هەواڵ

هەرێمی کوردستان بە یاساکەی عێراق زیاتر لە 35 هەزار کەس پێکەوە خانەنشین دەکات

Mic
2025-01-23

ئەمساڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار کەس پێکەوە خانەشین دەکات، هەر کەسێکیشیان تەمەنی خزمەتی 25 ساڵ بێت 18 مووچەی پێکەوە پێدەدرێت. پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بکات. 

بەشی کارگێڕی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژە سەرقاڵی ئامادەکردن و رێکخستنی لیستی ئەو فەرمانبەرانەن کە خانەنشین دەکرێن.

بەپێی ڕێکارەکان، ئەو کەسانەی لەم قۆناغەدا خانەشین دەکرێن، لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962،1963،1964ن لەگەڵ لەدایکبووانی مانگی یەکی ساڵی 1965 کە تەمەنیان بووەتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێن.

یاساکەی عێراق بۆ خانەشینکردنی فەرمانبەران بەکاردەهێنرێت
کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.

تەموزی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە ڕاگەیاند و بڕیاریدا ئەو یاسایە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی بەکاربهێنێت. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خانەنشینکردنی ئەم فەرمانبەرە نوێیانەشدا پشت بە هەمان یاسا دەبەستێت، بەڵام بڕیاریداوە، تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم بکرێتەوە. 

بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق کە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنیشینی بوونی فەرمانبەران بەکاریدەهینێت، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی خانەنشینیدا ئەگەر 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، 12 مووچە وەک پاداشتی ساڵانی خزمەت پێدەدرێت لەگەڵ شەش مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە.

کەسوکاری شەهیدان دەتوانن خانەنشین نەبن
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان مافی بەردەوامبوون بەو کەسانە دەدات کە خاوەن شەهیدی پلە یەک و دوون و تەمەنی خانەشینیان تەواو کردووە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو کەسانەی کەسی پلە یەک و پلە دوویان شەهیدە، فۆڕمێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی عێراقییان پڕکردوەتەوە، بە مەبەستی "ئەنجامدانی کاری پێویست و بەردەوامبوونیان لە خزمەت".

ژمارەی خانەنشیان 
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 277 هەزار و 541 کەس لە هەرێمی کوردستان خانەنشینن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، مووچەی یەک مانگی خانەشینان پێویستی بە زیاتر لە 180 ملیار دیناری مانگانە هەیە. 

دامەزراندن دەکرێتەوە؟ 
خانەنشین بوون، ڕێگەیەکە بۆ نوێکردنەوەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان بە گەنجان و لاوان، چونکە پێویستە لەگەڵ خانەشینبوونی توێژێکدا توێژێکی نوێ دابمەزرێت. 
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ، ڕێکار و ڕێنماییەکی بڵاونەکردوەتەوە کە تایبەت بێت بە دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ لە شوێنی ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن، بەڵام  پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆچی نیپاڵییەکان گەورەترین سووکایەتیان بە وەزیری دارایی وڵاتەکەیان کرد؟

Mic
2025-09-16

یەکێک لەو دیمەنانەی لە خۆپیشاندانەکانی نیپاڵ زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە و چاوکان چوونە سەری، هەڵسوکەوتی خۆپیشاندەران بوو بەرامبەر وەزیری دارایی وڵاتەکەیان.

لەم راپۆرتەدا پێتان دەڵێن، هۆکاری ئەو رق و کینەیە چی بوو کە وای لە نیپاڵییەکان کرد شەقشەقێن بە وەزیری دارایی وڵاتەکەیان بکەن.

رۆژنامەی مای ری پەپڵیکای نیپاڵی لە راپۆرتێکدا دەڵێت؛ پیشنو پراساد پاول، وه‌زیری دارایی  خاوەنی گەورەترین تۆڕی گەندەڵی بووە لە وڵاتەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکە بە مافیای زەوی ناسرابوون.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم وەزیرە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی وڵاتەکەی هەرچی زەوی گرانبەها و بەنرخی کەتماندۆی پایتەخت هەیە داگیری دەکرد و دواتر دەیکردە بازاڕ و مۆڵ و پرۆژەی نیشتەجێبوون.

تۆڕه‌كه‌ له‌ڕێی وه‌زیری داراییه‌وه‌، هه‌ڵده‌ستان به‌ گۆڕینی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان له‌ موڵكی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بۆ موڵكی به‌رپرس و منداڵه‌ به‌رپرسه‌كان واته‌ به‌بێ ماندوبوون ده‌بوونه‌ خاوه‌ن زه‌وی چه‌ندین ملیۆن دۆلاری.

پیشنو پراساد پاول، له‌ یه‌ك كاتدا چه‌ند پۆستێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو له‌وانه‌: وه‌زیری دارایی نیپاڵ، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، سكرتێری گشتی حیزبی شیوعی ماركسى نیپاڵ.

دوای هه‌ر بڕیارێكی حكومه‌ت ده‌هاته‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و پاساوی بۆ بڕیاره‌كه‌ ده‌هێنایه‌وه‌ كه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی و ژیانی خه‌ڵك و بۆ سود و گه‌نده‌ڵی تاقمی حوكمڕان بوو، بۆیه‌ بووه‌ "ڕه‌مزی ئابوریی گه‌نده‌ڵی" نیپاڵ.

كوڕ و منداڵه‌كانی وه‌زیری دارایی خاوه‌نی ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و خه‌ریكی سه‌فه‌ر بۆ وڵاتان بوون و وێنه‌كانیان له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داده‌نا.

ئەم رافتار و کردارانە رقێ گەنجانی نیپاڵیان ئاگردا بوو، بۆ رۆژێک دەگەڕان تۆڵەی خۆیان لە وەزیری دارایی وڵاتەکەیان بکەنەوە بکەنەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا گەنجانی نیپاڵ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەرییان دەستپێکرد و حکومەتی وڵاتەکەیان هەڵوەشاندەوە و سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەشیان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە و هەڵاتن کرد.