هەواڵ

ڕۆژی جیهانی ڕادیۆ

Mic
2024-02-13

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (13)ی شوباتی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ ناساندووە، ڕادیۆ یەكێكە لەهۆكانی ڕاگەیاندن و بەربڵاوترینیانە و بەشێوەكی گشتی خەڵك لەمەودایەكی فراوانی جیهاندا پێی ئاشنان و مێژووی داهێنان و سەرهەڵدانی ئەم ئامێرە گرنگە كۆنە، هەرچەندە ئێستا هۆكانی ڕاگەیاندن زۆر بوون‌و پێشكەوتنی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە دیوە، كەچی هێشتا ڕادیۆ توانیویەتی پێگەی خۆی ون نەكات و گرنگییەكەی بمێنێت و بە پایەداریی بمێنێتەوە و ناتوانرێت بەدیارییكراوی كەسێك بكرێتە داهێنەری تەواوی ڕادیۆ، هەر بۆیە لە مێژوودا ناوی هەموو ئەوانە بەرز دەنرخێنرێت كە هەوڵیان داوە بۆ گەشەپێدانی ئەم داهێنراوەی مرۆڤ.
 لە ڕاستیشدا یەكەمین كەس كە هەوڵی بەكارهێنانی شەپۆلەكانی دەنگی داوە بۆ گواستنەوەی دەنگ (گۆلیلمۆ ماركۆنی)یە كە 25ی تەمموزی ساڵی 1896 دا جفرەی مۆرسی بەكارهێنا بۆ پەیوەندی بێ تەل، پێش ئەو و دوای ئەویش چەندین زانا‌و كەسانی داهێنەر هەوڵی گواستنەوەی دەنگیان داوە هەركەسەیان و بەجۆرێك لەو بوارەدا خۆیان تاقیكردووەتەوە ، لەوانەش ( جیناڵد فسندن)ە كە بەیەكەمین داهێنەری پەخشی دەنگ دادەنرێت و دوای ئەویش ناوی چەند كەسێكی تر لە مێژوودا تۆمار كراوە، لەوانەش ( هانز ئورستد)ی زانای فیزیایی دانیماركییە كە لەساڵی (1880)دا سەرەتای بیركردنەوەی لە ڕادیۆ داهێناوە و پاش ئەویش (ئەندرییە ماری ئەمپیر)ە كە لە ساڵی(1819) دا هەوڵێكی دیكەی لەو بوارەدا تاقیكردووەتەوە.
لەساڵی (1886) (هاینریش هیرتز) زانای فیزیایی و میكانیكی ئەڵمانی شەپۆلی كارۆموگناتیسی لەوزەدا دۆزییەوە و هەر ئەو بوو سیستمی شەپۆلی ڕادیویی (UHF)ی دۆزییەوە و بەیەكەمین كەسیش دادەنرێت كە دیزاینی بۆ ئامێری ناردن و پێشوازیی یەكەمین شەپۆلە ڕادیۆییەكان داناوە پاشان لە 25ی تەمموزی ساڵی 1874 دا (گۆلیملۆ ماركۆنی) یەكەمین شەپۆلەكانی كارۆ مۆگناتیسی بۆ داهێنانی ڕادیۆ دۆزییەوە و خودی ئەویش داهێنەری تروسكەكانی بێ تەلە، پەخشی ڕادیۆیی مێژووییەكی كۆنی هەیە و هەر وڵاتێك لەوڵاتانی جیهان ڕۆژێكی خۆی دیاری كردووە بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لە وڵاتەكەدا.
یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لەلایەن ئەندازیارانی كۆمپانیای (بیستبێرگ) بووە لەئەمریكا، ئەوەش بە شێوەیەكی ڕێكەوت بووە، لەكاتێكدا كارمەندەكان سەرقاڵ بوون بە تاقیكردنەوەی گواستنەوەی دەنگ و بیریان لەوە كردووەتەوە كە میوزیكی سەر ئەو قەوانانەی لەبەردەستیاندایە بەكار بهێنن بۆ گواستنەوەی دەنگ، ئەو كەسانەی لە ماڵەوە ئامێریی سەرەتایی وەرگرتنی شەپۆلەكانی دەنگیان هەبووە توانیویانە شەپۆلی دەنگیی ئەو میوزیكانە وەربگرن و بۆیە داوایان لەو كۆمپانیایە كردووە كە میوزیكی زیاتر پەخش بكات و بەردەوام بێت، پاشان كۆمپانیاكە كارەكانی بەشێوەیەكی ڕێكخراوتر كردووە و لە ژێر ناوی ڕادیۆی (KDKA)بەردەوام بووە، ئەم پیتانەش هیچ مانایەكیان نەبووە و هێما نەبوون بۆ هیچ شتێك، بەڵكو بەشێوەیەكی هەرەمەكی هەڵبژێردراون‌و لەساڵی(1920) دا وەك یەكەم وێستگەی ڕادیۆیی ناسراوە.
لەناو ئەنجومەنی جێبەجێكاری یۆنسكۆدا ڕۆژی (13)ی شوبات دیاریكرا بۆ ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، چونكە لەو ڕۆژەدا و لەساڵی (1946)دا یەكەمین پەخشی ئێستگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێكرد.
بەپێی داتاكان تاساڵی 2015 پانزە هەزار ئێستگەی ڕادیۆیی هەبووە و (75%)ی ماڵان لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوودا ڕادیۆیان هەیە.
(70%)ی دانیشتوانی جیهان لەڕێی تەلەفۆنی مۆبایلەوە گوێ لە ڕادیۆ دەگرن.
هەر بەپێی ئامارەكان (608) ملیار كەس لە سەرانسەری جیهاندا گوێ لە ڕادیۆ دەگرن
مێژووی ڕادیۆ كوردییەكان
بەگوێرەی هەموو سەرچاوە كوردییەكان، یەكەم رادیۆی كوردی لە 19ی نۆڤێمبەری 1939 لە بەغدا كراوەتەوە ،ئێزگەی دووەم بە زمانی كوردی (رادیۆی ڕۆهەڵات) لە 5ی ئازاری 1941 لە بەیروت و ئێزگەی سێیەمی كوردیش لە ئابی 1942 لە یافا (فەلەستین) كراوەتەوە.
ئەم سێ ئێزگە كوردییەی سەرەوە وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی: (كوردستان) لە دەرەوەی خاكی كوردستان پەخشیان دەستی پێكردووە، ئەو ئێزگانە لە راستیدا ئێزگەی كوردی نەبووین، بەڵكو ئێزگەی بیانی بووین و بە زمانی كوردی وەشانیان هەبووە، ئێزگەی ئاڕاستەكراو بووین و بۆ گەیاندنی هەواڵ و دەنگوباسی خۆیان بۆ گوێگری كورد دامەزراون، نەك گەیاندنی هەواڵ و دەنگوباسی كوردی بۆ ئەوان یان بۆ كورد، ئەگەر لەم ئێزگانە ناوە ناوە باس لە كورد و كوردستانیش كرابێ، زیاتر بۆ خۆنزیكردنەوە و ڕاكێشانی سەرنج و سۆزی كورد بۆ بەرەی خۆیان بووە، نەك لەبەر ئەوەی كوردیان لە دڵەوە خۆشویستووە و وسیتوویانە ئەو گەلە دێرن بێ رادیۆ نەبێ، لەهەمان كات، دەبێ بنووسین هەرسێك ئێزگەی كوردی سەرەوە، كە لە دەرەوەی كوردستان پەخشیان بە زمانی كوردی هەبووە، لەكاتی دەستپێكردنی دووەم جەنگی جیهانی دامەزراون و لەگەڵ تەواوبوونی جەنگ، دوو لەوان كوژاونەتەوە، لەگەڵ ئەوەش بێگومان