لەدەستدانى کێش، بەتایبەتیش لەدەستدانى کێشێکى زۆر کارێکى ئاسان نییە و ورە و خۆڕاگرییەکى زۆرى دەوێت، بەڵام ئەوەى لە لەدەستدانى کێشەکە قورسترە، پارێزگاریکردنە لێی و رێگرییە لە دوبارە قەڵەوبونەوە.
بەپێى ئەو توێژینەوانەى ئەنجام دراون، تەنها 20%ـى ئەو کەسانەى کێش لەدەست دەدەن دەتوانن پارێزگارى لێبکەن و قەڵەو نەبنەوە، بۆ ئەوەى تۆش یەکێک بیت لەو کەسانەى پارێزگارى لە کێشى لەشت بکەیت، ئێمە حەوت رێگاى ئاسان و کاریگەرتان پێدەڵێین کە ئەمانەن:
-ژەمەکانت کەم و بچوک بکەرەوە، رۆژانە پێنج ژەمى بچوک بخۆ نەک سێ ژەمى قورس و پڕ، بەمشێوەیە مێتابۆلیسمت بۆ ماوەیەکى درێژ کاردەکات و کۆنتڕۆڵى کێشت دەکات، هەوڵبدە لەو ژەمانەش دەیخۆیت جێگەى دارچینى و زەردەچەوە بکەیتەوە.
-هەرگیز کە تێرت خواردوە یاخود برسیت نییە هیچ مەخۆ، پێویست ناکات چی لەسەر قاپەکەت هەیە تەواوى بکەین، هەر هەستت بە تێربون کرد واز لە نانخواردن بهێنە.
-لە نێو ژەمەکاندا ئەو شتانەى دەیانخۆیت با تەندروست بن، گەر لەدواى ژەمەکان هەستت بە برسێتى کرد مەچۆ وەک جاران ئەو شتانە بخۆیت کە کالۆرییەکى زۆریان تێدایە، لەجێی ئەوە میوە و سەوزە و ماست و ئەو پسکیتانە بخۆ کە بە گەنمى تەواو دروستکراون.
-ئاو زۆر بخۆرەوە، خواردنەوەى رۆژانەى هەشت پەرداخ ئاو تەنها هاوکارت نابێت لە سوتاندنى چەورى، بەڵکو یارمەتیشت دەدات کە مێتابۆلیسمى لەشت چالاک بێت، ئەمە جگە لەوەى تینۆێتى بە ئاو زۆر باشتر دەشکێت بەراورد بە خواردنەوەکانى دیکە.
-وەرزش بکە، باشترین رێگا بۆ ئەوەى کێشى لەشت بپارێزیت رۆتینى رۆژانەى وەرزشکردنە، رۆژانە 30 خولەک وەرزش بکە بە دڵنیاییەوە رێگری لە زیادبونى کێشى لەشت دەکات.
-خەوت رێک بکەرەوە چونکە خەو گەر لەکاتى خۆى تێبپەڕێت کاریگەریی نەرێنى لەسەر لەشت دروست دەکات ئەمە جگە لەوەى هۆرمۆنى برسێتی تێکدەدات، بەپێى توێژینەوەکان دەبێت کەسانى پێگەیشتو رۆژانە حەوت بۆ نۆ سەعات بخەوێت.
-رێگایەکى دیکە بۆ ئەوەى نەهێڵیت جارێکى دیکە قەڵەو ببیتەوە ئەوەیە بڕیار بدەیت چى بۆناو بەفرگرەکەت بکڕیت، پێویستە بە وریاییەوە ئەو خواردنانە هەڵبژێریت کە دەیانکڕیت، پێش ئەوەى بچیت بۆ بازاڕیکردن لیستى پێویستییەکانت بنوسە و خواردنە تەندروستەکان هەڵبژێرە، بەدوربە لە کڕینى ئەو شتانەى کە ئاسان قەڵەوت دەکەن، ئەو شتانە هەڵبژێرە کە دەوڵەمەندن بە پرۆتین و میوە و سەوزەواتەکان و ئەو ژەمە سوکانەى کە بڕێکى کەم کالۆرییان تێدایە.
