ئاگربەستی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی چووە، بواری جێبەجێکردنەوە و دوای 15 مانگ شەڕی بۆ ماوەی 42 ڕۆژ ڕاوەستا.
نیوەڕۆی ڕۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای نزیکەی 3 کاتژمێر لە دواکەوتنی ئاگربەستی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
دواکەوتنی ئەو چەند کاتژمێرەی ئاگربەستەکە بۆ غەززە خوێناوی بوو، تەنها لە ماوەی ئەو 3 کاتیژمێردا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە 8 کەس کوژران.
هۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، پەیوەست بوو بە ڕادەستنەکردنی لیستی یەکەمی ئەو بارمتەکراوانەی ئیسرائیل کە حەماس لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەستدا ئازادییان دەکات.
حەماس دواکەوتنی لیستی بارمتەکراوەکانی بۆ کێشەی تەکینکی گەڕاندبووە و ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ چارەسەکردنی کێشەکەکان لیستەکە پێشکەشی ئیسرائیل دەکات.
بەپێی ئەو لیستەی بزوتنەوەی حەماس بڵاویکردوەتەوە، لە یەکەم هەنگاودا ئەمڕۆ سێ ژنە بارمتە ئازا دەکرێن کە بریتین لە دۆرۆن ستێینبرێچەری 31 ساڵ، ئێملی داماری 28 ساڵ و رۆمی گۆنێنی 24 ساڵان.
ئیسرائیل و حەماس چۆن ئاگربەستییان کرد؟
شەش مانگ زیاترە، هەریەکە لە ئەمەریکا، قەتەر و میسر لە هەوڵی بەردەوامدان تا ئیسرائیل و حەماس بە ئەنجامدانی ئاگربەست ڕازی بکەن تا شەڕ لە غەززە کۆتایی بێت.
دوای دانوستانێکی درێژ، پلانی ئاگربەستێکی سێ قۆناغی ئامادە کرا، لە یەکەم هەنگاودا حەماس و ئیسرائیل قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەیان واژۆکرد کە 42 ڕۆژ دەخایەنێت.
بەپێی ڕێککەوتنەکەیان، لەم قۆناغەدا حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە ژن و منداڵ و کەسانی بە تەمەن و نەخۆشن.
ئیسرائیل سێ وێستگەی جیاوازی لە سنورەکانی کەرتی غەززە بۆ وەرگرتنەوەی ئەم بارمتانە ئامادەکردووە، بڕیارە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتەکان بگەیەنێتە ئەم وێستگانە تا پشکنینی بۆ بکرێت و دواتر بگوازرێنەوە.
ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتیەکراوەکانیدا، بەڵێنی داوە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی غەززە بکشێتەوە و زیاتر لە دوو هەزار فەڵەستینیش ئازاد بکات کە زۆرینەیان بە تۆمەتی کوشتنی سەربازانی وڵاتەکەی دەستگیریکردوون.
هاوکاری مرۆیی
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە، بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە غەززە مەترسی برسێتی لەسەرە و داوای کردووە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە زیاتر بکرێن.
میسر کە وڵاتێکی بەشداری دانوستانەکانی ئاگربەستە، لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر بچنە ناو غەززە"، لەنێویاندا "50 بارهەڵگری سووتەمەنی".
شەڕ دەستپێدەکاتەوە؟
ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کاتییە، گرەنتی نییە دوای کۆتایی هاتنی وادەکەی جارێکی دیکە شەڕ دەستپێبکاتەوە، وەک بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "ئێمە مافی خۆمانە ئەگەر پێویست بکات شەڕ دەستپێبکەینەوە".
ئەگەر ئەم قۆناغی یەکەمی ئاگربەست سەرکەوتوو بێت، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستدا سەرجەم زیندانیکراوان ئازا دەکرێن و لە قۆناغی سێیەمیشدا کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکرێت.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس
ڕۆژی 7ـی تیشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و گەڕێکی نوێی شەڕ لە نێوان هەردوولا هەڵگیرسا.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە داتای فەرمی ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا هەزار و 210 کەس کوژراون کە زۆربەیان مەدەنی بوون. لەو ماوەیەدا 251 کەس ڕفێندراون کە 94 کەسیان تا ئێستا لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 46 هەزار و 899 فەلەستینی کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵن، لە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون.
سنوار و هەنییە دیارترین سەکردەکانی حەماس کوژران
ڕۆژی 31ـی تەموزی 2024، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنهوهی حەماسی فەڵەستینی لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.
هەنییە كه بۆ بهشداریكردن له ڕێوڕهسمی دهستبهكاربوونی مهسعود پزیشكیان سهرۆك كۆماری نوێی ئێران له تاران بوو، به موشهك هێرشكرایهسهر شوێنی مانهوهی و كوژرا.
ئیسماعیل هەنییە ساڵی 1962 لە کامپی ئاوارهكان لە خۆرئاوای غەزە لەدایکبووە. دوای تهواوكردنی بهشی ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامی لە غەزە له ههشتهكانی سهدهی ڕابردوودا، ههنییه تێکەڵ بە ڕێکخستنەکانی بزوتنەوەی حەماسی ئیسلامی بووە و بهردهوام بووه له بڕینی پلهكان، تا لە ساڵی 2017ـدا وهك سهرۆكی مهكتهبی سیاسیی بزوتنهوهی حەماس هەڵبژێردرا.
ڕۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە شاری ڕەفەحی باکوری غەززە یەحیا سنوار کە لە دوای ئیسماعیل هەنییەوە بووە سەرۆکی مەکتەبی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس بەوتەی ئیسرائیل ئەندازیاری هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بوو، کە لەلایەن حەماسەوە کرایە سەر ئیسرائیل.
شاندێکی دەم پارتی بەشداری یەکەم رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکات و داواش لە چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەکات مۆڵەت بۆ روماڵکردنی وەربگرن، سەرۆک کۆماری تورکیاش دەڵێت، چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات.
10 رۆژی داهاتوو لە رێورەسمێکدا نزیکەی 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سلێمانی چەک دادەنێنن.
بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، دەم پارتی بە شاندێک بەشداری رێوڕەسمی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە دەکات.
دەم پارتی تا ئێستا ئەندامانی شاندەکەی دیاریی نەکردووە، ئۆزتورک وتی،" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستەی گشتی دەم پارتی ئەندامانی شاندەکە دیاریی دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت، رێورەسمی چەکدانانی یەکەم پۆلی گەریلاکانی پەکەکە لە 10 بۆ 12ـی تەمووز لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، پرۆسەکە بە سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەچیت و گەریلاکان چەکەکانیان لەناو دەبن.
رێورەسمی چەکدانانی یەکەم پۆلی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێشخەرییەکی سیمبولی پەکەکەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و بە چاودێری، هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت.
دەم پارتی بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی چەکدانانەکەدا بانگهێشتی نووسەر و نوێنەری پارتەکانی کردووە، داواشی لە میدیاکانی تورکیا کردووە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی رووماڵکردن ناویان تۆمار بکەن و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، تاوتوێی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، چونکە چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات.
پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.