بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا بووەتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو لە شێوازەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن، پزیشکانیش تادێت زیاتر بەرەو تاقیکردنەوە و بەکارهێنانی ڕۆبۆتی ژیریی دەستکرد لە بواری پراکتیکیی پزیشکی هەنگاو دەنێن.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی ستانفۆرد ئەنجامدراوە ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن وردی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست لەلایەن پزیشکانەوە باشتر بکەن.
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە ئامرازەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد بە خێرایی گەشە دەکەن، پێشبینیش دەکرێت ئەو ئامرازانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربهێنرێن دوای ئەوەی پشتڕاست دەکرێنەوە و پشکنینی گونجاویان بۆ دەکرێت.
بەپێی توێژینەوەکە ئەو پزیشک و خوێندکارانەی ژیریی دەستکردیان بەکارنەهێناوە توانیویانە بە وردی 74.8%ـی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پێست و 81.5%ـی برینەکانی پێستی هاوشێوەی شێرپەنجە دەستنیشان بکەن.
لەبەرامبەردا ئەوانەی بە یارمەتی ژیریی دەستکرد کاریان کردووە توانیویانە بە وردی 81.1%ـی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پێست و 86.1%ـی برینەکانی پێستی هاوشێوەی شێرپەنجە دەستنیشان بکەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤاری BMJ Oncology بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 50 ساڵە و تووشی شێرپەنجە بوون لە جیهاندا لە ماوەی سێ دەیە نزیکەی 80% زیادی کردووە، لەماوەی دەیەی ڕابردووشدا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی میلانینیی پێست نزیکەی 38% زیادی کردووە. ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ پێویستی ئامێری پێشکەوتوو، کە بتوانن بەخێرایی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە دەستنیشان بکەن، چونکە تا زووتر شێرپەنجەی پێست دەستنیشان بکرێت چارەسەری ئاسانتر دەبێت.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.