سوریا دوای ئەسەد ؛دەرفەت و بنیاتنانەوەی نەتەوەیەک
نەجیبە مەحمود
ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی گەلانی سوریادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەتوانرێت ئاماژە بە چەند لایەنێکی سەرەکی بکرێت:
لەوانە :_ 1. ڕۆڵی سەربازی، کورد بەتایبەت هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شەڕی داعش و گروپە توندڕەوەکانی تردا بینی. ئەم هێزانە توانیان ناوچەیەکی فراوان لە دەستی داعش ڕزگار بکەن و وەک هێزێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بە تیرۆر ناسێنران.
2 دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ، کورد توانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەڕێوەببات و سەربازییەکی ئۆتۆنۆم بە ناوی (ڕۆژاڤا) پێکبهێنێت. ئەم سیستەمە بە جۆرێک هەوڵیدا نەخشە دیموکراسی و فرە کولتوورییەکان لە کۆمەڵگەی ناوخۆییدا جێبەجێ بکات.
3. کورد وەک گرووپێکی نەتەوەیی خاوەن مێژوو و کولتووری تایبەت بە خۆیان، بەشدارییان لە فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی وڵاتەکەدا کردووە. ئەوان بەدوای مافەکانیاندا دەگەڕان و ناسنامەی کولتووری خۆیان بپارێزن، لە هەمان کاتدا گرنگییان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی دیکەی سوریادا دەدا.
4. کورد ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دانوستانە سیاسییەکان سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوا و سوریا. ئەوان داوای دانپێدانان بە مافەکانیان و ئۆتۆنۆمییان لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراسیدا کرد. 5. لەگەڵ بوونی تەحەددیات و گرژیەکان، لە هەمان کاتدا ڕۆڵی کورد لە شۆڕشدا ، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سوریا و هەروەها لەگەڵ تورکیا کە نیگەران بوو لە کاریگەرییەکانی کوردەکان لەسەر سنوورەکانی. بە گشتی کورد وەک یاریزانێکی سەرەکی لە شۆڕشی رۆژئاوا و گەلانی سوریا لە گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەرکەوت و ڕۆڵی ئەوان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پرۆسەی گەشەسەندنی ئەم وڵاتە هەبوو. هەروەها لە ئێستادا لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت کە دەتوانێت لێکەوتەی زۆری بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و ناوچەکە هەبێت.
لە دۆخێکی وادا ئەو هەنگاوانەی کە دەتوانرێت ئەنجام بدرێن وەک - دامەزراندنی حکومەتی ئینتقالی، دوای ڕووخانی حکومەت پێویستە حکومەتێکی ڕاگوزەر دابمەزرێنرێت کە نوێنەری سەرجەم نەتەوە لەخۆ بگرێت. پێویستە ئەم حکومەتە بتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی خەڵک بداتەوە و هاوکار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری. -دابینکردنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی و تاڵانی موڵکی گشتی،کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دوای ڕووخانی ڕژێم ئەگەری ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی ناوخۆیی هەیە ، پێویستە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ناوچە جیاوازەکان و هێزی ئەمنی نوێ پێکبهێنرێت بە ئامانجی پاراستنی هاوڵاتیان. - ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی لە نێوان گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سوریا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویستە.
ئەم دیالۆگانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێگریکردن لە گرژییە نەتەوەیی و ئایینییەکان. - دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و وێرانکاری، پێویستی بە بەرنامەی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئابووری هەیە. پشتیوانی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت. - پێویستە گرنگی تایبەت بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری ئینتقالی بدرێت.
ئەمەش لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی جەنگ و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافی قوربانییەکان دەگرێتەوە -بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گروپە کۆمەڵایەتییە کاراکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و بەشدار. - لەدوای ڕووخانی حکومەت پێویستی بە ڕاکێشانی هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات. ئەم یارمەتییانە دەتوانن یارمەتی دارایی و مرۆیی و تەکنیکی لەخۆ بگرن.
لە کۆتاییدا، هەر کارێک لە دوای ڕووخانی حکومەت، دەبێت وەڵامی خواست و پێداویستییەکانی گەلی سوریا بداتەوە و هاوکار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لەو وڵاتەدا.