لە بابەتێکی ماڵپەڕی " ScienceAlert"دا بڵاو کراوەتەوە، مانەوە لەناو سارددا لەلایەن وەرزشوانانەوە بەکارهێنراوە وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان و خێراکردنی کاتی چاکبوونەوە بە شێوەیەکی گشتی خەڵک نزیکەی دە خولەک دوای وەرزشکردن لە ئاوی سارددا بەسەر دەبەن کە لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ پلەی سەدیدا.
ئاوی سارد بەکارهێنراوە بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی نیشانەکانی خەمۆکی و ئازار و شەقیقە، یارمەتی چالاکبوونی سوڕی خوێن و زیادبوونی بەرگری جەستە دەدات، ئەمەش تەندروستی دڵ باشتر دەکات و پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە، گیرانی خوێنبەرەکان لادەبات و سوڕی خوێن باشتر دەکات، هەروەها ئاوی سارد یارمەتی چاکبوونەوەی ماسولکە گرژەکان دەکات، زۆربەی وەرزشوانان پەنا دەبەنە بەر دوشێکی سارد یان دانیشتن لە جاکوزییەکی سارد دوای مەشقەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان، چونکە یارمەتی ماسولکەکان دەدات باشتر و لە ماوەیەکی کورتتردا چاکببێتەوە.
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی بەشێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆنوقمکردن لە ئاوی سارددا رەنگە کاریگەری زیانبەخشی لەسەر جەستە هەبێت، پسپۆران جەخت لەوە دەکەنەوە لە شێوازەکانی چارەسەرکردنی ئاوی سارددا خۆشۆردن بژاردەیەکی کەمتر مەترسیدارە چونکە لە ڕووی پلەی گەرمی و کاتی بەرکەوتنەوە گونجاوترە بە بەراورد بە دانیشتن لە جاکوزییەکی سارددا.
هەرچەندە زۆر لێکۆڵینەوەی تەواو نییە کە زیانەکانی مانەوە لە ئاوێکی سارددا نیشان بدات، بەڵام خۆنوقمکردن لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک یان جەڵتەی دڵ زیاد دەکات لە ئەنجامی زۆر دابەزینی پلەی گەرمی جەستە، کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاوی سارددا دەمێنیتەوە دەست و قاچەکان هەست بە ساردییەکی زۆر یان بێهێزی دەکەن ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و زیان بە خوێنبەرەکان دەگەیەنێت.
ئەگەر دەتەوێت چارەسەری ئاوی سارد تاقیبکەیتەوە، لێرەدا چەند شتێک دەخەینەڕوو کە دەبێت لەبەرچاو بگرن:
١. پێشتر لە پزیشکەکەت بپرسە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە سەلامەتە بۆ تۆ ئەنجامی بدەیت.
٢. پلانی چۆنیەتی خۆنوقمکردن و دەرچوون لە ئاوەکە بە سەلامەتی دابنێ، لەبیرت بێت کە ماسولکەکانت بە باشی کار ناکەن کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاوی سارددا دەبێت لەوانەیە نەتوانیت هەست بە دەست و قاچەکانت بکەیت.
٣. بزانە دوای ئەوە چۆن هەست بە گەرمی دەکەیت، دڵنیابە خاولی و جل و بەرگی وشک و خواردنەوەیەکی گەرمت پێیە.
٤. تا بە تەواوی گەرم دەبیتەوە زۆر جوڵە مەکە.
٥.تەنها بۆ ماوەیەکی کەم لەناو ئاوی سارددا بمێنەرەوە، پێش ئەوەی هەست بە بێهێزی و ئازار یان لەرزین بکەیت لە ئاوەکە وەرە دەرەوە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.