کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش گۆڕانکاری لە هەڵوێستی "بەرەی مقاوەمە" دژی ئەمەریکا دەکات، سەرکردەیەکی ئەو گروپانە دەڵێت، ئێستا زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکان.
سەرهەڵدانەوەی داعش ترسی سەرەکییە، بەپێی ئاژانسێکی ئەمەریکی بەشێوەیەکی نافەرمی عێراق داوای درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی کردووە، بەڵام سودانی لە پاشەکشەکردن دەترسێت.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، کەوتنی بەشار ئەسەد لە سوریا وایکردووە لایەنە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراقی دراوسێدا بە داواکارییەکانیان بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا بچنەوە.
کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد کە هاوپەیمانی ئێران بوو لەلایەن هێزەکانی تەحریر شام کە سوننەن، بە بڕوای زۆرینە دەستی تارانی لە ناوچەکە کورت کردوەتەوە و ڕۆڵی گروپەچەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەی لە عێراق لاواز کردووە.
زۆرێک لە عێراق ترسیان هەیە داعش بتوانێت بە سود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەکان بگەڕێتەوە، بە تایبەت کە تا ئێستا دەسەڵاتی نوێ لە سوریا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وڵاتەکەدا نەچەسپاندووە و سوپای نشتمانیان پێکنەهێناوە.
یەکێک لە بەرپرسانی ئەو گروپە چەکدارانە بە ئاژانسەکەی وتووە،” بەهۆی ڕوداوەکانی سوریاوە، ئێستا زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق و نایانەوێت هێزەکانی ئەمریکا عێراق بەجێبهێڵن”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی گروپەکانی نزیک لە ئێران، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی ئەو بۆچوونانەن کە باس لە سیناریۆی گەڕانەوەی داعش دەکەن، ترسییان هەیە ئەگەر ئەمەریکا عێراق جێبهڵێت دۆخی ئەمنی عێراق هەرەس بهێنێت.
بەپێی ئەسۆشێتد پرێس دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕونیکردوەتەوە کە لە ئێستادا کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە بەرژوەندی عێراق نییە.
بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە ئاژانسەکەی ڕایگەیاندووە، "ئەو دەنگە بەرزانەی پێشتر باسیان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرد، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ هیچ کشانەوەیەک لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە ڕوونەدات”.
عێراق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا هیچ داواکارییەکەی فەرمی پێشکەش نەکردووە، بەڵام بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە دوای کەوتنی ئەسەد بەرپرسانی حکومەتی عێراق" بە شێوەیەکی نافەرمی لە بەرزترین ئاستەکاندا" داوای دواخستنی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق کردووە.
بۆچی عێراق لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەترسێت؟
ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دۆخێکی ڕاگوزەری لە سوریا دروستکردووە، هێزەکانی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەرقاڵی بونیادنانەوەی وڵاتەکە و دروستکردنەوەی دامەزراوەکانن.
ناسەقامگیرییەکانی سوریا و دۆخی ئاڵۆزی وڵاتەکە دڵەڕاوکێی بۆ عێراق و سەرجەم وڵاتانی دراوسێی سوریا دروستکردووە، ترسیان هەیە داعش هاوشێوەی 2014 بە سود وەرگرتن لە ئاڵۆزییەکان گەشە بکاتەوە و جموجوڵی سەربازی ئەنجام بدات.
بە بۆچوونی بەرپرسانی پێنتاگۆن ترس و نیگەرانییەکانی عێراق دروستن، هەرچەندە سەرهەڵدانەوەی داعش بە نزیک نییە، بەڵام تیرۆر دەتوانێت لە دۆخە ئاڵۆزەکاندا گەشە بکات.
ئەمەریکا و عێراق لەسەر کشانەوە ڕێککەوتوون
ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند تا لە مانگی ئەیلولی 2025 بەشێک لە هێزەکان عێراق جێبهێڵن.
کاتێک ڕێککەوتنەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق کرا، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ڕایانگەیاند، هەڕەشەکانی داعش لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستیان بە هاوکاری واشنتۆن نییە بۆ لێدانی ئەو شانانەی کە ماونەتەوە.
گروپە چەکدارەکانی عێراق پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا هەبووە، هەمان گروپەکان هەندێکجار هێرشیان کردووەتە سەریان و لە هەندێک کاتی دیکەشدا بوونەتە هاوپەیمانیان بۆ ئاسانکاری لە شەڕێکدا دژی دوژمنێکی هاوبەش.
دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، لایەنە سیاسی و سەربازییەکانی نزیک لە ئێران بەرزترین دەنگی عێراق بوون کە داوای چونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکایان دەکرد.
ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران بە تایبەت لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هۆکاری سەرەکی ئەو داواکارییانە بوون کە داوای چوونە دەرەوەی ئەو هێزانەیان دەکرد.
عێراقییەکان هاوشێوەی بەشێکی زۆری جیهانی عەرەبی پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ ئیسرائیل ڕەتدەکردەوە و بە کارێکی ناپەسەند وەسفیان دەکردن.
