هەواڵ

بەنداوی تشرین … دووەم گەورەترین بەنداوی سوریا مەترسی هەرەسهێنانی هەیە

Mic
2025-01-29

هێرشی تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین لەگەڵ ئەوەی نزیکەی 400 هەزار خێزانی لە سوریا بێ کارەبا کردووە، مەترسی هەرەسهێنانیشی لەسەر بەنداوەکە دروستکردووە و هۆشداری لە زیانی مرۆیی فراوان لە ئەگەری داڕوخانی دەدرێت.

بەنداوی تشرین دووەم کە گەورەترین بەنداوی سوریایە دەکەوێتە باشوری کۆبانێ لە ڕۆژئاوی کوردستان و لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتە.
گروپە چەکدارە سورییەکانی نزیک لە تورکیا لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024ـەوە، بە پشتیوانی هێرشی درۆنی تورکیا هێرشێکی بەردەوامیان بۆ سەر بەنداوەکە دەستپێکردووە. 
هێرشە سەربازییەکان زیانێکی زۆری تەکنیکیان بە بەنداوەکە گەیاندووە و بەتەواوی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاوە و هەر شەش تۆرباینەکەی لە کار کەوتوون. 
بەوتەی بەرپرسانی کارگێڕی بەنداوی تشرین، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زیانیان بە بەربەستە کۆنکرێتە سەرەکییەکانی بەنداوەکە گەیاندووە و دزەکردنی ئاو لە لێوار و درزەکانەوە زیاتر بوون.
بەنداوی تشرین توانای عەمبارکردنی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، هێرشە سەربازییەکان و لەکارکەوتنی تۆرباینەکان ڕێگرن لە بەردانەوەی ئاوی تەواو، هەر بۆیە تا دێت گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە زیاتر دەبێت.
ئێستا هێرشە سەربازییەکان و گلدانەوەی ئاو مەترسییەکانی داڕوخانیان لەسەر بەنداوی تشرین زیاتر کردووە ،هەسەدە هۆشداری داوە ئەگەر بەنداوی تشرین بڕووخێت، کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا ڕودەدات و ژیانی سەدان هەزار کەس لەسەر بەنداوەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.

داڕوخانی بەنداوی تشرین، عێراق و سوریا دەخاتە مەترسییەوە
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێ لەسەر ڕوباری فورات دروستکراوە و یەکێکە لە شوێنە گرنگەکانی ژێرخانی سوریا و گرنگییەکی فرەلایەنەی هەیە.
بەنداوی تشرین کە یەکێک بووە لە گرنگترین سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی لە سوریا، بەڵام ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە زۆرینەی لەکارکەوتووە و گلدانەوەی ڕێژەی زۆری ئاویش مەترسییەکی گەورەی لەسەر دروستکردووە. 
بە داڕمانی بەنداوەکە سێ شەپۆلی بەرزبوونەوەی ئاو دروست دەبێت، شەپۆلی یەکەمیان کە بەهێزەکەیانە، بە درێژایی 150 کیلۆمەتر ئاستی ئاو بۆ حەوت مەتر بەرز دەبێتەوە، شەپۆلی دووەمیش بە درێژایی 400 کیلۆمتر ئاستی ئاوەکە بە بەرزایی پێنج مەتر بەرز دەبێتەوە، شەپۆلی سێیەمیش کە کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت ئاستی ئاوی ڕوباری فورات بۆ سێ مەتر بەرز دەبێتەوە.
ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا کە دەکەونە سەر ڕوباری فورات دەکەونە ژێر کاریگەری مەترسییە یەکەمەکانی داڕوخانەکەوە، دوای ئەوانیش ئەو شارانەی عێراق کە دەکەونە سەر ڕوباری فورات لە مەترسییەکان بەدورنابن. 
 کارگێڕی بەنداوی تشرین بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چەند ڕێکارێکی بەپەلەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەنداوەکە گرتوەتەبەر، بەڵام بۆ خستنەوەکاری بەنداوەکە پێویستە لەگەڵ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا چەند بەشێکی بەنداوەکە نۆژەند بکرێنەوە. 
سەرەکیترین ئەو بەشانەی کە پێویستە نۆژەند بکرێنەوە ئەو شەش تۆرباینەی بەرهەمهێنانی کارەبن کە ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە دەردەکەن، هەروەها دیواری ڕاگری بەنداوەکەش پێویستی بە چاککردنەوەی درز و زیانی بۆردومانەکان هەیە. 

