسەدانت بۆ دروست بکات تەنانەت دەبێتە هۆی ڕشانەوە لە هەندێک کەسدا. کۆکە ڕەشە سەرەکیترین هۆکاری ئەم جۆرە کۆکەیەیە. هۆکارەکانی تر بریتین لە:
ڕەبۆ
خنکان
نەخۆشی COPD
هەوکردنی سییەکان
نەخۆشی سیل
کەی پێویستە چارەسەر وەربگریت؟
کۆکە ڕەشە درمییە بەڵام دەکرێت زوو دەستنیشانکردنی قورس بێت لەبەرئەوەی نیشانەکانی هاوشێوەی سەرمابوونە. ئەگەر دوای یەک بۆ دوو هەفتە نیشانەکانت خراپتر بوون، کۆکەیەکی ئازاربەخش و ماندووکەرت بۆ دروست بوو، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت. دەتوانیت بە دەرمانی دژە زیندەیی چارەسەری نەخۆشی کۆکە ڕەشە بکەیت. ئەگەر تووشی کۆکە ڕەشە بوویت، خێزانەکەت یان ئەو کەسانەی کە لە نزیکتەوەن، پێویستە دڵنیاببنەوە کە ئایا پێویستیان بە چارەسەرە یاخود نا. کۆکە ڕەشە مەترسیدارە بۆ ئەو کۆرپانەی کە کوتانی (Tdap)یان وەرنەگرتووە.

📌کۆکە بە هۆی تووشبوون بە دەردەکۆپان
دەردەکۆپان هەوکردنێکی ڤایرۆسییە و دەبێتە هۆی ڕووشان و ئاوسانی بەشی سەرەوەی بۆری هەناسە، هەناسەدان قورس دەکات. دەنگێکی جیاواز لە کۆکەی ئاسایی دروستدەکات کە هاوشێوەی وەرینی سەگە. هەناسەدانیش زۆرجار دەنگێکی بەرز دروست دەکات کە پێی دەوترێت جێڕە (دەنگێکی وشکی ڕەق)ـی هەیە. بەزۆری تووشی منداڵانی خوار پێنج ساڵ دەبێت. دەردەکۆپان درمییە و سێ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی نیشانەکان یان نەمانی تا دەردەکەوێت. بەزۆری کاریگەری لەسەر ئەو گەورەساڵانە نییە کە بۆری هەوایان گەورەترە لە بۆری هەوای منداڵ.
کەی پێویستە چارەسەر وەربگریت؟
هەرچەندە دەکرێت کۆکە بەهۆی تووشبوون بە دەردەکۆپان بۆ منداڵان و دایک و باوک ترسناک بێت، بەڵام بەزۆری بە کەمتر لە هەفتەیەک خۆی چاک دەبێتەوە. لە حاڵەتە توندەکاندا، لەوانەیە پزیشکەکەت پێشنیاری (Tylenol)، چارەسەری ستیرۆید یان بەخاخت بۆ بکات. سەردانی پزیشک بکە ئەگەر کۆکەی منداڵەکەت خراپتر بوو یان زیاتر لە سێ هەفتە بەردەوام بوو:
بەڵغەمی چڕ و سەوزی زەردباو
کورتبوونی هەناسە یان خیزەی سنگ
تای بەرز
ئازاری ناوەندی سنگ

📌چارەسەرکردنی کۆکە لە ماڵەوە 
گرنگ نییە چ جۆرە کۆکەیەکت هەیە، دەتوانیت سوود لەم  ڕێگایانە وەربگریت بۆ ئەوەی لە ماڵەوە چارەسەری کۆکەت بکەیت:
ئەو شروبانە بخۆ کە بەبێ ڕەچەتەی پزیشک دەدرێن بە نەخۆش (thyme)ـیان تێدایە
لۆزنجی (نوقڵ) قوڕگ
ڕۆژانە چوار بۆ پێنج جار بە ئاو و خوێ غەرغەرە بکە.
شێی هەوا زیاد بکە یان یان بە ئاوی گەرم خۆت بشۆ بۆ ئەوەی یارمەتی شلکردنەوەی بەڵغەم بدات.
زۆر خواردنەوەی ئاو یان خواردنەوە گەرمەکان.
پێکهاتەی سروشتی زیاد بکە بۆ ئاوەکەت کە دژە بەکتریا، دژە هەوکردن، دژە میکرۆب، یان ئەو ماددانەی کە یارمەتی شلکردنەوەی بەڵغەم دەدەن، لەوانە: دارچین، مێخەک، هەنگوین، سیر، زەنجەفیل، لیمۆ و نەعنا…. چەندانی تر.

📌چارەسەری ماڵەوە بۆ کۆکەی دەردەکۆپان
زۆرجار ئەم جۆرە کۆکەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا چاک دەبێت، بەڵام دەتوانیت سوود لەم چارەسەرانە وەربگریت بۆ مانەوەی منداڵەکەت بە ئاسوودەیی:
زۆر خواردنەوەی ئاو 
پشوویەکی باش وەربگرە
منداڵەکەت ببە حەمامێکی پڕ لە هەڵم بۆ ماوەی ١٠ خولەک

More News

Most Popular

هەواڵ

داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی دەمیرتاش دەکرێت

Mic
2025-09-17

 داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکرێت.

لە 15ـی ئەم مانگەوە لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و بڕیا ئەمڕۆش دوا کۆبوونەوەی بکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێدانی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بکات.

هاوکاتی ئەو کۆبوونەوەیە؛ یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان بەناوی فایەق ئۆزگور ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان جێبەجێبکرێت و دەسەڵاتی تورکیا پیادەی بکات.

هەروەها ئەمڕۆ هاوڵاتییان لە بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن و داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا دەکەن.

مافی هیوا یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە، بەپێی ئەم یاسایە، دوای 25 ساڵ لە زیندانیی هەتا هەتای؛ کەسەکە ئازاد دەکرێت یان بە سزاکەیدا بچنەوە بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێت.

لەلایەکی ترەوە پارتی یەکسانی و دیموکراسی- دەمپارتی داوا ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش- هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە دەکات.

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە رۆژانی رابردوو سەردانی هەریەکە لە دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی- هاوسەرۆکی پێشوو گەورە شارەوانی ئامەد کردووە و، دەڵێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکردووە با دەمیرتاش و مزراکلی ئازاد بکرێن.

چاندار ئاماژەی بەوەشکردووە، دەمیرتاش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، کە لە 8ی تەممووزی 2025 دەرچووە، ماوەی تانەلێدانی تورکیا خەریکە کۆتایی دێت و ئەگەر تورکیا ناڕەزایی دەرنەبڕێت، دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد دەکرێت.

جەختیش لەوە دەکاتەوە بۆ دروستکردنی متمانەیە هاوڵاتییان بە پرۆسەی ئاشتی نابێت سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بهێڵدرێتەوە و دەبێت ئازاد بکرێت.

پێشتر، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکەی خۆی سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش دووپاتکردبووەوە و ماوەی سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ تانەلێدان.