هەبوونی ئەو ئێزگانەی سەرەوە كارێكی باش بووە، بەتایبەتیش یەكەم ئێزگەی كوردی لە بەغدا، لە مێژووی خۆی سەدان گۆرانی كوردی تێدا تۆمار كرایە و بۆ سەرتاسەری كوردستان پەخش و بڵاوكراونەتەوە، ئەم تۆمار و پەخشكردنە، جگە لەوەی ئەرشیڤێكی جوان و دەوڵەمەندە، بۆتە یارمەتیش بۆئەوەی هونەرمەندی تازە دروست ببن و گۆرانی و ئاوازی خۆیان لە هەمان ئێزگە لەسەر قەوان تۆمار بكەن و گۆرانی و مۆسیقای كوردی پێشبخەن.
بەڵام بەوتەی ئەمیر حەسەن پور ڕۆژنامەنوس و لێكۆڵەری شاری مەهاباد یەكەم پەخشی ڕادیۆیی كوردی لە ساڵی١٩٢٣بووە لە یەكێتی سۆڤیەت و تا ساڵی ١٩٢٩ی خایاندووە.
ساڵی ١٩٤١ش ئینگلیزەكان بۆ دژایەتیكردنی ئەڵمانیای نازی بەشی كوردی ڕادیۆی یافایان كردەوە و ژمارەیەك كەسایەتی وەك گۆرانی شاعیر و ڕەفیق چالاك كاریان تیادا كردووە.
پەخشی ڕادیۆی كوردی تارانیش لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ دەستیپێكرد، سەرەتا ماوەی پەخشەكەی تەنها ١٥ خولەك بووە و دواتر كاتەكەی زیاد كرا.
وێستگەی ڕادیۆی یەریڤان لە ساڵی ١٩٥٥دا، بە پێنجەم پەخشی ڕادیۆیی كوردی دادەنرێت كە ئەویش لەسەرەتادا ماوەی پەخشەكەی تەنیا ١٥ خولەك بووە.
لەسەردەمی جەمال عەبدولناسر سەرۆكی پێشووتری میسردا، ئێزگەیەكی كوردی لە ساڵی ١٩٥٧ لەشاری قاهیرە كرایەوە، دواتر و لە پایزی ١٩٥٨دا ڕادیۆی كوردی لە شاری كرماشان كرایەوە و ڕادیۆی كوردی تاران داخرا.
دوای دوو ساڵیش لە دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلول بە ژمارەیەك ئامێری سەرەتاییەوە ڕادیۆی دەنگی كوردستان لە ساڵی ١٩٦٣دا لە ناوچەی باڵەكایەتی دەستی بە پەخشی خۆی كرد.
ڕادیۆكان، لەئێستای هەرێمی كوردستان بریتییە لە(١٦٥) ڕادێۆ كە بەشێوازی جۆراو جۆر پەخش دەكەن لە ڕووی كاتەوە.

More News

Most Popular

زانست

دۆزینەوەی ئەڵماس لە هەسارەیەکی کۆمەڵەی خۆردا

Mic
2024-07-27


توێژەرانی چین و بەلجیکا ئەم توێژینەوەیەیان ئەنجامداوە کە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم چینە تا ١٨ کیلۆمەتر ئەستوورە. ئەم دۆزینەوە دەرخەری پێشکەوتنێکی بەرچاوە لە تێگەیشتن لە پرۆسەکانی جیاکردنەوەی هەسارەکان.

دەرکەوتووە کە ڕووی تاریکی نائاسایی عەتارد بەهۆی بوونی بەربڵاوی گرافیتەوەیە.

یانهاو لین، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەم قەبارە ئەڵماسە لەسەر عەتارد دەڵێت: ساڵانێک لەمەوبەر بۆم دەرکەوت کە بوونی ئەو بڕە کاربۆنە لەم هەسارەدا ڕەنگە لێکەوتەی گرنگی هەبێت. بەم شێوەیە تێگەیشتم کە دەبێ لەناو ئەم هەسارەیەدا شتێکی تایبەت ڕوویدابێت.