سودانی نایەوێت پاشەکشە بکات
تا ئێستا عێراق بە فەرمی هیچ زانیاری و هەڵوێستێکی بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق دەرنەبڕیووە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە دوایین لێدوانیدا ڕاگەیاندووە، "خشتەی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەگۆڕاوە" و کۆبوونەوەکانی نێوان عێراق و بەرپرسانی هاوپەیمانی بەردەوامن.
عێراق بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێویستی بە نوسراوی فەرمی هەیە، بەڵام زۆرینە هاوڕای ئەو بۆچوونەن کە محەمەد شیاع سودانی ئامادە نابێت ئەو داواکارییە پێشکەش بکات.
سودانی ترسی هەیە بە پێشکەشکردنی داواکارییەکی لەو شێوەیە، لەلایەن لایەنە ڕکابەرەکانییەوە وەک پاشکەشە لێکبدرێتەوە و دژی بەکاربهێنرێتەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە عێراق
ساڵی 2014 دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر عێراق و بەشێکی خاکەکەی داگیرکرد، ئەمەریکا هێزی زیاتری ڕەوانەی عێراق کرد، بەڵام دوای نەمانی داعش بەشێک لە هێزە عێراقییەکان داوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکایان بەزر کردەوە.
بەپێی ئەو هاوپەیمانێتیەی کە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش لە ساڵی 2014 لە عێراق و سوریا پێکهێنرا، ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیی لە سوریادا هەیە.
لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران چەند جارێک پرسی کشانەوەی ئەمەریکایان لە عێراق وروژاندووە، ساڵی 2020 دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریکاوە لە بەغداد، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداتا کۆتایی 2020 ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.
لەم خولەی پەرلەمانیشدا تەنها یەک دانیشتن لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بەڕیوەچوو، بەڵام ڕێژەی یاسایی بۆ دەرکردنی بڕیارەکە تەواو نەکرا چونکە کورد و سونەکان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
ئۆجەلان بانگەواز دەکات بۆ ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەوڵەتی تورکیا پرۆسەکە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەناسێنێت، پرۆسەکە بە هەر ناوێک بناسرێت، بەڵام لەم هەنگاوەدا کورد چ دەستکەوتێک بەدەستدەهێنێت و چی لەدەست دەدات؟
یەکەم گروپی 40 چەکداریی،چەکەکانیان لە ناوچەیەکی شاری سلێمانی دانا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.
بەپێی پێدوانەکانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لە گەریلاکانی پەکەکە وەردەگیرێنەوە، ناهێڵن بکەوێتە دەستی هیچ هێزێکی دیکە و دەسوتنێرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بە روونی ئاماژە بەوەدەکات کە ئیتر سەردەمی خەباتی چەکداریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە بۆ کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و تورکیا بەتایبەتی دەتوانێت ئایندەیەکی رۆشنتر و گەشتری هەبێت دوور لە پێکدادانی چەکداریی و رشتنی خوێنی یەکتریی.
لە پەیامێکی 40 لاپەڕەیی ئۆجەلاندا، کە رۆژی (27ی شوباتی 2025) لە کۆنگرەی پەکەکە خوێندرایەوە، رێبەری پەکەکە بۆ قۆناغی داهاتوو پابەندبوونی تورکیا بە بنەما دیموکراتییەکان و رێگەدان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات، بە گرەنتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەزانێت.
کۆنگرەی 12ی پەکەکە، بە کۆی دەنگ پرۆژەکەی ئۆجەلانی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنە چەکدارییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دانانی چەک و بوار بەخشین بە سیاسەت و پرۆسەی دیموکراتی کە گرفتەکان چارەسەر بکەن.
موراد قەرەیلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتەکە لە کۆنگرەی گشتییدا بەشدارییانکرد و گروپێکی دیکە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی راستەوخۆ لە شوێنێکی دیکەوە بەشدارییانکرد و وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان دایەوە.
کۆنگرەی 12 لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پارتەکەمان لە سەرەتای 'پرۆسەی نوێی هەڵوەشاندنەوە'دایە و لە داهاتوودا لەڕێگەی چەند گروپێکەوە دەستدەکات بە دانانی چەک، بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ئۆجەلان.
هەروەها ئۆجەلان رۆژی 9ی تەموز، بۆیەکەمجار پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ زیندانیکراوەکانی خۆیدا بانگەوازی ئاڕاستەی ئەندامانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کرد کە پلان و پرۆژەی ئاشتی وەکو خۆی جێبەجێ بکەن.
لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.
بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1984 دامەزرا، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارەتەکە کە لە ساڵی 1999 لە کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی میتی تورکیا دەستگیرکرا و هێنرایەوە بۆ تورکیا و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
بەڵام پرۆژە نوێیەکەی ئۆجەلان زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا سازکرد.
چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.
یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.
هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.
کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.
لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.
نەمانی کەیسی تیرۆر
دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبوو، بەهۆی بوونی گروپێکی تیرۆری نێودەوڵەتی بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.
زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.
کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.
لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.
لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.
کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.
هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.
هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان پاکتاوبکرێت.
باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.
لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.