تورکیا بۆچی ئێستا هێرش دەکاتە سەر بەنداوی تشرین؟
نزیکەی ساڵێکە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی نوێ سەربازی دژی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و ئامانجیەتی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەی شاری کۆبانێ داگیر بکەن، هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرینش هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەدان. 
هاوڵاتییانی کۆبانێ لەپێناو پاراستنی بەنداوی تشریندا قەڵخانی مرۆییان لە ناوچەکە دروستکردووە و بەهۆی هێرشی درۆنی تورکییەوە تا ئێستا چەندین هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. 
ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ''لە نزیکەوە چاودێری شەڕ و پێکدادانەکان دەکەین کە لە ناوچەی تشرین لە نێوان سوپای نیشتمانیی سوریا و پەکەکە / یەپەگە درێژەی هەیە. ڕێکخراوی تیرۆریستیی بە زۆرەملێ هاووڵاتیانی مەدەنی دەهێنێت بۆ ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکان و زانیاری نادروست بە ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی دەگەیەنێت و فریوی دەدات بەوەی گوایە هێرش کراوەتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی''.
ئوسامە عەلی کە توێژەرێکی سورییە لە سەنتەری عومران بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بە کەناڵی حورەی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، هێزە کوردییەکان لە ڕوانگەیەکی تەکنیکییەوە گرنگی بە فایلی بەنداوەکە دەدەن، بەو پێیەی هەرکەسێک "تشرین" کۆنتڕۆڵ بکات، ئاو و کارەبای ناوچەکە کۆنتڕۆڵ دەکات.
بە بڕوای ئەو توێژەرە، ئەگەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بگەنە بەنداوی تشرین، کاتێکی زۆریان نابێت بۆ گەیشتن بە کۆبانی و گەمارۆدانی.
هێرشە نوێیەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، هاوکاتی هاتنەوەی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا. 
چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی ترامپ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دڵخۆشکەر نەبوو، بە تایبەت دوای ئەوەی ساڵی 2019 بە بڕیاری ترامپ هێزەکانی ئەمەریکا لە بەشێکیباکوری سوریا کشانەوە. 
هەنگاوەکەی ئەمەریکا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ تورکیا کە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات و ناوچەکانی گرێسپی و سەرێکانی داگیر بکات. 
تورکیا لەگەڵ هاتنەوەی ترامپدا گرەو لەسەر دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆ دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی نەکردوەتەوە. 
ئەمەریکا و گروپە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە بە هاوپەیمانێکی سەرەکی دەزانن، بەڵام تا ئێستا هیچ دەستوەردانێکی سەربازییان نەبووە. 
فەرید سەعدون کە نوسەرێکی سورییە و لە نیشتەجێیە، بۆچوونی وایە،" ئەگەر پێویست بکات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕەکە بە قازانجی هێزەکانی هەسەدە یەکلایی دەکاتەوە".

بەنداوی تشرین 
ساڵی 1980 بەنداوی تشرین لە نێوان منبج و کۆبانێ لەسەر ڕوباری فورات دەست بە دروستکردنی کرا و ساڵی 1999 تەواو کرا، ساڵی 2013 بەنداوەکە کەوتە دەست رێکخراوی داعش، بەڵام لە 2015 شەڕڤانان کۆنترۆڵیان کردەوە.
بەنداوی تشرین کارەبای سنوری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، بەڵام توانای گشتی 600 مێگاوات بووە، بەوتەی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرینەوە زیاتر لە 400 هەزار خێزان بێ کارەبا بوون. 


More News

Most Popular

هەواڵ

دروزەکان نزیکن لەوەی کۆمەڵکوژ بکرێن

Mic
2025-07-15


دوو رۆژە هێرشی سوپای سوریا بۆسەر دروزەکان دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ ڤیدیۆی بە کۆمەڵکوشتنیان و دەستبردنی بۆ پیرۆزییەکانیان"سمێڵ تاشین" تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی، بۆ پاراستنی خۆیان و شوناسیان بە هەموو توانایانەوە رووبەڕووی سوپای سوریا بوونەتەوە.

دروزەکان کۆمەڵگەیەکی رەسەن و خاوەن بیروباوەڕێکی تایبەت بە خۆیانن و مەڵبەندی نیشتەجێبونیان پارێزگای سوەیدای سوریا و دەوروبەریەتی، دابونەریت و کلتورەکەیان، هەروەها شێوازی جلوبەرگ و سمێڵ و ریشیان، لە خەڵکی سوریایان جیادەکاتەوە.

لەساڵانی رابردوودا لەگەڵ ئەوەی پێکهاەیەکی رەسەنی سوریان، کەچی کەمتر لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی ناسراوبوون، بەڵام لەگەڵ کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، پرسی دروزەکان بوو بە باسی میدیاکان، بەتایبەت کاتێک دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعیان رەتکردەوە و رووبەڕوی چەکدارەکانی بوونەوە.

دروزەکان تائێستا توانیویانە پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری خۆیان بکەن لە سوریان دوای ئەسەد، ئەوان پێێان وایە ئەحمەد شەرع هیچ گۆڕانێک لە بیروبۆچونیدا رووینەداوە بەرامبەریان، بۆیە بە هەموو توانایانەوە پارێزگاری پێگە و دەسەڵاتی خۆیان دەکەن.

ئیسرائئیل لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد و هێرشەی گروپەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع بۆسەر دروزەکان، پشتیواننی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاند، ئەمڕۆیش، ئەمیچای چیکلی، وەزیری ڕاگەیاندن و کاروباری رەوەندی جوی ئیسرائیل رایگەیاند،  نابێت لە بەرانبەر تیرۆری ئیسلامی-نازیی ڕژێمی قاعیدەدا بێدەنگ بین یان بێ هەڵوێست بین و داوای لەناوبردنی ئەحمەد شەرعی کرد.

ئەم سوکایەتى و بێڕێزیانەى چەکدارانى شەرع دەیکەن، بەتاڵکردنەوەى هەموو ئەو بەڵێن و دروشمانەیە کە ئەحمەد شەرع بۆ سوریاى نوێى هۆنیوەتەوە، پێشمان دەڵێت کردەوەی چەکدارەکانی لەسەر زەوی، وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدات و ئایندەیەکی نادیار بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە سووریای نوێدا دەخاتەڕوو

لە ئێستادا دروزەکان شەڕی مان و نەمان دەکەن و بەتەواوی پڕچەکن و وەک هێزێک رووبەڕووی سوپاکەی ئەحمەد شەرع وەستاونەتەوە، سوپاکەی شەرعیش دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت ناوچەکانی درۆزەکان کۆنترۆڵ بکات و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەست ناپارێزێت.